نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری حه‌وته‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی کۆمپانیای کام بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلم و دۆکۆمێنتاری ده‌كات

کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بەشداریکرد لە بۆنه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ یادی دامه‌زراندنی کۆمپانیای کام بۆ به‌رهه‌مهێنانی فیلم که‌ ژماره‌یه‌کی زۆری ڕه‌وه‌ندی کوردستانی و ڕێکخراوه‌ که‌لتووری و ڕۆشه‌نبیرییه‌كان و نوێنه‌رانی پارته‌ سیاسییه‌كان و که‌سایه‌تی و هونه‌رمه‌ندان و هونه‌ردۆستان به‌شداربوون.

له‌ بۆنه‌که‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێکاری کۆمپانیای کام بۆ به‌رهه‌مهێنانی فلم پوخته‌یه‌کی له‌سه‌ر مێژووی کۆمپانیاکه‌یان و کاره‌کانیان وه‌ ئامانجه‌کانیان بۆ ئاماده‌بوان خسته‌ ڕوو وه‌ له‌ پرێزه‌نته‌یشنێکدا کامه‌ران که‌ریم به‌ڕێبه‌ری کۆمپانیا ڕایگه‌یاند که‌ “ده‌مانه‌وێت به‌ شێوازێکی پیشه‌ییانه‌ پێشه‌نگ بین له‌ داهێنان و کاره‌ هونه‌رییه‌کانماندا و له‌و ڕێگه‌‌یه‌شه‌وه‌ پرسی کوردستان و که‌لتور و فه‌رهه‌نگی گه‌لی کوردستان بگه‌یه‌نینه‌ نێوه‌نده‌ جیهانییه‌کان”.

کاروان جه‌مال تاهیر له‌ ووته‌یه‌کیدا له‌ یادی دامه‌زراندنی کۆمپانیای کام به‌ناوی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان  پیرۆزبایی یادی حه‌وت ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر و ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر کرد و هیوای به‌رده‌وامی و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی  زیاتری بۆ خواستن له‌ خزمه‌تی هونه‌ر و سینه‌مای کوردی و له‌و ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ زیاتر ناساندن و خزمه‌ت به‌ که‌لتوور و فه‌رهه‌نگ و پرسی کورد، هاوکات ڕایگه‌یاند که‌ “بره‌ودان به‌ کاری که‌ڵتووری و فه‌رهه‌نگی به‌ به‌شێک له‌ دیبلۆماسییه‌تی که‌لتووری ( هێزی نه‌رم) داده‌نێین که‌ ئێسته‌ بواری باوی کاری دیبلۆماسییه‌ و ووڵاتان له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ کاریگه‌ری و که‌لتووری خۆیان به‌ دنیا ئاشنا ده‌که‌ن.  ئه‌م کاره‌ش به‌ هاوبه‌شی ئه‌نجام ئه‌درێت و کۆمپانیاکانی بواری فیلم و دۆکۆمێنتاری و ڕێکخراوه‌کانی که‌لتووری و فه‌رهه‌نگی و ڕۆشنبیری ده‌توانن ڕۆڵی خۆیان ببینن، وه‌ یه‌ک ئامانج کۆمان بکاته‌وه‌ که‌ ئه‌ویش ناساندنی گه‌لی کوردستان و که‌لتوور و فه‌رهه‌نگه‌که‌یه‌تی به‌ دنیای ده‌ره‌وه‌” نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند که‌ “ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه‌ به‌ پێشکه‌وتن و  په‌ره‌پێدانی که‌لتوور و فه‌رهه‌نگه‌که‌یه‌وه‌ گرێدراوه‌، بۆیه‌  لێره‌ وه‌ک نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامداین بۆ په‌ره‌پێدانی پردی په‌یوه‌ندی که‌لتووری و هونه‌ری و ئه‌کادیمی له‌نێوان به‌ریتانیا و هه‌رێمی کوردستان، وه‌ دروستکردنی ده‌رفه‌ت و زه‌مینه‌سازی له‌نێوان فلمسازان و هونه‌رمه‌ندانی هه‌ردوولادا

وه‌ له‌کۆتایی ووته‌کانیدا نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم ووتی “که‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ڕه‌وه‌ندی کوردستانی به‌ سه‌رمایه‌یه‌کی گه‌وره‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌زانێت و ده‌خوازێت که‌ وه‌ک لۆبییه‌کی گه‌وره‌ بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ووڵات ڕۆڵیان هه‌بێت و ئه‌مڕۆش که‌ ئه‌م بۆنه‌یه‌ کۆیکردوینه‌ته‌وه‌ که‌ بۆنه‌یه‌که‌ بۆ پێشخستنی بواری که‌لتووری و فلمسازی وه‌ له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ گوزارشت له‌ ژیان و  چیرۆکه‌ ڕاسته‌قینه‌کانی گه‌له‌که‌مان ده‌كات، جێگه‌ی ده‌ستخۆشی و پێزانینه‌. دووباره‌ له‌ ناخی دڵمه‌وه‌ به‌ناوی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم و خۆمه‌وه‌ پیرۆزبایی گه‌رمتان ئاراسته‌ ده‌که‌م

پاشان ژماره‌یه‌ک خه‌ڵات پێشکه‌ش کران به‌سه‌ر ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری کۆمپانیای کام و هونه‌رمه‌ندان وه‌ ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ی که‌ خزمه‌تی ڕه‌وه‌ندی کوردستانیان کردووه‌   له‌ بواره‌ جیاکاندا

بێرمه‌نگهام

به‌ریتانیا

٢٤/١٠/٢٠٢١