نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداری لە کۆنفرانسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا بۆ وەبەرهێنان دەکات

بانکیRenaisance Capital  کە بانکێکی سەرەکی بواری وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیە سێیەمین کۆنفڕانسی ساڵانەی خۆی لە لەندەن ڕێکخست بۆ تیشک خستنە سەر دوایین پێشوەچوونەکانی بواری (ماکڕۆ ئیکۆنۆمیك) و مێزگردێکیشی سەبارەت بە کوردستان و عیراق بەڕێوەبرد.

لە میزگردەکەدا کە تایبەت بوو بە بواری ووزەی هەرێمی کوردستان و مێوانەکانی پێکهاتبوون لە کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و پشکدارە نێودەوڵەتیەکانی ئەو بوارە لە هەرێم بەمەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی کاریگەرییەکانی ئەو بوارە لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و عیراق.

کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە بابەتێکیدا باسی لە ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بەمەبەستی دروستکردنی سەقامگیری لە بازاڕی ووزە و ڕۆڵی پشکدارە نێودەوڵەتیەکان بۆ پاڵپشتیکردن لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم. کاروان جما؛ل تاهیر ووتی:

“هەرێمی کوردستان دەیەوێت ببێتە هەناردەکارێکی بە توانای نەوت و گاز. بە داخەوە عیراق و هەرێمی کوردستان لەوەتەی ساڵی ٢٠١٤ بە تەحەدیاتێکی زۆرەوە تێپەڕبوون کە بووە هۆکاری دروستبوونی ژمارەیەك تەنگژەی سیاسی، ئەمنی، سیاسی و مرۆیی.”

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها ووتی:

” ئێمە هەڵوێستی کۆمپانیاکانی نەوتی نێودەوڵەتی بەرز هەڵدەسەنگێنین کە هاریکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیاتانەی کە هەرێم دووچاریان بۆوە، لە کاتێکدا کەوا هەرێمی کوردستان شەڕی لە دژی تیرۆریستان دەکرد، وە تووشی تەنگژەی دارایی هات بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵ، هاوکات لە ئامێزگرتنی پەنابەرە سوریەکان و ئاوارەکانی ناوەخۆ.”

دەربارەی ژینگەی سیاسیش، کاروان جمال تاهیر دڵنەوایی دا بە وەبەرهێنەران کەوا ئەولەویەتی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پاراستنی ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری تەواوی ناوچەکەیە. ووتیشی:

“ئابوری و سیاسەت بەیەکەوە بەستراونەتەوە و لە ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری جودا نابنەوە، وە هۆکارن بۆ گەشەسەندنی بواری ئابوری و وەبەرهێنان. ئێمە لە ڕۆژی یەکەمەوە بڕوامان بەوە هەبووە کەوا بۆ ئەوەی ژینگەیەکی باش بۆ وەبەرهێنەران دابین بکەین، پێویستیمان بە ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری هەیە، بۆیەش پێویستیمان بەوە هەیە وەبەرهێنان لەو بوارەدا بکەین کە ئەولەویەتی سەرەکی ستراتیژیەتمانە.”

سەبارەت بەپرسی بودجەش لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پێشوەچوونەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ سەبارەت بە پرسە داراییەکان و ووتی:

“توانیمان بگەینە ڕێکەوتن لەسەر بودجەی ساڵی ٢٠٢١، بەڵام تا ئێستا بەغدا شایستەکانی هەرێمی کوردستانی لە بودجە ڕەوانە نەکردووە.”

لە لای خۆیەوە احمد تەبەقچەڵی بەڕیوەبەری گشتی دامەزراوەی کۆمەکی عیراق (AFC Iraq Fund) خۆشحاڵی خۆی بە ڕێکەوتنی هەولێر و بەغدا دەربڕی و ووتی:

“دەرهاویشتەی سەرەکی ڕێکەوتنی تایبەت بە بودجە، دان نانی یاسای بودجەیە بە شایستەی کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی بواری نەوتە لە هەرێمی کوردستان، چونکە لە یاساکانی بودجەی پێشوودا، دەبوا حکومەتی هەرێمی کوردستان حەقدەستی کۆمپانیا نێودەولەتیەکان لە بەشە بودجەی خۆی بدات کە لە ڕووی ئابوریەوە هیچ مانایەکی نەبوو. ئەو ڕێکەوتنە زۆر هیوابەخشە بۆ ئەوەی هەردوولا دەست بکەن بە پڕۆسەی چارەسەرکردنی تەواوی پرسە دوورخایەنەکانی نێوانیان دەربارەی چۆنیەتی گەشەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گاز.”

دواتر گابرێڵ پاپینیو لێگریس بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای (Gulf Keystone) کە سەرپەرشتی کێڵگەکانی شێخان دەکات کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی ئەو بوارە لە هەرێم لە بابەتێکیدا ووتی:

“کاری سەرەکیمان گەیشتنە بۆ قۆناخی فراوانترکردنی ئەو کێڵگە گەورەیە، وە بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم و هاوبەشەکانی ترمان لە گەڕان بەدوای هەر هەنگاوێك بۆ پشتگیرکردن لە وەبەرهێنان لە سێکتەری نەوت و سێکتەرەکانی تر، لە کاتێکدا کەوا ئابوری هەرێم گەشەی زیاتر دەسێنێت لە بواری کشتوکاڵ و سێکتەرەکانی تریش، وە هەرێم بەرەو گەشەسەندنی زیاتر دەچێت لەو چەند دەیەی داهاتوودا.”

دواتر عیسا ئیکاهێیمینێن بەڕێوەبەری گشتی لە (Genel Energy) لە ووتارێکیدا ووتی:

“ئەوەی کە لە هەموو شتێك گرینگترە، هەماهەنگی و ستراتیژیەتی هاوبەشە لە نێوان حکومەتەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی بواری نەوت. لەو بڕوایەدام کەوا پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەست بە ئارامی بکات، چونکە لە هەموو کاتەکاندا، جا چ باش بووبێت یان خەراپ، وەبەرهێنانی کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی بواری نەوت بەردەوام بووە لە هەرێم، ئەو کارەش بەردەوام دەبێت ئەگەر بارودۆخەکە بەو شێوە باشەی مایەوە.” سەبارەت بە سێکتەری گازیش، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کەوا کارەکان زیاتر تایبەتن بە ستراتیژیەت و بنیادنانی ژێرخانی ئەو بوارە، نەوەك کڕین و فرۆشتنی گاز، وە خێراترکردنی ماستەر پلانی گاز لە ئەولەویاتی هەرێمی کوردستانە.”

دەربارەی نەخشەی ئێستای گازی هەرێمی کوردستانیش، دکتۆر پاتریك ئۆڵمان وۆرد بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمپانیای دانا گاز گەشبینی خۆی بە دواڕۆژی سێکتەری نەوت و گازی هەرێمی کودرستان نیشاندا و ووتی:

“Pearl Consortium گەورەترین دوو کێڵگەی گاز لە خۆرمۆڕ و چەمچەماڵ بەڕێوەدەبات. لەو بڕوایەداین هەردوو کێڵگەکە ٧٥ تڕیلیۆن کیوبیك پێی یەدەگ لە گازی تەڕو شلەکانی تر لەخۆ دەگرن. ئەوانە سەرچاوەی پلەبەرزی جیهانین و لەو بڕوایەداین ئەوانە نەوەك گەورەترین کێڵگەن لە هەرێمی کوردستان بە تەنها، بەڵکو لە هەموو عیراق.”

هەروەها ووتی:

“دەسکەوتێکی زۆر دڵخۆشکەرە کاتێك لەگەڵ هەموو ئەو کێشانە کە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٠ و دواتر ڕوویاندا و لەگەڵ هەموو ئەو بارودۆخە سەختەدا، حکومەتی هەرێم حەقدەستی هەموو کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی بواری نەوت و گازی لە کاتی خۆیدا داوە. لەو بڕوایەدام کەوا حکومەتی هەرێمی کوردستان کارێکی زۆر باشی ئەنجامداوە.”

بۆ بینینی پانێڵەکانی ئەو کۆنفڕانسە، تکایە گرتە لەسەر ئەو لینکە بکەن.