نوێنەری حکومەتی هەرێم پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە عیراق کرد

کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی دەستنیشانکراوی بەریتانیا لە کۆماری عیراقی فیدڕاڵ ستیڤن هیکی کرد.

نوێنەری حکومەتی هەرێم سەرەتا پیرۆزبایی لە ستیڤن هیکی کرد بە بۆنەی دەستنیشانکردنی وەك باڵیۆزی نوێی بەریتانیا و هیوای سەرکەوتنی لە پۆستە نوێکەیدا بۆ خواست. هاوکات هەردوولا بە تێر و تەسەل باسیان لە پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق و ناوچەکە کرد و جەختیان لەسەر گرینگی چارەسەرکردنی کێشەکان بە پێی دەستوری عیراقی فیدڕاڵ کردەوە.

باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە لای خۆیەوە خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە وەك باڵیۆزی نوێی شانشینی یەکگرتوو لە عیراق دەستنیشانکرا، وە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا هەموو هەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا لەسەر ئاستەکانی سیاسی، ئابوری و کەلتوری. ناوبراو هاوکات خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بەهێزبوونی پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

هەر لە دیدارەکەدا ژمارەیەك پرسی بایەخدار تاوتێ کران و  جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ یەکتردا کرایەوە.

شایانی باسە ستیڤن هیکی دیبلۆماتکارێکی بەریتانی بە توانایە. پێشتر جێگری باڵیۆز و سەرۆکی نێردەی دیبلۆماسی بووە، بەر لە وەرگرتنی پۆستی نوێی وەك باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق، ناوبراو نێردەی بەریتانیا بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان.