نوێنەری حکومەتی هەرێم دیدارێك لەگەڵ ناوه‌ندی زانیاری نیشتیمانی بەریتانیا ENIC سازدەکات

دوابه‌دوای ناساندنی زانکۆی سلێمانی و وه‌ بەمەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی ناساندن و هاوتاکردنی بڕوانامەی زانکۆکان و په‌یمانگاکانی تری هەرێمی کوردستان له‌لایه‌ن ناوه‌ندی زانیاری نیشتمانی به‌ریتانیا ، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا دیدارێکی لەگەڵ پۆڵ نۆریس سەرۆکی ناوه‌ندی زانیاری نیشتیمانی بەریتانیا بۆ ناساندن و هاوتاکردنی بڕوانامە پیشەییە نێودەولەتیەکان ENIC و ئەندامانی تیمی ناوه‌نده‌که‌ سازکرد.

لە دیدارەکەدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ئاماژەی بە پرسی ئەو بڕوانامانەدا کە لە لایەن دامەزراوە ئەکادیمیەکانی کوردستان بەخشراونەتە خوێندکاران و قوتابیان. هاوکات هانی ناوه‌ندی ناوبراویدا بۆ ئەوەی لێکتێگه‌یشتنێکی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدەن بەمەبەستی ڕاستاندن و ناساندنی ئەو بڕوانامانە. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بانگهێشتنامه‌یه‌کی ئاراسته‌ی ناوه‌نده‌که‌ کرد بۆ سەردانیکردنی هەرێمی کوردستان به‌مه‌به‌ستی لە نزیکەوە ئاشنابوون به‌ ئاست و کواڵیتی خوێندنی زانکۆ و کۆلێجه‌کان.

هەر لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەدا دامەزراوەی ENIC ڕێنماییەکانی ناوه‌نده‌که‌یان تایبەت بە چۆنیەتی ناساندنی بڕوانامەکان و هاوتاکردنیان لەگەڵ بڕوانامە بەریتانیاکان شیکردەوە.  هاوکات تیمی ناوه‌نده‌که‌ ئامادەباشی خۆیان دەربڕی بۆ پاڵپشتیکردن لە پڕۆسەی ناساندنی دامەزراوە ئەکادیمیەکانی کوردستان.

شایانی باسە بەر لە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا ئەو دامەزراوەیە ناسراو بوو بە (NARIC)، بەڵام لە دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتیەکە و لە ڕێکەوتی ١ ی ئازاری ساڵی ٢٠٢١ ناوی دامەزراوەکە گۆڕا بۆ (ENIC) بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕێنماییەکانی (پەیماننامەی لیزبۆن بۆ ناساندنی بڕواناکان) بگونجێت.

٢٠ نیسان ٢٠٢١