نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم ڕۆژی جیهانی ژنان بەرز ڕادەگرێت

بە بۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ئافرەتان، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا نیوەڕۆخوانێکی بۆ ژمارەیەك لە خانمە کارا و چالاکەکانی کۆمەڵگای کوردی له‌ بواره‌ جیاکاندا لە بەریتانیا ڕێکخست.

نوێنەری حوکمەتی هەرێم پیرۆزبایی ئەو بۆنەیەی لە ئامادەبوان کرد و دەستخۆشی لێکردن بۆ ڕۆڵی دیاریان و دەسکەوتەکانیان لە بوارەکانی ئابوری، سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەروەها ووتی: ” شانازای بەوە دەکەین ئەمڕۆ یادەوەری ئەو ڕۆژە لەگەڵ ژمارەیەك لە ئافرەتی کوردی سەرکەوتوو دەکەینەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەوەی بەربەستەکانی بەردەم هەلی یەکسانی نەهێڵێت و هەموو جۆرە جیاکارییەك دژ بە ئافرەتان بنبڕ بکات بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و پێشکەوتوو دروست بکەین. بەیەکەوە دەتوانین کاری زیاتر بکەین بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەك بنیاد بنێین کە تیایدا خانمان ده‌رفه‌تیان هه‌بێت ڕۆڵی خۆیان ببینن، پێگه‌ی خۆیان زیاتر به‌هێز بکه‌ن و کۆمەڵگایەك دروست بکەین دوور بێت لە توند و تیژی دژ بە ژنان و کچان.”

بۆنەکە هەلێکی باش بوو بۆ کۆبوونەوەی خانمە ئەکادیمیەکان، خاوەن کارەکان، نوێنەرانی پارتە سیاسیەکان و چالاکوانەکان بۆ ئەوەی یەکتر بناسن و بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکه‌ن له‌سه‌ر ته‌واوی پرسه‌کانی په‌یوه‌ست به‌ ژنان و چۆنیەتی بره‌ودان به‌ ڕۆڵیان و کارکردن بۆ تێپه‌ڕاندنی به‌ربه‌سته‌کانی کۆمه‌ڵگا.

٨ ی مارس ٢٠٢٠