نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەیەك لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی ساز دەکات

بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی و کەسایەتی و چالاکوانان و ژمارەیەك ئەکادیمی کورد لە بەریتانیا، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەت سازکرا.
کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا سەرەتا خۆشحاڵی خۆی بەو دیدارە دەربڕی و جەختی لەسەر گرینگی ئەو جۆرە دیدار و کۆبوونەوانە کردەوە لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی بەمەبەستی لێکنزیکبوونەوەی زیاتر و ئاڵ و گۆڕکردنی بیروڕاو به‌ ئامانجی زیاتر بەهێزترکردنی پێگە و کاریگەرییەکانی ڕەوەندی کوردستانی لە بەریتانیا بۆ خزمەتکردنی پرسە ڕەواکانی کوردستان.
نوێنەری حکومەتی هەرێم ووتی: “ڕۆڵی کۆمەڵگای کوردستانی لە بەریتانیا زۆر گرینگە. کوردستانیان توانیویانە خزمەتێکی باشی پرس و دۆزی گەلی کورد بکەن و کاریگەریان هەبووە. ئێمە حەز دەکەین لە نزیکەوە و پێکه‌وه‌ کار بکەین بۆ ئەوەی بتوانین باشترین خزمەت بە هاووڵاتیانی خۆمان لە بەریتانیا بگەیەنین، هاوکات سوود لە توانا و بەهرەکانی ئەندامانی کۆمەڵگای کوردی لە بەریتانیا وەربگرین و بۆ گەشەپێدانی زیاتری هەرێمی کوردستان.”
لە کۆبونه‌وه‌که‌دا بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا له‌سه‌ر چۆنێتی ڕێکخستنی په‌یوه‌ندی کۆمه‌لگای کوردی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان و ده‌ستنیشانکردنی باشترین شێواز، هاوکات دەستنیشانکردنی ئەو پرس و گرفتانەی کە ڕووبەڕووی کوردستانیانی بەریتانیا دەبنەوە بۆ ئەوەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بتوانن ڕێگە چارەیان بۆ بدۆزنەوە.
ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە تیشکیان خستە سەر کێشە و گرفتەکان و ژمارەیەك پێشنیاریان دەربارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە پێشکەشکرد. پرسی لۆبیکردن لە بەریتانیا و شیوازه‌کانی بایه‌خی زۆری پێدراو پێشنیارو ڕێکاری گرینگ خرانه‌ڕوو به‌مه‌به‌ستی دروستکردنی کاریگه‌ری زیاتر له‌سه‌ر ناوه‌نده‌کانی بڕیار.
هاوکات به‌شداربوانی کۆبوونه‌وه‌ گرینگییه‌کی زۆریان دا به‌ بوژاندنه‌وه‌‌ و پێکهێنانی کۆمه‌ڵگا کوردی و ڕۆشنبیرییه‌کان بۆ زیاتر هاندان و پێشخستنی کۆمونیتی کوردی له‌ گشت بواره‌کاندا.
شایانی باسە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بە بەردەوامی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ڕەوەندی کوردستانی ئەنجام دەدات، هاوکات لەگەڵ گرووپ و ڕێکخراو و تاکەکان بە بەردەوامی کۆدەبێتەوە بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە شارەزاییەکانی یەکتر و دروستکردنی پەیوەندیەکی تەندروست بە ئامانجی خزمەتکردنی کوردستان.