نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم و پڕۆگرامی یادەوەریەکانی کوردستان یادەوەریەك بۆ جینۆسایدی کورد ساز دەکەن

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە هەماهەنگی لەگەڵ پڕۆگرامی یادەوەریەکانی کوردستان KMP و گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی بەریتانیا بۆ پشتگیری لە کوردستان APPG بۆنەیەکیان لە BAFTA سازکرد کە یەکێکە لە ناودارترین هۆڵەکانی نمایشکردنی فیلمە جیهانیەکان لە سەنتەری لەندەن بۆ یادکردنەوەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفال، وە ڕاگەیاندنی “پڕۆگرامی یادەوەریەکانی کوردستان” لە ئەوڕوپا و نمایشکردنی فیلمێکی دۆکیومەنتەری بەریتانیا کە پێشتر لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە واشنتن نمایشکراوە کە لە لایەن دەرهێنەر گوین ڕۆبەڕتس بەرهەم هێنراوە بە ناونیشانی “خێزانێکی ئێزیدی بەرانبەر داعش”، وە چەند کورتە فیلمێکی تر.

پڕۆگرامی یادەوەریەکانی کوردستان بەرنامەیەکی تایبەتە بە بەئەرشیفکردنی مێژووی هاوچەرخی کورد بە دەنگ و ڕەنگ، وە بە دۆکیومەنترکردنی دەنگ و مێژووی گەلی کورد بۆ نەوەکانی داهاتوو. پڕۆگرامەکە چیڕۆکی تاکەکان ئەوانەی دووچاری ئەشکەنجەدان هاتون لە ژێر دەستی سەدام، وە ئەوانەشی ئێستا تووشی نەهامەتی و کوشتن و دەربەدەری بوون لەسەر دەستی داعش بۆ ئەوەی ڕاستیەکان وەك خۆی بگەیەندرێتە جیهانی دەرەوە.

کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە ووتاری کردنەوەی بۆنەکەدا ئاماژەی بەوەدا کەوا ئەنفال دژ بەگەلی کورد دەگەڕێتەوە دەیان ساڵ بەر لە ئێستا و ژمارەیەکی نا هەژماری قوربانیانی لێکەوتۆتەوە. ووتیشی:
“تاوانی هەڵەبجە دڕەندەترینیان بوو. ڕژێمی بەعش تاوانەکانی لە دژی کورد ئەنجامدا تەنها بە مەبەستی تێکشکاندنی خواستەکانی ئەو گەلە، وە بۆ ڕێگەگرتن لە پڕاکتیزەکردنی مافە دیموکراتیەکانیان. ئەم ئێوارەیە ئێمە یادەوەری قوربانیان و هەموو ئەو قارەمانانەی کە گیانی خۆیان کردە قوربانی بۆ پاراستنی کوردستان دەکەینەوە.”

لەلایەکی ترەوە نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا ووتی کەوا بەریتانیا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ناساندنی ئەو تاوانانە بە جینۆساید. داواشی لە کۆمەڵگای نیودەولەتی کرد کار لەسەر بەجینۆسایدکردنی ئەو تاوانانە بکەن لە دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان کە دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجامدراون. ووتیشی: ” دەبێت تەئکید لەسەر ئەوە بکەینەوە کە جارێکی تر ئەو کارە نامرۆییانەی تیرۆر دووبارە نەبنەوە.”

دواتر گوین ڕۆبەڕتس دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری دامەزراوەی پڕۆگرامی یادەوەریەکانی کوردستان  KMP لە ووتەیەکیدا ئاماژەی بەوەدا کەوا ڕاگەیاندنی پڕۆگرامەکە لە بافتا خۆی لە خۆیدا سەرکەوتنێکی گەورەیە، وە خۆشحاڵی خۆی بە ئامادەبوونی ئەو ژمارە بەرچاوەی ئامادەبووان نیشاندا، ووتیشی: “ئامانجی پڕۆگرامی یادەوەریەکانی کوردستان بە دۆکیومەنتکردنی چیڕۆکە دڵتەزێنەکانی گەلی کوردە بۆ جیهانی دەرەوە. ئەمڕۆ دڵخۆشین کەوا ژمارەیەكی زۆری میوانی نێودەولەتی ئامادەی نمایشکردنی چەند فیلمێك دەبن لەسەر تراجیدیاکانی گەلی کورد و دواڕۆژی هیوابەخشی ئەو گەلە لە کوردستان.” شایانی باسە لە بۆنەکەدا باڵیۆزی عیراقی فیدڕاڵ ، ژمارەیەك دیبلۆمات و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند و ڕەوەندی کوردستانی ئامادەی بۆنەکە بوون. لە کۆتایی بۆنەکەشدا ئێوارە پێشوازییەك بۆ ئامادەبوان لەگەڵ کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم و گوین ڕۆبەڕتس بەڕێوەبەری بەرنامەی یادەوەریەکانی کوردستان ڕێکخرا