جێگری سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ (گروپی په‌رله‌مانتارانی گشت پارته‌کانی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا بۆ دۆستایه‌تی هه‌رێمی کوردستان) کۆبۆوه
بەمەبەستی بەدواداچوونی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا سه‌ردانێکی ئه‌لیکترۆنی بۆ گرووپی دۆستایەتی هه‌رێمی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم ڕێکخست.
له دیداره‌که‌دا سه‌ره‌تا ڕۆبەڕت هاڵفن سەرۆکی گرووپی دۆستایه‌تی سوپاسی نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی کرد بۆ ڕێک خستنی دیداره‌که و به‌ناوی خۆیی و ئه‌ندامانی گرووپی دۆستایه‌تی خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی دیداره‌که نیشاندا و جه‌ختیان له بەردەوامبوونی هه‌وڵه‌کانی گروپی دۆستایه‌تی کرده‌وه بۆ زیاتر به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا.
پاشان کاروان جه‌مال تاهیر نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له به‌ریتانیا سوپاسی ئاماده‌بوانی کرد و ڕایگه‌یاند هه‌رچه‌نده په‌تای کۆڕۆنا ڕێگر بوو له ئه‌نجامدانی سه‌ردانی گروپی دۆستایه‌تی بۆ هه‌رێمی کوردستان که ساڵانه وه‌ک پابه‌ندبونێک ئه‌نجامیان داوه، ئه‌مساڵ پهپێویستمان زانی بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ دۆخی نوێ، گروپی دۆستایه‌تی سه‌ردانێکی ئه‌له‌کترۆنی ئه‌نجام بده‌ن و له‌نزیکه‌وه گوێبیستی دۆخی سیاسی و ئابووری و ئاسته‌نگییه‌کان و دیدی حکومه‌تی هه‌رێم بن.
دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وه‌زیرانی هەرێمی کوردستان پوخته‌یه‌کی له‌سه‌ر پەتای کۆڕۆنا و ڕێکاره‌کانی ڕوبه‌ڕووبونه‌وه و کاریگه‌رییه‌کانی کۆڤید-١٩ له ڕووی ته‌ندرووستی و کهموکورتییهكان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها هێمای بۆ پێداویستیەکانی هه‌رێمی کوردستان بۆ زیاتر زاڵ بوون بەسەر په‌تاکه و کۆنتڕۆڵکردنی کرد ، هاوکات باسی له کاریگه‌رییه ئابوورییه‌كانی په‌تاکه له‌سه‌ر هەرێمی کوردستان کرد، به‌تایبه‌تی که‌مبونه‌وه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هه‌رێمی و دابه‌زینی نرخی نه‌وت که ڕاسته‌وخۆ کاریگه‌ر بوون له‌سه‌ر دابه‌زینی ئاستی داهاتی هه‌رێم.
هەر لە درێژەی قسەکانیدا، قوباد تاڵەبانی باسی لە پەیوەندیەکانی نێوان هەوڵیر و بەغدا کرد و ڕایگه‌یاند که په‌یوه‌ندییه‌کان به هه‌ڵکشان و داکشانی زۆردا تێپه‌ڕیوه و له کابینه‌ی نۆیه‌می حکومه‌تی هه‌رێم بڕیاریان داوه که گفتوگۆی جدی بکه‌ن بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کان، له‌و ڕووه‌وه ئاماژەی بە به‌رده‌وامی گفتوگۆکانی نێوان هه‌ردوولا دا‌و ووتی ” کە ده‌ره‌نجامی گفتوگۆکان به‌ره‌وپێشه‌وه‌چونی تۆمارکردووه‌و ئه‌مه‌ش سودی ده‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند که هه‌رێمی کوردستان هه‌میشه په‌یوه‌ندی باشی هه‌بووه له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیره‌کانی حکومه‌تی فیدڕاڵ، به‌ڵام له هه‌مانکاتدا ئێمه خواستی به‌دامه‌زراوه‌یی کردنی په‌یوه‌ندییه‌کانین و هه‌وڵ ئه‌ده‌ین ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق یه‌کلاکه‌ره‌وه و سه‌رچاوه‌ی کێشه‌کان بێت”.
هەر لە درێژەی ووتەکانیدا جێگری سەرۆک وه‌زیرانی هەرێم باسی لە بەردەوامی هەڕەشەکانی داعش کرد لەسەر ئاسایشی و سه‌قامگیری ناوچەکە و ڕایگه‌یاند که بوونی بۆشایی ئه‌منی و له‌ناوچه‌کانی کێشه له‌سه‌ر گرفتی نائارامی درووست کردووه و به‌دڵنیاییه‌وه داعش سوود وه‌رده‌گرێت له نائارامی سیاسی و ئه‌منی، ئه‌مه‌ش ده‌بێت زیاتر هه‌موومان هانبدات بۆ هه‌ماهه‌نگی زیاتر نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق و هاوپه‌یمانان به ئامانجی ڕێگری‌کردن له سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی داعش به‌تایبه‌تی له ناوچه‌کانی جێگه ناکۆک.
دواتر سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم وێڕای سوپاس و پێ‌زانین بۆ پشتگیری بەردەوامی گرووپی APPG لە هەرێمی کوردستان، جەختیشی لەسەر گرینگی برەودان بە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا کردەوە و ئاماژه‌ی به ده‌رفه‌ته‌کانی هه‌ماهه‌نگی ئابووری و بازرگانی کرده‌وه لە بواره‌کانی کشتوکاڵ و په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا و ، لەو سۆنگۆیەشەوە خواستی هه‌رێمی ده‌ربڕی کەوا لە دوای کۆتایی هاتنی کۆڕۆنا شاندە بازرگانیەکانی بەریتانیا سەردانی هەرێم بکەن و کاری وەبەرهێنان ئەنجام بدەن هه‌روه‌ها زیاتر بره‌و به په‌یوه‌ندیه که‌لتووری و ڕۆشنبیرییه‌کان بده‌ن.
هه‌ر له دیداره‌که‌دا سه‌فین دزه‌یی تیشکی خسته سه‌ر دۆخی ئاوه‌ره و په‌ناهه‌نده‌کان و ڕایگه‌یاند که حکومه‌تی هه‌رێم وێڕای بارگرانی به‌ڵام پابه‌ند ده‌بێت به ئه‌رکه نیشتمانی و مرۆییه‌کانی به‌رامبه‌ر به ئاواره‌کان و هیوای خواست که حکومه‌تی عێراق و کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی زیاتر هاوکاربن و پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شوێنه‌کانی خۆیان بکرێته ئه‌وله‌ویه‌ت.
هاوکات به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه تیشکی خسته سه‌ر گرژییه هه‌رێمییه‌کان به‌تایبه‌تی ئاڵۆزییه‌کانی سه‌رسنوور و ڕایگه‌یاند کەوا په‌یوه‌ندییه‌کی مێژووی هه‌یه له‌گه‌ڵ دراوسێکانمان و ده‌مانه‌وێت ئه‌و په‌یوه‌ندیانه دۆستانه و له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزی هاوبه‌ش بن و که‌مترین گرژی دروستبکرێت له‌سه‌ر سنوره‌کان و ڕێگه‌ی سه‌ربازی نه‌بنه چاره‌سه‌ری کێشەکان و گفتوگۆکردن ته‌نها ڕێگه‌ی ئاشتیی و سه‌قامگیری بێت.
دواتر ژمارەیەك پرسیار و بەدواداچوون لە لایەن سەرۆك و ئەندامانی په‌رله‌مانی گرووپی دۆستایه‌تی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ئاراسته‌ی جێگری سەرۆک وه‌زیرانی هه‌رێم و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەەروە کران و جێگه‌ی باسه ووهڵامهکان و لێکدانه‌وه‌کانیان ده‌بێته به‌شێک و ره‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت له‌و ڕاپۆرته‌ی که په‌رله‌مانتاران ئاماده‌ی ئه‌که‌ن و پێشکه‌شی حکومه‌تی به‌ریتانیای ئه‌که‌ن .
شایانی باسە گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا ساڵانە شاندێکیان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە ناحکومیەکان ساز دەکات بەمەبەستی بەدواداچوون بە دوایین پێشهات و ڕووداوەکان لە هەرێم و عیراق و ناوچەکە. بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا ئەمساڵ ڕێگربوو له ئه‌نجامدانی سه‌ردانی گروپی دۆستایه‌تی، بەڵام هاوکات دۆخی ئێستای جیهان بە هۆی نەخۆشی کۆڕۆناوە ڕێگر نەبوو لەبەردەم هەوڵەکانی ئەو په‌رله‌مانتارانی دۆست لە به‌رده‌وامبوونی پشتگیری و پاڵپشتی بۆ هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانیان بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش گرووپەکە لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە دیدار لەگەڵ حکومەت و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ساز دەکەن.
١٤ ته‌موزی ٢٠٢٠