نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی مەڵبەندی ١٧ی بەریتانیای یەکگرتووی ئیسلامی دەکات

لە درێژەی دیدار و پەیوەندیە بەردەوامەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لەگەڵ ڕه‌وه‌ندی کوردستانی و نوێنەرایەتی پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا پێشوازی لە شاندێکی مەڵبەندی ١٧ی بەریتانیای یەکگرتووی ئیسلامی کرد بە سەرۆکایەتی مامۆستا کاوە عمر بەرپرسی مەڵبەند و شاندێکی یاوەری.

لە دیدارەکەدا شاندی ناوبراو دەستخۆشی و پێزانینیان ئاراسته‌ی  نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ کارە خزمەتگوزارییەکانی که‌ پێشکه‌شی ڕەوەندی کوردستانی ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها دەستەی نوێی مەڵبەندەکەیان به‌ نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم ناساند.

هاوکات گفتووگۆ دەربارەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی نوێنەرایەتی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە بەریتانیا کرا وه‌ تیشك خرایە سەر ڕۆڵی ڕەوەندی کوردستانی و ئەو گرفت و کێشە و ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هەروەها ئەرك و بەرپرسیارییەتیان لە هەمبەر پرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان و ڕۆڵیان لە لۆبیکردن و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست تاوتوێکران.

کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا کەوا جگە لە کارە خزمەتگوزارییەکانی نوێنەرایەتی بۆ ڕەوەندی کوردستانی، هاوکات نوێنەرایەتی پەیوەندیەکی تۆکمە و بەهێزی هەیە لەگەڵ نوێنەرایەتی پارتە سیاسیەکان و لە پەیوەندی و دیداری بەردەوامدایە لەگەڵیاندا بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی لە نێوان هەردوولادا بۆ خزمەتکردنی ڕەوەندی کوردستانی و پرسە ڕەواکانی گەلەکەمان. ووتیشی کاری زۆر هەیە بەیەکەوە بکەین بۆ زیاتر نزیککردنه‌وه‌ی کۆمەڵگاکەمان و یەکدەنگی دروست بکەین بۆ ئەوەی وەك کۆمەڵگایەکی بەهێز بتوانێت کاریگەری خۆی لە ووڵاتی بەریتانیا هەبێت.

لە لایەکی ترەوە هەردوولا ڕۆشناییان خستە سەر چۆنیەتی هاندانی نەوەکانمان بۆ ئەوەی زمانی کوردی فێر ببن و دوور نەبن لە کەلتوری باب و باپیرانیان، لەو سۆنگۆیەشەوە جەخت لەسەر گرینگی دان بە خوێندنگا کوردیەکانی بەریتانیا کرایەوە، وە چۆنیەتی بەرەو پێشبردنی ئەو خوێندنگانە بۆ ئەوەی بتوانن ڕۆڵی کاریگەر ببینن لە دروستکردنی نەوەیەکی نوێی بەستراوە بە پڕەنسیپ و کەلتور و زمانی شیرینی کوردیەوە.

لە کۆتایی دیدارەکەدا جەخت لەسەر گرینگی بەردەوامیدان بەو جۆرە دیدار و کۆبوونەوانە کرایەوە بە مەبەستی ئاڵ و گۆڕکردنی بیر و ڕاکان و بەهێزترکردنی هەماهەنگی بۆ خزمەتکردنی ڕەوەندی کوردستانی و پرسە نیشتیمانیەکانمان.

لەندەن

٣ کانونی یەکەمی ٢٠٢١