نوێنەری حکومەتی هەرێم لەگەڵ دامەزراوەی UK NARIC کۆدەبێتەوە

نوێنەری حکومەتی هەرێم لەگەڵ دامەزراوەی UK NARIC کۆدەبێتەوە

کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا سەردانی دامەزراوەی UK NARIC کرد و له‌لایه‌ن دکتۆر کڵاود بای یون بەڕێوەبەری گشتی و تیم بەترێس سەرۆکی گرووپی بەڕێوەبردنی خاوەن پشکەکان لە دامەزراوەکە پێشوازیکران. لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پڕۆسەی دانپێدانانی بڕوانامەکانی کوردستان و هەمانگی نێوان هەردوولاکرا و هه‌نگاوه‌کانی دانانی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی ناساندنی بڕوانامەکان لە دامەزراوەی ناوبراو کرا کە لە هەموو جیهاندا متمانەی پێدەکرێت.
نوێنەری حکومەتی هەرێم تیمی دامەزراوەکەی ئاشنا کرد بە گۆڕانکاریەکانی تایبەت بە پشتڕاستکردنەوەی بروانامەکانی کوردستان و ووتی:
“وەك بەشێكی ستراتیژیەتی نیشتیمانیمان، ئێمە کار دەکەین لەسەر ئەوەی کارە ئەکادیمیەکانمان بگەیەنینە ئاستی ستاندەردی نێودەوڵەتی.”
لە لایەکی ترەوە کاروان جمال تاهیر داوای لە دامەزراوەکە کرد بەشێکی تایبەت لەسەر نەخشەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان بکەنەوە بەو ئامانجەی خاوه‌ن بڕوانامه‌کانی کوردستانیش بتوانن له‌ڕێگه‌ی دامه‌زراوه‌که‌یان بڕوانامه‌کانیان بناسرێت و یه‌کسانبکرێت به‌ هاوتاکه‌ی له‌ به‌ریتانیا.
لە لای خۆیانەوە تیمی NARIC خۆشحاڵی خۆیان بەو دیداەر دەربڕی و ئامادەباشی خۆیان نیشاندا بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەك لەسەر سیستەمی پەروەردە و خوێندی باڵا و کۆلێجه‌ پیشه‌ییه‌کان لە هەرێمی کوردستان بە ئامانجی ئەوەی بەشێکی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە بانکی داتای بەراوردکردنی نێودەوڵەتی سەر بە دامەزراوەکە بکەنەوە. دواتر سەرۆکی گرووپی بەڕێوەبردنی خاوەن پشکەکان نوێنەری حکومەتی هەرێمی بە یە یەکەی بەشەکانی دامەزراوەکەیان ناساند.
شایانی باسە NARIC UK دامەزراوەیەکی سه‌ربه‌خۆیه‌ و له‌بری حکومه‌تی به‌ریتانیا کارده‌کات و بەرپرسیارە لەسەر دابینکردنی سەرچاوە فەرمیەکانی زانیاریەکان و هاوتاکردن و ناساندنی بڕوانامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان.
٢٤ کانوونی دووه‌م ٢٠٢٠