نوێنەری حکومەتی هەرێـم بۆ ماڵپەڕی ووشە: ١٤٠ كۆمپانیای بەریتانی لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن

كاروان جەمال تاهیر نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا، لە چاوپێكەوتنێكی “وشە”دا تیشك دەخاتە سەر پێگەی هەرێمی كوردستان و گرنگیی هەرێم بۆ بەریتانیا و پێی وایە، هەرێم رۆڵێكی كارای هەیە لە ناوچەكە و هەر ئەوەش وایكردووە بەریتانیا مەیلی گفتوگۆی لەگەڵ سەركردایەتیی كورد هەبێت. بە پێی ئامارێک ئەو نوێنەرە دەیخاتە ڕوو، 140 كۆمپانیای بەریتانی لە هەرێمی كوردستاندا كار دەكەن.

وەك نوێنەرایەتی حكوومەت لە بەریتانیا، ئایا كاری پێكەوەیی و هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوولا چ ئاستێكدایە؟

پێوەندیی نێوان كورد و بەریتانیاییەكان مێژووییە و رەگی داچەقیوە، بێگومان ئەم پێوەندییە دوو لایەنە پێویستە بە بەردەوامی گەشەی پێ بدرێت و دووپات لەسەر بەهاو و بەرژەوەندییە هاوبەشەكان بكرێتەوە لە هەموو بوارەكاندا، لە نێوانیشیاندا مافەكانی مرۆڤ، دیموكراسی، ئاسایش و هاوئاهەنگی كردارەكی بەردەوام، ئێمە زۆر شتی هاوبەشمان هەیە لەگەڵ یەكدا كە پێویستی بە هاوئاهەنگی و كاری پێكەوەیی هەیە، ئێستە هاوئاهەنگییەكان لە ئاستێكی زۆر باشدایە لە نێوان دامەزراوە فەرمییەكانی حكوومەت، دامەزراوە ئەكادیمییەكان و ڕێكخراوەكانی ناحكوومی.

كونسوڵگەی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان چ بایەخێكی هەیە؟

بەریتانیا كونسوڵگەی گشتی هەیە لە هەرێمی كوردستان و یەكێكە لە نێردە دیپلۆماسییە گەورەكان، هەموو پاشكۆكانی سیاسی و ڕۆشنبیری و سەربازییان هەیە و پێگەی دیپلۆماسی كونسوڵی گشتیش لە ئاستێكی بەرزدایە و پێشتر باڵوێز بووە، كە لە كۆتایی ئەم مانگەدا كارەكانی تەواو دەبێت و بەڕێز دەیڤید هەنت دیاری كراوە وەك كونسوڵی گشتی نوێ كە بەهەمانشێوەی پێشتر باڵوێز بووە، ئەمەش خۆی لەخۆیدا خوێندنەوەی ئەرێنی و خواستی پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەكان دەردەخات.

هاوكاری بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان بەدەر لە كاری هاوپەیمانان، لە چ كەرت و بوارێكی تردایە؟

بەریتانیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانان بەشێكی گرنگ پێكدەهێنێت و پێگەی یەكلاكەرەوەی هەیە، لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسیارێتییەكانی خۆی وەك هاوپەیمانان جێبەجێ كردووە، زیاتر لەوە و وەك وڵاتێكیش لە چوارچێوەی پێوەندی دوولایەنە، هاوكاری تەكنیكی پێشكەشی هەرێمی كوردستان دەكات لەسەر ئاستی سەربازی و راوێژ و مەشقی هێزی پێشمەرگە، ساڵانە وەرگرتنی چەند ئەفسەرێك لە ئەكادیمیای سەربازی شاهانە، هەروەها هاوكاری لە پرۆسەی ڕیفۆرم.

ئایا لەسەر ئاستی یاسا كە بۆ هەرێم گرنگە، بەریتانیا هاوكاری هەرێمی كردووە؟

بەڵێ بە دڵنیاییەوە، لەسەر ئاستی هاوئاهەنگی دادوەری و رۆڵی یاسا، بەریتانییەكان خولی راهێنانیان بۆ ژمارەیەك لە دادوەرەكانمان كردووەتەوە .

لەسەر ئاستی خوێندنی باڵا چی؟

لەسەر ئاستی ڕۆشنبیری و خوێندنی باڵا، ساڵانە ژمارەیەك خوێندكاری كورد لە چوارچێوەی  بەرنامەی چیڤنینگ دێنە بەریتانیا بۆ خوێندنی باڵا، ئەمەش پڕۆژەیەكی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیایە و كونسوڵگەی گشتی لە هەرێم، هەمیشە دووپاتیان لەسەر دابینكردنی پشكی هەرێمی كوردستان كردووەتەوە لەو پڕۆژەیە كە ساڵانە دەرفەت بۆ ژمارەیەك  خوێندكار دەڕەخسێنرێت بۆ خوێندنی باڵا، هەروەها لەسەر ئاستی كو‌لتووری و كۆمەڵایەتی و پەروەردە بە هەمانشێوە هاوكاری و پردێكی بەهێزی پێوەندی هەیە.

لەسەر ئاستی دیپلۆماسی پێوەندییەكان لە چ ئاستێكدان، كابینەی نۆ هەوڵی بەرەوپێشبردنی پێوەندییەكانی داوە؟

وەك ئاماژەم پێ دا، پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەریتانیا پێوەندی تایبەت و مێژوویین و لەسەر زۆر ئاست بنیات نراوە، بەریتانیا وڵاتێكی گرنگ و خاوەن بڕیارە و كاریگەری زۆری هەیە بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەوانەش عێراقی فیدراڵ، بێگومان كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم كاری لەسەر برەودانی زیاتر بە پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتی بەریتانیا كردووە و فراوانیشی كردووە، بەریتانییەكان دەخوازن هەرێمی كوردستان بەهێز بێت و لەسەر زۆر پرس و بابەت راوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا دەكرێت لەنێوان هەردوولادا، زۆرجاریش لەڕێی پێوەندی تەلەفۆنییەوە كاربەدەستانی بەریتانیا لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتیان لە ها‌وكاری و پشتیوانی بەریتانیا كردووەتەوە.

ئایا بەریتانیا بە گرنگ دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان بەو پێیەی كە هەرێم رۆڵی سەرەكی هەیە لە دروستكردن و بنیاتنانەوەی عێراق ؟

بەدڵنیاییەوە هەمیشە بەریتانیا بەگرنگییەوە روانیویەتە هەرێمی كوردستان و گەلی كوردستان، ئەمەش لە لێدوان و بەیاننامە و هەڵوێستە فەرمییەكانی حكوومەتی بەریتانیا رەنگی داوەتەوە، بەریتانییەكان دەزانن كە هەرێمی كوردستان دەتوانێ رۆڵی هاوسەنگ و كاریگەر لە پرۆسەی سیاسی عێداقدا دەبینێت، لەو سۆنگەیەشەوە دەیانەوێ هەرێمی كوردستان یەكگرتوو و یەكدەنگ بن، هەمیشە دووپات لە كوردستانی بەهێز دەكەنەوە له ‌چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ، بۆ ئەوەی رۆڵی كاریگەری خۆی ببینێت لە سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی ناوچەكە كە ئەمەش لە بەرژەوەندی هەردوولاماندایە.  

لە چوارچێوەی ئابووریدا هەوڵ دراوە كۆمپانیا گەورە و وەبەرهێنەرەكانی بەریتانیا بنێرێنە هەرێمی كوردستان بۆ پڕۆژە و وەبەرهێنان؟

بەڵێ ئەمە یەكێك‌ لە ئەركەكانمانە كە برەو بە پێوەندییە ئابوورییەكان بدەین و فراوانی بكەین، بەڵام بێگومان قەیرانە بەردەوامەكانی دارایی و شەڕی داعش و هەڵكشان و داكشان لە پێوەندییەكانی حكوومەتی فیدراڵ و هەرێم، كاریگەری خۆی هەبووە لەسەر دۆخی ئابووری و بەرەوپێشوەچوونی وەبەرهێنانی بیانی لە هەرێم بەشێوەیەكی گشتی، بۆیە ئێستە یەكێك لە كارە لە پێشینەكانمان، ژیاندنەوەی پێوەندییە ئابوورییەكانە كە لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا تووشی چەندان ئاستەنگ بووبووینەوە لە هەرێمی كوردستان، هەروەها زیاتر بەهێزكردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لەگەڵ بەریتانیا، ئەم پێوەندییە بازرگانییانە لە چەقی هەوڵەكانمان دەبێت بۆ ئەوەی هەردوولامان سوود لەو دەرفەت و كارانە ببینین كە بازرگانی و وەبەرهێنان دروستی دەكەن، لە بەرانبەریشدا گەشەی پێوەندی ئابووری پشتی بەستووە بە ئاسایش و ئارامی كە ژینگەیەكی لەبار دروست دەكات بۆ بووژانەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانی زۆری كردووە لە دابینكردن و بەهێزكردنی ئاسایش لە كوردستان، ڕاستییەكەی بڵێین هەرێمی كوردستان بازاڕێكی سەرنجڕاكێشترە و ئارامترە بۆ بەریتانییەكان بە بەراورد بە بەشەكانی تری عێراق، هەلی بازرگانی و وەبەرهێنان پێشكەش بە سێكتەرە جیاجیاكان دەكات، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ و رەنجێكی زۆری داوە بۆ سەرنجڕاكێشانی وەبەرهێنەرە بەریتانییەكان، گەشەپێدانی كەرتی نەوت و گاز گرنگ بوو لە دەیەی ڕابردوودا، بەڵام سیاسەتی ئێستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دووركەوتنەوەیە لە پشتبەستنی تەواو بە داهاتەكانی كەرتی وزە، فرەسەرچاوەكردنی داهاتی ئابووری، پێویستییەكی گرنگە بۆ گەشەسەندنی درێژخایەن و بەردەوامی ئابووری هەرێم و لایەنێكی سەرەكی ستراتیجی ئابووری و كۆمەڵایەتی حكوومەتەكەمانە، لەبەرئەوەشە حكوومەتی هەرێم بوارەكانی كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری وەك ئەولەویاتەكانی وەبەرهێنان راگەیاندووە كە كۆمپانیا بەریتانیاكان دەتوانن هەلی باشی تێدا ببیننەوە .

دیارە چەند كۆمپانیای بەریتانی لە هەرێمدا كار دەكەن؟

 ئێمە دڵخۆشین بە بوونی زیاتر لە 140 كۆمپانیای بەریتانی لە هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكانی وزە، ئاسایش، نەخشەسازی، ئەندازیاری، كۆمپانیای ڕاوێژكاری، دەرمان و هەندێك بواری تر.

گرنگیی هەرێمی كوردستان بۆ بەریتانیا چییە؟ 

بەریتانیا پێوەندییەكی درێژ و مێژوویی هەیە لەگەڵ گەلی كورد كە دەگەڕێتەوە بۆ سەتەیەك لەمەوپێش، پێوەندییەكانمان لەگەڵیان لەو سەردەمانەوەیە كە ئیدارەی عێراقیان دەدا،  پاشان لەو كاتانەی كە رۆڵیان دەبینی لە چاودێریكردنی ئاسمانی عێراق لە ساڵانی نەوەتەكان و دابینكردنی نەوای ئارام بۆ كورد، ئەمەش گەواهی ئەو راستییەن كە بەریتانییەكان ددانیان ناوە بە گەلی كورد و لە زۆر كاتیشدا پابەندبوونی گونجاویان هەبووە بەرانبەرمان، بێگومان وەك خۆیان دەڵێن بەهیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی بەریتانیادا نییە هیچ وڵاتێك لەوانەی كوردیان بەسەردا دابەش بووە، بە یاسا یان بە هێز شوناسی كورد لەناو ببەن، چونكە هەر لە سەرەتاوە یەكێك لە هۆكارەكانی لكاندنی بەشێكی كوردستان بە عێراقی نوێوە، بۆ دروستكردنی هاوسەنگی بووە لە عێراقدا، دەزانن لاوازبوون یان لاوازكردنی پێكهاتەی كورد و قەوارەی هەرێمی كوردستان، ناسەقامگیری بەرهەم دێنێت، ئێستە جگە لەوەش دەبینن كە هەرێمی كوردستان وەك گەمەكارێك، كارەكتەرێكی گرنگە لە ناوچەكەدا و رۆڵی هەیە و بەریتانییەكان خواستی گفتوگۆیان هەیە لەگەڵ سەركردایەتی كورد لەبارەی‌ بابەت و پرسە هەرێمایەتییەكان، سەردانەكانی بەرپرسە باڵاكانی حكوومەتی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان، ئاماژەن به ‌گرنگیدانی بەریتانیا بە هەرێم و دەربڕینی هاوبەشێتی خۆیان لەگەڵماندا، ئەمانەش لەسەر ژمارەیەك بەرژەوەندی هاوبەش بنیات نراون و لە هەمووشیان گرنگتر بەرژەوەندی سەقامگیری و ئاسایشە.