نوێنەری حکومەتی هەرێم چاوی بە کونسوڵی گشتی تازەی دەستنیشانکراوی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان دەکەوێت

بەبۆنەی دەسستنیشانکردنی وەك کونسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا چاوی کەوت بە دەیڤید هەنت کونسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا پیرۆزبایی لە ناوبراو کرد بە بۆنەی وەرگرتنی ئەو پۆستە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست و ئامادەباشی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە بەریتانیا بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگیەك دووپات کردەوە. هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی پەیوەندیە دوو قۆڵیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرد لە هەموو بوارەکانەوە، وە جەختیان لەسەر گرینگی کاری هاوبەشی نێوان هەردوولا کردەوە بەمەبەستی بەهێزترکردنی ئەو پەیوەندیانە.

دەیڤید هەنت کونسوڵی گشتی تازەی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان تەئکیدی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا ئامانجی سەرەکی گەشەدانە بە پەیوەندیە بەهێزەکانی نیوان هەولێر و لەندەن لە هەموو بوارەکاندا، لەو سۆنگۆیەشەوە ئامادەباشی خۆی بۆ هەموو جۆرە هەماهەنگیەك لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا دووپات کردەوە.

شایانی باسە دەیڤید هەنت ماوه‌ی ٢٠ ساڵه‌ دیپلۆماتکارە و به‌رپرسیارێتی جیاجیای بینیوه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا و خاوه‌نی ئه‌زمونێکی زۆره‌، پێشتر باڵیۆزی ووڵاتەکەی بووە لە کۆماری لیتوانیا و جێگری نێرده‌ی هه‌میشه‌یی له‌ ووڵاتی کرواتیا و هەروەها ئه‌ندامی تیمی دانوستانکار بوو لە دۆسیەی مافی هاووڵاتیە بەریتانیاکان لە ووڵاتە ئەوڕوپیەکان لە پڕۆسەی دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا  (برێکزیت) و پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانبکرێت وه‌ک کونسوڵی گشتی نوێی شانشینی به‌ریتانیا و ئێرله‌ندای باکور، جێگری سه‌رۆکی یه‌که‌ی ناکۆکییه‌کان بووه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا.

لەندەن

١٧/٥/٢٠٢١