نوێنەری حکومەتی هەرێم پێشوازی لە جێگری سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقی فیدڕاڵ دەکات

لە نووسینگەی نوێنەرایەتی کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا پێشوازیکرد لە شاندێکی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقی فیدڕاڵ به‌سه‌رۆکایه‌تی به‌ڕێز دکتۆر بەشیر خلیل حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئه‌ندامێتی به‌ڕێزان دکتۆر احمد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق و شاندی یاوەریان.

لە دیدارێکدا باس لە دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوخۆیی عیراق، پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دوایین پەرەسەندنەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی شاندی پەرلەمانی عیراقی فیدڕاڵ، کورتەیەکیشی لەسەر ئه‌رک و کار و چالاکیەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا باسکرد. ئاماژەی بەوەدا کەوا نوێنەرایەتی حکومەت کار لەسەر بەهێزکردنی پردی پەیوەندیەکان لەگەڵ ووڵاتی به‌ریتانیا ده‌کات له‌سه‌ر  ئاسته‌کانی سیاسی و ئابووری و که‌لتوری و ڕۆشنبیری ، هاوکات کارده‌کات بۆ پارێزگاریکردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی هاووڵاتیانی ڕەوەندی کوردستانی، له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ تیشکخرایه‌ سه‌ر ئه‌و ئاسته‌نگیانه‌ی که‌ ڕووبه‌ڕووی هاووڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان ده‌بنه‌وه‌ و بیروڕا ئاڵووگۆڕکرا سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی چاره‌سه‌رکردنیان و هه‌ماهه‌نگی نێوان نوێنه‌رایه‌تی و باڵێۆزخانه‌ی عێراقی فیدڕاڵ له‌و ڕووه‌وه‌، لە لایەکی ترەوە نوێنەری حکومەتی هەرێم ستایشی ڕۆڵی کارای پەرلەمانتارانی کوردی کرد لە بەغدا لە داکۆکیکردنیان لە مافەکانی گەلی کورد، وە جەختی لەسەر  گرینگی یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی لیستە کوردستانیەکانی نێو پەرلەمانی عیراق کردەوە بەمەبەستی جێگیرکردنی ئەو مافانە هەروەك لە دەستوری هەمیشەیی ووڵاتدا هاتووە.

لە لای خۆیەوە دکتۆر بەشیر خلیل حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق دەستخۆشی لە نوێنەرایەتی حکومەت کرد بۆ ئەو هەموو خزمەتەی کە بە هەرێمی کوردستان و ڕەوەندی کوردستانی دەگەیەنن، ووتیشی بوونی نوێنەرایەتی بەو کاراییە کاریگەری لەسەر بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و  بەریتانیا دەکات. هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراقی فیدڕاڵ ئاماژەی بەوەدا کەوا هەماهەنگیەك و یەكدەنگیەکی باش لە نێوان لیستە کوردستانیەکان لە پەرلەمانی عیراقدا هەیە و کاریگەرییەکی باشیشی لەسەر داکۆکیکردن لەسەر مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، هاوکات خۆشحاڵی خۆی پیشاندا له‌بوونی هه‌ماهه‌نگییه‌کی باش و دۆستانه‌ له‌نێوان نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم و باڵێۆزخانه‌ی عێراقی فیدڕاڵ و ڕایگه‌یاند که‌ به‌پێی مادده‌کانی ده‌ستوور هه‌وڵئه‌ده‌ن ئه‌و هه‌ماهه‌نگییانه‌ به‌ په‌یڕه‌و بچه‌سپێنن.

هەر لە درێژەی دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆڵ و تێڕوانینی به‌ریتانیا له‌سه‌ر ته‌واوی پرس و بابه‌ته‌کان کران.

لە کۆتایی دیدارەکەشدا دکتۆر بەشیر خلیل حەداد لۆگۆیەکی پەرلەمانی عیراقی وەك دیاری پێشکەش بە نوێنە‌رایه‌تی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، لە بەرامبەریشدا کاروان جمال تاهیر پەرتوکی “هێڵێك لە بیاباندا” کە لەلایەن مێژوونووسی بەناوبانگی بەریتانیا جەیمس باڕ نوسراوەتەوە کە باس لە چۆنیەتی دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا دەکات پێشکەش بە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و شاندی یاوەری کرد .