نوێنەری حکومەتی هەرێم لەگەڵ تیمی عیراق لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و جێگری کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم کۆدەبێتەوە

کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە دیدارێکی لەگەڵ خاتوو مێل سمارت جێگری کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و ئەیاز نەواب سەرۆکی تیمی عیراق و ئۆلیڤیا مێرفی سەرۆکی دێسکی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سازکرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ژمارەیەك پرس کرا، لە نێوانیشیاندا پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا، پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ و هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش لەسەر ناوچەکە.

نوێنەری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی نێوان هەرێم و بەریتانیادا و ووتی کەوا پێویستە بەریتانیا ڕۆڵی کاریگەری خۆی ببینێت و پەیوەندیەکانی نێوانمان لە هەموو بوارەکاندا بەهێزتر بکەین. ووتیشی:

“داعش جارێکی تر خۆی کۆ دەکاتەوە و هێرش ئەنجام دەدات، بە تایبەتیش لە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ بە سوود وەرگرتن لە بوونی فەڕاغی ئەمنی بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عیراقیەکان.” لەو سۆنگۆیەشەوە نوێنەری حکومەتی هەرێم  ڕایگه‌یاند که‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی نێوان فیدڕاڵ و هه‌رێم و هاوپه‌یمانان له‌و ناوچانه‌ی کێشه‌ له‌سه‌ر زه‌ره‌روری دۆخه‌که‌که‌یه‌.

کاروان جمال تاهیر لە لایەکی ترەوە ئاماژەی بە تەنگژەی داراییدا لە هەرێم کە بە هۆی نەخۆشی کۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و نەناردنی بودجەی هەرێم لە لایەن بەغداوە دروستبووە. ووتیشی حکومەتی هەرێم لە گفتوگۆکانیدا بەردەوامە لەگەڵ بەغدا بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی گشتگیر بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسەکانی نێوان هەردوولا. هاوکات باسی لە پێداویستیەکانی هەرێم کرد بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەتای کۆڕۆنا و هیواخواز بوو کە حکومەتی بەریتانیا هاریکاری زیاتر لەو ڕووەوە پێشکەش بە هەرێم بکات.

لە لای خۆیەوە خاتوو مێل جێگری کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کەوا کونسوڵخانەکەیان شان بە شانی باڵیۆزخانەی ووڵاتەکەیان لە بەغدا لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ پێشکەشکردنی هاریکاری بۆ هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان بۆ زاڵ بوون بەسەر کێشەکان، هاوکات هانی هەردوولا دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و گەیشتن بە ڕێکەوتن. ووتیشی: “بڕوامان وایە بوونی پەیوەندیەکی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا سەقامگیری بارودۆخی هەردوولا بەهێزتر دەکات.”

دواتر ئەیاز نەواب سەرۆکی تیمی عیراق خۆشحاڵی خۆی بۆ دیدارەکە دەربڕی و تەئکیدی لەسەر کارکردن بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کردەوە. ووتیشی:

“ئێمە بە بەردەوام هانی لایه‌نه‌کان ئەده‌ین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، چونکە بوونی پەیوەندیەکی باش سەقامگیری دروست دەکات لە ناوچەکە. نابێت هیچ هەلێك بدرێتە داعش بۆ دووبارە خۆ کۆکردنەوە و سەپاندننی مەترسی لەسەر ئەمن و ئاسایش ئەو ووڵاتە. پەیوەندیەکانمان زۆر باشە لەگەڵ هەولێر و بەغدا و بەردەوامیش دەبین لە برەودان بەو پەیوندیانە،”

خاتوو ئۆلیڤیا مێرفی بەرپرسی دێسکی هەرێمی کوردستانیش ووتی کەوا سەقامگیری ئابوری لە هەرێم و عیراق لە ئەولەویاتی کارەکانی ئەواندایە. ووتیشی کەوا ووڵاتەکەیان بەردەوام دەبێت لە هاندانی هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوانیان.

٢٩ ته‌مووز ٢٠٢٠