کاروان جه‌مال تاهیر نوێنه‌ری هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا پێشوازی له‌ مامۆستا عه‌لی باپیر سه‌رۆکی کۆمه‌ڵی دادگه‌ری کوردستان کرد

له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ به‌ریتانیا، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵی دادگه‌ری کوردستان و شاندی یاوه‌ری سه‌ردانی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیان کردو له‌لایه‌ن نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا و تیمی نوێنه‌رایه‌تی پێشوازی گه‌رمیان لێکرا

له‌دیدارێکدا که‌ مامۆستا سامان ساڵح ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی و د.ئیبراهیم محمد ڕاوێژکاری سه‌رۆکی کۆمه‌ڵی دادگه‌ری و خه‌سره‌و ئاژگه‌یی به‌ڕێوەبه‌ری به‌شی سیاسی و میدیا و جه‌لال شوانی لە به‌شی کونسوڵگه‌ری نوێنه‌رایه‌تی ئاماده‌بوون، سەرەتا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان کرد بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەی پارتەکەیان و ئه‌نجامدانی گۆڕانکاری له‌پێکهاته‌ و ناوی پارته‌که‌یان و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواستن. دواتر کورتەیەکی لەسەر نوێنەرایەتی و سروشتی کارەکانی پێشکەش کرد، کە بریتین لەسەر ئیدامەدان و بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ پەرلەمان و حکومەتی بەریتانیا و دامەزراوە هزریەکانی ئەو ووڵاتە، هاوکات پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کونسوڵگەری بۆ ڕەوەندی کوردستانی. ئاماژەشی بەوەدا کەوا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم پەیوەندیەکی دۆستانه‌ی هەیە لەگەڵ نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی و ڕەوەندی کوردی لە بەریتانیا و بە بەردەوامی لە پەیوەندی و ڕا ئاڵوگۆڕکردن دایە لەگەڵیان بە ئامانجی خزمەتکردنی زیاتری هاونیشتیمانیان و پرسە کوردستانیەکان.

کاروان جمال تاهیر هەروەها ووتی:

“تاڕاده‌یه‌کی باش توانیومانە تەبایی لەناو ڕەوەندی کوردستانی دروست بکەین ئه‌ویش بە یەکسانی مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو لایەك و دوور له‌ په‌یوه‌ستداری سیاسی، به‌و ئامانجه‌ی هه‌موان نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌ت به‌ ماڵی خۆیان بزانن”

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند که‌ نوێنه‌رایه‌تی به‌ تێڕوانین و له‌سه‌ر کارنامه‌ی حکومەتی هه‌رێم کاردەکات بەمەبەستی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین پشتگیری بۆ کوردستان و پرسە ڕەواکانی، لەو سۆنگۆیەشەوە چەندین جار لەگەڵ نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و ڕەوەندی کوردستانی کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی کار لەسەر دروستکردنی یەك هەڵوێستی بکەین و کێشەکانی کوردستان نەگوازینەوە بەریتانیا.”

لای خۆیه‌وه‌، جه‌نابی مامۆستا علی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی نوێنەرایەتی حکومەتی کرد و ئاماژەی بەوەدا کەوا ئەو نوێنەرایەتیە توانیویەتی دڵی ڕەوەندی کوردستانی لە بەریتانیا ڕازی بکات و بە باشترین شێوە خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش بکات، ووتیشی:

“هەمووی ئەوانەی من بینیومن بە باشە باسی نوێنەرایەتی حکومەت دەکەن و ڕازین لە شێوازی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاووڵاتیانی خۆمان. هیوادارم سوود لەو نموونەیەی ئێوە وەربگیردرێت و لە شوێنەکانی تریش پەیرەو بکرێت کە بەبێ جیاوازیەوە خزمەتی خەڵکی خۆمان دەکەن. ئێوە نوێنەری ڕاستەقینەی کوردستانن.”

مامۆستا علی باپیر هەروەها تیشکی خستە سەر بارودۆخی هەرێم و بە هەستیاری وەسفکرد. ووتیشی ناکرێت ئێمەی کورد ئەو هەموو دوژمنانەمان هەبێت و لەناو خۆشماندا تەبا نەبین. دەبێت ئەو قەوارەیە بە هی خۆمان بزانین. باسی لەوەشکرد کە هەرچەندە کەم و کوڕیەکان لە ئیدارەدانی کوردستان گەلێک زۆرن، بەڵام پێویستە بەردەوام بین لە دەست خستنە سەر هەڵەکان و کەمتەرخەمیەکان بەمەبەستی چارەسەرکردنیان. ووتیشی:

“ئێمە ئۆپۆزسیۆنین و دەستنیشانی کەم و کوڕییەکان دەکەین، بەڵام نابێت دوژمنایەتی کەسەکان بکەین، وە دەبێت عەیبەکان دیاری بکەین، نەوەك حکومەت عەیبدار بکەین” ئۆپۆزسیۆنیش دەبێت داواکانیان حەق بێت و بە باشترین شێوازیش بیگەیەنن، نەوەك بە ڕێگە ناشارستانیەکان. هاوکات ڕایگه‌یاند که‌ نابێت ئۆپۆزسیۆن ناحەقانە هانی خەڵك بدەن و سەقفی داواکاریەکانیان زۆر بەرز بکەنەوە کە بەهیچ کەس و لایەنێك جێبەجێ نەکرێت. پێویستە ڕەخنەکان گونجاوو دروستکه‌ربن و شوێنی خۆیان بگرن.” ووتیشی هیوادارین حکومەتیش ئێمە بە دوژمنی خۆی نەزانێت.

ته‌وه‌رێکی تری باسه‌کان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ مێژوویه‌کانی ووڵاتی به‌ریتانیا و هه‌رێمی کوردستان بوون که‌ هه‌ردوولا کۆکبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ به‌ریتانیا ده‌توانێت زیاتر هاوکاری پشتیوانی پرۆسه‌ی سیاسی بێت له‌ عێراقی فیدڕاڵ و هه‌رێمی کوردستان.

نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم

له‌نده‌ن

٣ حوزەیران ٢٠٢١