نوێنەری حکومەتی هەرێم لەگەڵ تیمی عیراق لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیا کۆبۆوە

کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە دیدارێکی لەگەڵ خاتوو لۆرا دیکس سەرۆکی نوێی تیمی عیراق و ئۆلیڤیا مێرفی سەرۆکی دێسکی هەرێمی کوردستان و شۆون ئۆنابۆلۆ ئه‌ندامی تیمەکەی وەزارەتی دەرەوە و گەشەپیدانی بەریتانیا سازکرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ژمارەیەك پێشهات و پرس کرا، لە نێوانیشیاندا پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا، پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عیراق و هەماهەنگی زیاتر بۆ بەرەوپێشتربردنی پەیوەندیە‌کانی دولایه‌نه‌.

سەرەتا نوێنەری حکومەتی هەرێم پیرۆزبایی لە سەرۆکی نوێی تیمی عیراق کرد و هیوای سەرکەوتنی لە پۆستە نوێکەیدا بۆ خواست، جەختیشی لەسەر گرینگی هاریکاری و هەماهەنگی بەردەوامی نێوان نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم و تیمی عیراق لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپێدانی بەریتانیا کردەوە.

دواتر کاروان جمال تاهیر کورتەیەکی لەسەر دوایین پێشهات و ڕووداوەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراق پێشکەش کرد و جەختی لەسەر بایه‌خی ڕۆڵی بەریتانیا کردەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بەردەوامیدان بە پێشکەشکردنی هاریکاری بۆ کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە. هەروەها ووتی:

“بەردەوامبوونی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەرنەکردنیان بارودۆخەکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاڵۆزتر دەکات، وە هەل بۆ بەهێزبوونەوەی تیرۆریستان زیاد دەکات. بەریتانیا دەتوانێت ڕۆڵی کاریگەرتر و بەهێزتر ببینێت لە نێوەندگیریکردن بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانمان. هەرێمی کوردستان ئامادەیە تەواوی کێشەکان بە پشتبەستن بە دەستوری ووڵات لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا یەکلایی بکاتەوە. پێویستە ڕۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان کارا تر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت هانی هەردوولا بدات کێشەکان چارەسەر بکرێن. گومانمان لەوەدا نیە ئەگەر خواستی سیاسی هەبێت لە عیراق، ئەوا کێشەکان بە ئاسانی چارەسەردەکرێن.”

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەکی ترەوە ڕۆشنایی خستە سەر سەردانەکەی ئەم دواییەی جەیمنس کلێڤەرلی وەزیری ده‌وڵه‌ت بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و باکوری ئەفریقیا و جەیمس هیکی وەزیری هیزە چەکدارەکانی بەریتانیا و ووتی کەوا ئەو سەردانە گرینگی هاوبەشییەتی هەرێمی کودرستان و بەریتانیای دووپاتکردەوە لە هەموو ڕووەکانەوە، هاوکات جەختی لەسەر گرینگی برەودان بە پەیوندیە دووقۆڵیەکان کردەوە لە هەموو ڕووەکانەوە، بە تایبەتیش ئاسایش و بەرگری، پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاری.

وێڕای پێزانینی حکومەتی هەرێم بۆ هاریکاریەکانی بەریتانیاش بۆ پێشمەرگەی کوردستان، هاوکات کاوران جمال تاهیر داوای هەماهەنگی و هاریکاری زیاتری کردەوە لە حکومەتی بەریتانیا بۆ هیزەکانی پێشمەرگە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببنەوە و ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان بپارێزن.

لۆرا دیکس لەلای خۆیەوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا لە دوای دەرچونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوڕوپا، ئەو ووڵاتە بەدوای بازاڕی نوێ و هەلی باشی وەبەرهێنان لە جیهاندا دەگەڕێت. ووتیشی: “یەکێك لە ئەولەویاتەکانی ئەمساڵمان کارکردنە لەسەر ئەوە هەرێمی کوردستانیش ببێتە بەشێك لەو شوێنانەی کە جێگای بایەخی بەریتانیان بەمەبەستی پتەوترکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانمان لەگەڵیدا.” سەرۆکی تیمی عێراق هەروەها جەختی لەسەر بەردەوامبوونی بەریتانیا لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵ بینین لە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا کردەوە. هەر لە درێژەی دیدارەکەدا لۆرا دیکس جەختی لەسەر هەماهەنگی بەردەوامی تیمی عیراق لە وەزارەتی دەرەوە و گەشەپیدانی بەریتانیا  لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە و ووتی کار بۆ بەهێزترکردنیان دەکەن. له‌دیداره‌که‌دا هه‌ریه‌ک له‌ خەسرۆ ئاژگەیی بەڕیوەبەری کاروباری سیاسی و میدیا و هاوڕێ واحید بەڕێوەبەری بازرگانی و وەبەرهێنان و هەوار حەسەن بەڕێوەبەری کەلتور و پەروەردە لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم ئاماده‌بوون