نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا پێشوازی لە پارێزگاری سلێمانی دەکات

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم و کارمەندانی نوێنەرایەتی بە گەرمی پێشوازی لێکرا.

لە دانیشتنێکدا سەرەتا نوێنەری حکومەتی هەرێم باسی لە ئه‌رک و کار و چالاکیەکانی نوێنەرایەتی حکومەت کرد له‌ به‌ریتانیا وه‌ تیشکی خسته‌ سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندیه‌کان لەگەڵ پەرلەمان و حکومەت و دام و دەزگاکان و دامەزراوە ئابوری و هزریەکانی ئەو ووڵاتە  به‌ئامانجی دروستکردنی به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و دولایه‌نه‌.

هاوکات باسی لە پەیوەندیەکانی نێوان نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم و پارت و لایەنە سیاسیە کوردیەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە ووڵاتی بەریتانیا کرد به‌بێ ڕه‌چاوکردنی په‌یوه‌ستداری سیاسی و بەشداریپێکردنیان لە زۆربەی کار و چالاکیەکانی نوێنەرایەتی بۆ دروستکردنی ڕه‌وه‌ندێکی کوردستانی یه‌ک ده‌نگ و یه‌کگرتوو.

پارێزگاری سلێمانی لە لای خۆیەوە باسی لە دوایین پەرەسەندنەکانی بارودۆخی هەرێم کرد و دەستخۆشی لە نوێنەرایەتی حکومەت کرد بۆ ئەو کار و چالاکیانەی ئەنجامی دەدات و ووتی جێگەی دەست وپەنجەتان لە پتەوترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا بە باشی دیارە، هاوکات داوای لە نوێنەرایەتی حکومەت کرد بەردەوام بێت لە کارکردن لەسەر هێنانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە بەریتانیاکان بۆ کوردستان بەمەبەستی بەهێزترکردنی بواری ئابوری هەرێم و ئامادەباشی پارێزگای سلێمانیشی بۆ هەر جۆرە هاریکاری و هەماهەنگیەك دووپات کردەوە، هه‌روه‌ها به‌ڕێز پارێزگار تیشکی خسته‌ سه‌ر گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندی که‌لتووری و هاندان له‌و بواره‌دا باسی له‌ زه‌مینه‌سازییه‌کان کرد له‌و بواره‌دا له‌ شاری سلێمانی وه‌ک پایته‌ختی ڕۆشنبیری.

لە لایەکی ترەوە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی بۆ پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکان بۆ پشتیوانی لە هەرێم APPG ڕێکخست.   لەو کۆبوونەوەیەدا دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر بە تێر و تەسەل باسی لە بارودۆخی ئێستای هەرێم و عیراق و ناوچەکە بۆ ئەندامانی گرووپەکە کرد و ئاماژەی بە سەقامگیری بواری ئاسایش لە هەرێم بە گشتی و شاری سلێمانی بە تایبەتیدا. داوای لە سەرمایەدار و کۆمپانیا بەریتانیاکانیش کرد سەردانی هەرێم بکەن بەمەبەستی وەبەرهێنان و ئامادەباشی پارێزگای سلێمانیشی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگیەك دووپات کردەوە.

شایانی باسە سەردانی دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ بەریتانیا لەسەر داوەتی ئەنجومەنی بازرگانی بەریتانیا و عیراق دێت بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی بەهاری ساڵی ٢٠١٩ ی ئەنجومەنەکە کە بەبەشداری هەرسێ پارێزگاری هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ژوورەکانی بازرگانی هەرێم بەڕێوەدەچێت.