نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداری لە کۆڕبەندی “با بەیەکەوە عیراق بنیاد بنێینەوە” دەکات

ئەنجومەنی بازرگانی عیراقی – بەریتانی IBBC بە ئامادەبوونی به‌ڕێزان محمد جەعفەر ئەلسەدر باڵێۆزی کۆماری عیراقی فیدڕاڵ لە بەریتانیا و کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و شاندێکی گەورەی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی دکتۆر دارا جلیل خەیات سەرۆکی فیدڕاسیۆنی ژوورەکانی بازرگانی کوردستان وه‌ ژوره‌کانی بازرگانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک و هه‌ڵه‌بجه و یه‌کێتی هاورده‌و هه‌نارده‌ی هه‌رێمی کوردستان‌، و ژمارەیەك لە پیاوانی کار و دامەزراوەکانی بازرگانی و وەبەرهێنانی بەریتانیا و عیراق و هەرێمی کوردستان کۆڕبەندی سالانەی خۆی لە شاری لەندەن ڕێکخست.

سەرەتا باڕۆنێس ئێما نیکڵسن سەرۆکی ئەنجومەنەکە لە ووتارێکدا خۆشحاڵی خۆی بە بەشداریکردنی باڵیۆزی عیراقی فیدڕاڵ و نوێنەری حکومەت و و دام و دەزگا بازرگانیەکانی هەرێم و عیراقی فیدڕاڵ و بەریتانیاکان دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کەوا ئەنجومەنەکەیان کار دەکات لەسەر گەشەپێدان بە کەرتەکانی ئابوری و بازرگانی عیراق وهەرێم لە ڕێگای هێنانی سەرمایەدار و کۆمپانیاکانی بەریتانیا بۆ عیراق و هاندانی پیاوانی کاری عیراق و هەرێـم بۆ وەبەرهێنان لە بەریتانیا. باڕۆنێس نیکڵسن هەروەها دەستخۆشی لە کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە توانیویتەی سەرکەوتوانە کار لەسەر بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا بکات و ڕایگه‌یاند ڕۆڵی نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم لەو ڕووە بە ڕوونی دیارە.

دواتر جعفر ئەلسەدر باڵیۆزی عیراقی فیدڕاڵ لە بەریتانیا لە لای خۆیەوە ئاماژەی بەوەدا کەوا یاساکانی وەبەرهێنان بۆ سەرمایەدارانی بیانی ئاسانکاری باش لەخۆ دەگرێت و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکانیش هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی هاریکار بن بۆ کۆمپانیا بیانیەکان و سەرخستنی پڕۆژەکانیان. ووتیشی باڵیۆزخانەی عیراقی فیدڕاڵ دەرگای واڵایە بۆ هەر جۆرە هاوکاری و هەماهەنگیەك بەمەبەستی هێنانی وەبەرهێنانی بەریتانیا بۆ عیراق.

دواتر کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ووتارێکی پێشکەش کرد و سوپاسی ئەنجومەنی بازرگانی عیراق – بەریتانیای کرد بۆ ڕیکخستنی ئەو کۆڕبەندە و کۆکردنەوەی پیاوانی کاری عیراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتا بەریتانیاکانیان، هاوکات دەستخۆشی لە ئەنجومەنەکە کرد بۆ هەموو ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەن بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان هەردوولا. ووتیشی عیراق بە زەحمەتترین ٥ ساڵدا تێپەڕبوو کە توانرا لە کۆتاییدا شکست بە داعش بهێندرێت، وە ئێستاش کاتی ئەوە هاتووە چاکسازی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری لە ووڵاتدا بکرێت بۆ ئەوەی ببێتە دەستپێکێکی باش بۆ داهاتوویەکی پڕشەنگدار و بنیادنانی ئابوریەکی تۆکمە و بەهێز. هەر لە ووتارەکەیدا، نوێنەری حکومەتی هەرێم خۆشحاڵی خۆی بە سەرکەوتنی دوایین سەردانی شاندی ئەنجومەنی بازرگانی عیراق – بەریتانیا دەربڕی وهیوای خواست ده‌ره‌نجامه‌که‌ی پەیوەندیەکانی نێوان ئەنجومەنەکە و هەرێمی کوردستان زیاتر به‌ره‌وپێش ببات. هاوکات ئاماژەی بە ئەولەویاتەکانی حکومەتی هەرێمدا بۆ وەبەرهێنان کە پێکهاتووە لە که‌رته‌کانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری بۆ بە هەمەلایەنکردنی داهاتی هەرێم، لەو سۆنگۆیەشەوە هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرەکانی بەریتانیایدا بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لەو بوارانە لە کوردستاندا بکەن.

لە کۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا کەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانی بکات، لە نێوانیشیاندا ئەنجومەنی بازرگانی عیراق – بەریتانیا و دامەزراوەکانی تر بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیەکان و گەشەپێدان بە ئابوری هەرێمی کوردستان.

هەر لە درێژەی کۆڕبەندەکەدا ژمارەیەك پانێڵ بەڕێوەچوو کە بریتیبوون لە پانێڵەکانی خاوه‌نکارانی عیراقی و بەریتانیایی و چۆنیەتی دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ وەبەرهێنان لە عیراق. لە پانێڵەکاندا ئاماژە به‌ ئاسته‌نگیه‌کانی وه‌به‌رهێنان کرا چ له‌ڕووی ئه‌و یاسایانه‌ی که‌ پێویستیان به‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ چ له‌ڕووی ئاسایشه‌وه‌، هاوکات تیشک خرایه‌ سه‌ر دۆخی له‌باری ئاسایش و سه‌قامگیری هه‌رێمی کوردستان و گونجاووی ژینگه‌که‌ی بۆ وهه‌به‌رهێنانی بییانی.

هه‌روه‌ها سەبارەت بە ئامۆژگاری تایبەت بە گه‌شتکردن بۆ عێراق لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی دەەره‌وەی بەریتانیا، پانێڵیستەکان ئاماژەیان بەوەدا که‌ پێویسته‌ ئامۆژگارییه‌کانی حکومه‌تی به‌ریتانیا پێداچونه‌وه‌ی بۆ بکرێت و سه‌قامگیری هه‌رێمی کوردستانیا به‌ نموونه‌ خسته‌ڕوو وه‌ ڕایانگه‌یاند که‌ ده‌کرێت هەرێم وەك ناوه‌ندێک بۆ هەموو عیراق بەکاربێنن و له‌وێوه‌ بتوانن به‌شداری بونیاتنان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان له‌ ناوچه‌کانی تری عێراق بکه‌ن.

ئه‌نجومه‌نی بازرگانی ساڵانه‌ دوو کۆڕبه‌ندی له‌و جۆره‌ سازده‌کات و زه‌مینه‌یه‌ک و ده‌رفه‌تێکی باش درووستده‌کات بۆ خاوه‌نکار و وه‌به‌رهێنان بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕاو دۆزینه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی هاوبه‌شی و کارکردن.

له‌نده‌ن

هۆڵی وێستمنسته‌ر

١٣ ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٩