نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزان لە ڕەوەندی کوردستانی دەکات

به‌ بۆنه‌ی کۆتایی هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز و جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانه‌وه‌،‌ به‌ناوی خۆم و نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا گه‌رمترین پیرۆزبایی جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان ئاراسته‌ی سه‌رجه‌م موسڵمانانی كوردستان وه‌ به‌تایبه‌تی هاونیشتمانیانی ڕه‌وه‌ندی کوردستانی ده‌که‌م.

ئه‌م جه‌ژنه‌مان زۆر جیاواز له‌وانی تر به‌هۆی بڵاووبونه‌وه‌ی په‌تای کۆڕۆنا و ڕێکاره‌ ته‌ندرووستییه‌کان و دوره‌په‌رێزی کۆمه‌ڵایه‌تی وا ده‌خوازێت که‌ دوور له‌ خۆشه‌ویستان و ئازیز و دۆستان جه‌ژن بکه‌ینه‌وه‌، هاوکات جێگه‌ی نیگه‌رانی زۆریشمان بوو که‌ ژماره‌یه‌ك هاونیشتمانیانی ڕه‌وه‌ندی کوردستانی بوونه‌ قوربانی په‌تای نه‌گریسی کۆڕۆنا و ماڵئاواییان لێکردین، ڕوحی پاکیان شادبێت و ئومێدی شفای خێراش بۆ نه‌خۆشانی په‌تاکه‌ دەخوازین.

ئومێده‌وارین جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانی پیرۆز جه‌ژنی خێرو خۆشی و به‌خته‌وه‌ری و ئارامی بێت، هاتنه‌دی ئاوات و خواستی هه‌موان بێت و هه‌رێمی کوردستان و هاونیشتمانیانی زاڵبێت به‌سه‌ر قه‌یرانه‌کانی به‌رۆکی گرتووین، داواكارین له‌ یه‌زدان ڕۆژوو تاعه‌تی هه‌موولایه‌کی قبوڵ کردبێت .

به‌ هیوای کاتێکی ئارام و ته‌ندرووستییه‌كی باش بۆ هه‌موان

هه‌ر شادوو سه‌رفرازبن و دوو باره‌ جه‌ژنی ڕه‌مه‌زانتان پیرۆز بێت

کاروان جه‌مال تاهیر

نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا

له‌نده‌ن

٢٣ ئایاری ٢٠٢٠