نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ناوەندی بەریتانیای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکات

کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا پێشوازی لە شاندێکی ناوەندی بەریتانیای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کرد بە سەرۆکایەتی قەیس قاسم بەرپرسی ناوەند و شاندێکی یاوەری.

سەرەتا  شاندی ناوبراو خۆشحاڵی خۆیان بەو سەردانە دەربڕی و دەستەی نوێی کارگێڕی ناوەندەکەیان ناساند. دواتر گفتوگۆ دەربارەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عیراق کرا و جەخت لەسەر یەکدەنگی و یەك هەڵوێستی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردساتان کرایەوە بۆ ئەوەی بە هێزەوە بەرگری لە مافە ڕەواکانی کوردستان بکرێت.

هەر لە دیدارەکەدا بیر و ڕا دەربارەی ڕۆڵی کۆمەڵگای کوردی لە بەریتانیا و کاری ڕێکخراوەیی لە بوارەکانی کەلتوری و هونەری و ڕۆشەنبیری ئاڵ و گۆڕ کران. لە لایەکی ترەوە جەخت لەسەر گرینگی خوێندنی زمانی کوردی شیرین و بایەخدان و هاندانی قوتابخانە و خوێندنگا کوردیەکان لە بەریتانیا کرایەوە بۆ ئەوەی هەلی باش بڕەخسێنین بۆ نەوەکانمان فێری زمانی کوردی ببن و بە کەلتور و ڕۆشەنبیری گەلەکەیان ئاشنا ببن.

کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا جەختی لەسەر گرینگی ڕۆڵی نوێنەرایەتی پارتە سیاسیەکانی کوردستان لە بەریتانیا کردەوە لە کۆکردنەوەی ڕەوەندی کوردستانی و پەنجە خستنە سەر ڕاستیەکان و  دروستکردنی کۆمەڵگایەکی بەهێز  کە بڕوای بە پڕەنسیپە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان هەبێت و بەرگری لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بکات، وە ببێتە دەنگێکی بەهێزی لۆبی بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی گه‌لی کوردستان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا جەخت لەسەر بەردەوام بوونی ئەو دیدارانە کرایەوە بە مەبەستی ئاڵ و گۆڕکردنی بیر و ڕا و بەهێزترکردنی هەماهەنگی بۆ خزمەتکردنی ڕەوەندی کوردستانی و پرسە نیشتیمانیەکانمان.

لەندەن

٢ کانونی یەکەمی ٢٠٢١