نوێنەری حکومەتی هەرێم سوپاس و ده‌ستخۆشی له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و ئه‌ندامانی گروپی Kurduk-Coronavirus دەکات

کاروان جمال تاهیر نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا به‌ نوسراوێکی فه‌رمی ده‌ستخۆشی له‌ گروپی Kurduk-Coronavirus  ده‌کات که‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌که‌یه‌ت.
به‌ناوی خۆم و نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا ده‌مه‌وێت ئه‌وپه‌ڕی ده‌ستخۆشیتان لێبکه‌م بۆ دامه‌زراندنی گروپێکی هاوکاری و ئامۆژگاری خۆبه‌خشی له‌و جۆره‌  که‌ ژماره‌یه‌ک دکتۆری به‌ڕێز و که‌سایه‌تی و هاونیشتمانیانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی وێڕای ئه‌رک و کاری خۆیان خۆبه‌خشانه‌  کاری تێدا ده‌كه‌ن.
جێگه‌ی خۆشحاڵیمانه‌ که‌ ده‌بینین ئه‌م گروپه‌ له‌م دۆخه‌ بێوێنه‌یه‌ی جیهانی تێکه‌وتووه‌ به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای کۆڕۆنا داده‌مزرێت که‌ هه‌ڵقوڵاوی به‌رپرسیارێتی نیشتمانی و مرۆڤایه‌تییه‌ و شایه‌نی پێزانینه‌، بۆیه‌ به‌ناوی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم سوپاس و پێزانینی خۆمانتان ئاراسته‌ ده‌که‌ین.
به‌دڵنیاییه‌وه‌ گروپه‌که‌تان له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ ڕۆڵی گرینگی بینیوه‌ له‌ خزمه‌تکردن و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونی هاونیشتمانیانی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانی دانیشتووی له‌نده‌ن، هاکات دابینکردنی پێداویستی و له‌هه‌مووشی گرینگتر پێدانی ئامۆژگاری و ڕێنمایی ته‌ندرووستی پێویست له‌لایه‌ن دکتۆره‌ به‌ڕێزه‌کان بۆ خۆپارێزی له‌ په‌تای کۆڕۆنا.
ڕاسته‌ په‌تای کۆڕۆنا دوژمنێکی به‌هێزی مرۆڤایه‌تییه‌ و کاریگه‌رییه‌کانی بۆته‌ هۆی قوربانی گه‌وره‌، به‌ڵام ده‌رئه‌‌نجام مرۆڤ به‌هێزتره‌و به‌ هه‌وڵ و شه‌ونوخنی زانایان و مرۆڤ دۆستان و خۆبه‌خشانی به‌ئه‌مه‌کی وه‌ک به‌ڕێزتان هه‌موو پێکه‌وه‌ به‌یه‌کده‌نگی و هه‌وڵی به‌کۆمه‌ڵ زاڵده‌بین به‌سه‌ر ئه‌م په‌تایه‌دا.
دووباره‌ سوپاس و پێزانینمان بۆ ئه‌م هه‌نگاو و ڕۆڵه‌تان ده‌رده‌بڕین و دڵنیاتان ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا پاڵپشتتان ده‌بێت له‌ هه‌ر پێداویستییه‌ک بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌رک و کاره‌کانتان.
هیوای سه‌رکه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم


له‌گه‌ڵ ڕێزماندا

کاروان جمال تاهیر

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە بەریتانیا

٣٠ ی نیسانی ٢٠٢٠