ڕێنمایی بۆ ئه‌وهاووڵاتیه‌ به‌ڕێزانه‌ی که‌ له‌ به‌ریتانیان و فه‌رمانبه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمن و له‌ مۆڵه‌تدان و ده‌یانه‌وێت مۆڵه‌ته‌که‌یان درێژبکه‌نه‌وه‌ .

ئاگاداری ئەو هاووڵاتیە بەڕێزانە دەکەینەوە کە فەرمانبەری حکومەتی هەرێمی کوردستانن، وە بە هەر هۆکارێك ئێستا لە بەریتانیا نیشته‌جێن و دەیانەوێت مۆڵەتەکانیان درێژ بکەنەوە یاخود مۆڵەتی تازە وەبگرن.
بە پێی ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێت ئەو فەرمانبەرانە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و لە فەرمانگەکانیان دەست بەکار ببنەوە ، ئینجا جارێکی تر داوای درێژکردنەوەی مۆڵەتەکانیان بکەن.
تەنها لە حاڵەتی بوونی نەخۆشی و هەندێك بارودۆخی تایبەتدا فەرمانبەری حکومەت دەتوانێت لە ڕێگای نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیاوە داواکەی پێشکەش بکات. لەم حاڵەتەشدا داواکار پێویستە ئه‌م ڕێنماییانه‌ی خوارەوە جێبه‌جێ بکات:
• پێشکەشکردنی داواکارییەك بە واژووکراوی بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا کە تێیدا داوای درێژکردنەوەی مۆڵەتەکەی بکات و بە ڕوونی هۆکارەکان باس بکات کە بۆچی ناتوانێت بچێتەوە کوردستان
• پێویستە ناوی تەواو و ناونیشانی فەرمانبەرییەتی و ناوی فەرمانگە و وەزارەتەکەی بنوسێت.
• دەبێت ئاماژە بەوە بدات کە لە ئێستادا چ جۆرە مۆڵەتێکی هەیە و ماوەکەی دیاری بکات و کەی تەواو دەبێت، هاوکات بنوسێت داوای چەند مۆڵەتی تر دەکات.
• لە حاڵەتی بوونی نەخۆشی یان منداڵ بوون، پێویستە داواکار ڕاپۆڕتی پزیشکی و بەڵگەنامەی لەدایکبوونی منداڵی تەسدیقکراو لە بەشی یاسایی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەگەڵ تەرجەمەی ڕاپۆڕتەکە پێشکەش بکات.
• بۆ تەسدیقکردنی بەڵگەنامەکانتان لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، تکایە سەردانی ئەو گرتەیە بکەن:
https://www.gov.uk/get-document-legalised
• تکایە بەڵگەنامەکانتان لە ڕێگای پۆستی تۆمارکراو بۆ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بنێرن، وە لەگەڵیدا زەرفێکی پۆستی تۆمارکراو بە ناونیشانی خۆتان بە بەتاڵی بنێرن بۆ ئەوەی لە دوای تەسدیقکردنی دۆکیومەنتەکانتان بۆتان ڕەوانە بکەنەوە.
• پێویستە داواکار کۆپی پێناسەیەکی عیراقی لەگەڵ داواکەی بنێرێت
• لە پاش گەیشتنی ئەو داواکاریانە بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە نوسراوی فەرمی بۆ فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە ڕەوانە دەکرێت بۆ ئەوەی لەوێشەوە ئاڕاستەی وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان بکرێت
• هاووڵاتی پێویست ناکات خۆی بەدوای مامەڵەکەیدا بچێت، بەڵکو وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر داواکاریەکەی بە شێوەیەکی فەرمی بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم دەنێردرێتەوە، ئێمەش هاووڵاتیەکەی لێ ئاگادار دەکەینەوە.
تکایە داواکاری و بەڵگەنامەکانتان لە ریگای پۆستی تۆمارکراو بۆ ناونیشانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکەن، وە زەرفێکی تۆمارکراوی بەتاڵ بنێرن ئەگەر ویستتان دۆکیومەنتەکانتان بۆ بنێرینەوە:
ناونیشان:
2 Hobart Place, Belgravia, London, SW1W 0HU
تێبینی زۆر گرینگ ///
ئه‌و داواکاری و دۆکۆمێنتانه‌ی به‌ سکرین شۆت و شێوازی تری نه‌گونجاو ڕه‌وانه‌ی نووێنه‌رایه‌تی حکومه‌ت ده‌کرێت کاری پێناکرێت و داواکارییه‌که‌ پرۆسێش ناکرێت، بۆیه‌ زۆر گرینگه‌ دۆکۆمێنته‌کانتان به‌دروستی پێشکه‌ش بکه‌ن.
ئه‌وداواکاریانه‌ی که‌موکورتی هه‌بێت و دۆکۆمێنته‌کان ڕاستاندنی بۆ نه‌کرابێت و به‌پێی ڕێنماییه‌کانی سه‌ره‌ نه‌بن، به‌ هه‌مانشێوه‌ پرۆسێس ناکرێن.
بۆ زانیاری زیاتر تکایە پەیوەندی بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بکەن لە ڕێگای ژمارە تەلەفۆنی ٠٢٠٣٩٢٧٩٨٧٠، یان ئیمێڵ بکەن بۆ uk@gov.krd
لەندەن
٤/١٢/٢٠٢٠