نوێنەری حکومەتی هەرێم پێشوازی لە هەردوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکات

کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە نووسینگەی نوێنەرایەتی لە لەندەن پێشوازیکرد لە ئالان حمە سەعید وەزیری پەروەردە و ئارام محمد قادر ئەمین وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەریان کە بە سەردانێکی فەرمی لە بەریتانیان بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی جیهانی پەروەردە کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ و بە بەشداری نوێنەرانی ١٢٥ ووڵات  لە شاری لەندەن بەڕێوەچوو.

لە دانیشتنەکەدا گفتوگۆ دەربارەی چالاکیەکانی کۆڕبەندی ناوبراو و ئەو دیدار و کۆبوونەوانەی کە هەردوو شاندەکە لەگەڵ لایەنی بەریتانیا و جیهانیەکان ئەنجامیاندا بۆ دروستکردن و بەهێزترکردنی پەیوەندیەکان لەگەڵ وەزارەتەکانی پەروەردەی ووڵاتان و ڕێکخراوە پەروەردەییە جیهانییەکان بەمەبەستی سود وەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی بواری پەروەردە لە جیهاندا و بەرەوپێشبردنی بواری پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان.

هەر لە دیدارەکەدا کاروان جمال تاهیر دووپاتی کردەوە کەوا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ئامادەی هەموو جۆرە هاریکاری و هەماهەنگیەكە لە گەڵ هەردوو وەزارەتدا بەمەبەستی دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان هەرێمی کوردستان و دام و دەزگا پەروەردەییکان و خوێندنی باڵا و زانکۆکان و ڕێکخراوەکانی ئەو بوارە لە بەریتانیا و جیهان.

لە لای خۆیانەوە هەردوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان سوپاسی هاریکاریەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمیان کرد و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە لە هەماهەنگیدا بەردەوام دەبن لەگەڵ نوێنەرایەتی بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سیستەمی پەروەردە لە بەریتانیا