وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفال لەگەڵ وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەبێتەوە

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوو لە محمود حاجی ساڵح وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفال و کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا و دکتۆر سامی جلال بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوەخۆ دیدارێکیان لەگەڵ ئەلیستەر بێرت وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سازکرد.

لەو دیدارەدا وەزیری شەهیدان و  کاروباری ئەنفال کورتەیەکی دەربارەی دوایین پێشهاتە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی پێشکەش بە وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە حکومەتی بەریتانیا کرد و تیشکی خستە سەر پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەتی لە دوای دامەزراندنی حکومەتی نوێی عیراق، ووتیشی تێگەیشتنێکی باش لە نێوان هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی دروستبووە و هیواداریشین تەواوی پرس و کێشەکان چارەسەر بکرێن.

هەر لە دیدارەکەدا ناوبراو تیشکی خستە سەر هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم بۆ وەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ کوردانی ئێزیدی و دادگاییکردنی تاوانباری داعش ئەوانەی کەوا تاوانە دڕندانەکانیان لە دژی خوشك و برا ئێزیدیەکانمان ئەنجامداوە. ووتیشی: ” سوپاسی هەوڵ و کۆششەکانی بەریتانیا دەکەین کە خاوەنی دەستپێشخەری بووە بۆ دەرکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە  ٢٣٧٩ بۆ دروستکردنی لیژنەیەکی تایبەت بە گەڕان بەدوای بەڵگەکانی تاوانەکانی داعش. هیوادارین لە بەریتانیا بەهەمان شێوە کار لە سەر زیاتر ئەکتیڤکردنی کارەکانی ئەو لیژنەیە بکات بۆ ئەوەی بەڵگەکان لەدەست نەچن و سوودیان لێوەبگیردرێت لە کاتی تۆمەتبار کردن و دادگاییکردنی تیررۆریستانی داعش. “

وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفال هاوکات داوای لە حکومەتی بەریتانیا کرد بەردەوام بێت لە پێشكەشکردنی هاریکاری بۆ هەرێمی کوردستان کە تائێستاش زیاتر لە ١.٢ ملیۆن پەنابەر و ئاوارە لەئامێز دەگرێت و پێویستیان بە هاریکاری ڕۆژانەی بەردەوام هەیە.

لەلای خۆیەوە ئەلیستەر بێرت وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆشحاڵی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ شاندەکەی هەرێم دەربڕی و ووتی ئێمە ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان دەکەین لە شەڕ لە دژی داعش و پێشکەشکردنی هاریکاری بۆ پەنابەر و ئاوارەکان. ووتیشی کەوا ئەوان ئاگاداری هەموو تاوانەکانن کە داعش دەرهەق بە ئێزیدی و کەمینەکانی تر ئەنجامیداوە، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ووڵاتەکەی بەردەوام دەبێت  لە کارکردن بۆ ئەوەی تاوانباران دادگایی بکرێن و دادپەروەری بۆ قوربانیان و کەس و کاریان بێنیینە دی.  ئاماژەی بەوەشدا کەوا پێویستە بەغدا و هەولێر هەماهەنگی باش لەگەڵ لیژنەکە بکەن بۆ سەرخستنی کارەکانی.  لە هەمانکاتدا تەئکیدی ئەوەی کردەوە کە ووڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاریکاری بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان و ووڵاتەکەی ژمارەیەك پڕۆگرامی تایبەتی بەو بابەتە هەیە.
هاوکات خۆشحاڵی خۆی بە باشتربوونی پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەربڕی و ووتی پێویستە جیاوازیەکان بەلاوە بنرێن بۆ ئەوەی دووبارە هیوا و ئاوات لای هاووڵاتیانی عیراق دروستبکەینەوە. هەر لەکۆبوونەوەکەدا شاندی حکومەتی هەرێم داوایان لە بەریتانیا کرد ڕۆڵی زیاتر ببینێت لە سەقامگیرکردنەوەی بارودۆخی ئەمنی ئەو ناوچانەی کە لە دەستی داعش ڕزگارکراون بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانیان و بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی هاریکاری بۆ ئەو ئاوارە و پەنابەرانە