نوێنەری حکومەتی هەرێم پێشوازی لە باڵیۆزی عیراقی فیدڕاڵ لە بەریتانیا دەکات

لە نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم پێشوازیەکی گەرمی لە محمد جعفر ئەلسەدر باڵیۆزی عیراقی فیدڕاڵ لە بەریتانیا کرد.  لە دیدارەکەدا باڵیۆزی عیراقی فیدڕاڵ و نوێنەری حوکمەتی هەرێم گفتوگۆیان کرد دەربارەی دوایین پێشهاتەکان لە عیراق و هەرێمی کوردستان و کۆی تەواوی ناوچەکە کرد. هەردوولا جەختیان لەسەر گرینگی گرتنەبەری ڕێگە دیبلۆماسیەکان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی كێشەکان و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە نابێت ڕێگە بدرێت عیراق بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی جیاوازییەکانی نێوان هێزە دەرەکیەکان. هاوکات هەردوولا جەختیان لەسەر گرینگی بەردەوامیدان بە هەماهەنگیەکانی نێوان باڵیۆزخانەی عیراقی فیدڕاڵ و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا کردەوە. 


کاروان جمال تاهیر ئاماژەی بەوەدا کەوا: “عیراق بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپڕێت و هەموو هیوا و ئاواتمان ئەوەیە کە لە نزیکترین کاتدا کابینەی نوێ پێکبهێندرێت و بتوانێت داواکاریەکانی خۆپێشاندەران لە خۆوە بگرێت، وە تێگەیشتنی بۆ کێشە ئاڵۆزەکانی ووڵات هەبێت و کار لەسەر چارەسەرکردنیان لە ڕێگای دەستورەوە بکات.”
لە لای خۆیەوە باڵیۆزی عیراقی فیدڕاڵ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا سیستەمی سیاسی عیراقی فیدڕاڵی دیموکراتی و پەرلەمانیە، وە دەبێت کابینەی نوێ لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا پێکبهێندرێت. ووتیشی پێویستە کابینەی نوێ هەنگاوی جیددیانە بنێت بۆ کارکردن لەسەر نیگەرانیەکانی خۆپێشاندەران و ئامادەکاری بکات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ووڵات
لەندەن٤ ی شوباتی ٢٠٢٠