کاروان جمال تاهیر لەگەڵ وەزیری کاروباری ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست لە حکومەتی بەریتانیا کۆبووەوە

بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لە دکتۆر ئەندرو موریسن بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەك وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقیا لە حکومەتی بەریتانیا، بەڕێز کاروان جەمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا سەردانی وەزارەتی دەرەوەی کرد و دیدارێکی لەگەڵ ناوبراو سازکرد.

لە دیدارەکەدا چەندین تەوەری جیا سەبارەت بە پەیوەندیە دوو قۆڵیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و چۆنیەتی بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندیانە تاوتوێکران. نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا سوپاسی حکومەتی بەریتانیای کرد بۆ پشتگیری بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان و داوای پشتیوانی به‌ریتانیای کرد بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌تی له‌م قۆناغه‌ گونجاوه‌ له‌باره‌ بۆ چارەسەرکردنی پرسی ناوچه‌ کێشە له‌سه‌ره‌کان نێوان هەولێر و بەغدا. ووتیشی کەوا سەردەمێکی نوێی پەیوەندیەکان لە نێوان هەردوولادا هاتۆتە پێش و کاتی ئەوە هاتووە بە پشت بەستن بە دەستوری عیراقی فیدڕاڵ تەواوی گرفت و پرسەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێن. ووتیشی”جێبەجێکردنی دەستوری عیراق دەبێت لە ئەولەویاتی هەنگاوەکان بێت بە ئاڕاستەی وەدەستهێنانی ئامانجە دوور خایەنەکانی تایبەت بە سەقامگیری سیاسی لە عیراق.”

لە لای خۆیەوە دکتۆر ئەندرو موریسن وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقیا باسی لە پێشکەوتنە پۆزەتیڤەکانی ئەم دواییانەی پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد، ووتیشی: ” یەکێك لە هۆکارەکان یەکپارجەیی خاکی عیراق و بە پراکتیزەکردنی سیستەمی فیدڕالیە لە عیراق بە پشت بەستن بە دەستوری ئەو ووڵاتە. ئێمە بەردەوام دەبین لە مامەڵەکردن لەگەڵ عیراق وەك یەک قەوارە هەر چۆن لە دەستوردا هاتووە، وە بەردەوامیش دەبین لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز وەك بەشێك لەو قەوارەیە.”

هەردوولا جەختیان کردەوە لەسەر گرینگی بەهێزکردنی پەیوەندیە ئابورییەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و چالاککردنه‌وه‌ی به‌شی ئابووری له‌ کونسوڵگه‌ری گشتی به‌ریتانیا، لەو سۆنگۆیەشەوە وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا پابەندبوونی ووڵاتەکەی بە زیادکردنی کۆمەکی دارایی دامەزراوەی ئابوری و هەناردەکردنی بەریتانیا UK Export and Finance کردەوە بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گەشەپێدانی ئابوری هەردوولا. ووتیشی: ” ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ پشتگیرکردن لە ئابوری هەرێم و گەشەپیدانی.”