نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا دیدارێکی ئابووری و بازرگانی بۆ شاندێکی بازرگانی هه‌رێمی کوردستان لە لەندەن ڕیکخست

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزاوەی شارەزایانی بەریتانیای جیهانی ( British Expertise International) کۆڕبه‌ندێکی بازرگانی بۆ شاندی ژوورەکانی بازرگانی و پیشەسازی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەك کۆمپانیا و پیاوی کاری بەریتانیا سازدەکات.

لەو بۆنەیەدا کە دارا جلیل خەیات سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و سیروان محمد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و ایاد عبدالحلیم سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك و شاندی یاوەریان ئامادەبوون باس لە بارودۆخی سەقامگیری کوردستان و ده‌رفه‌ته‌کانی کار و وه‌به‌رهێنان لە هەرێمی کوردستان کرا.

سەرەتا دێرێك سانیاهەمبی جێگری بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی شارەزایانی بەریتانیای جیهانی بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و کورتەیەکی لەسەر دامەزراوەکەیان پێشكەش کرد کە زیاتر لە ٢٥٠ ئەندام لە کۆمپانیا و پیاوانی کار لە خۆ دەگرێت. ووتیشی کەوا دامەزراوەکەیان خۆشحاڵ ده‌بێت بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هانی کۆمپانیا و وه‌به‌رهێنه‌رانی بەریتانیایی ده‌ده‌ن بۆ ئەوەی کاری وەبەرهێنان لە کوردستان ئەنجام بدەن.

دواتر کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی دامەزراوەکەی کرد بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەکە کە بەرهەمی دیدار و کۆبوونەوەکانی نوێنەرایەتیە لەگەڵ دامەزراوەی ناوبراو و هیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا بتوانن بە یەکەوە سەردانی شاندێکی بازرگانی لە کۆمپانیاکان و پیاوانی کاری بەریتانیا ڕێکبخەن بۆ ئەوەی دیدار لەگەڵ کۆمپانیا و پیاوانی کاری کوردستان و دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان ئەنجام بدەن و له‌ نزیکه‌وه‌ ئاشنای ده‌رفه‌ت و ژینگه‌ی وه‌به‌رهێنان ببن له‌ هه‌رێم . ووتیشی قۆناخێکی نوێ لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە پێش و ده‌خوازین که‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌کان جارێکی تر ببوژێنینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ دێت که‌ حکومه‌تی هه‌رێم تاڕاده‌یه‌کی زۆر باش به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌کانی ڕووبه‌ڕووی بوبووه‌وه‌ له‌ ڕابردوودا چاره‌سه‌ر کردووه‌ و هەرێمی کوردستان وه‌ک جاران ده‌بێته‌ خاڵێکی گرنگی وه‌به‌رهێنان و هەلی و ده‌رفه‌ته‌کان زۆرده‌بن. هاوکات ئامادەباشی نوێنەرایەتی حکومەتیشی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییه‌ک دووپات کردەوە.

دواتر دارا جلیل خەیات سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە تێر و تەسەل باسی لە بارودۆخی سەقامگیری کوردستان کرد و تیشكی خستە سەر هەلەکانی وەبەرهێنان و بیزنیس لە کوردستان. ناوبراو ووتی کەوا کاتی ئەوە هاتووە کۆمپانیا بەریتانیاکان جارێکی تر ڕوو لە کوردستان بکەنەوە بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە هەلەکانی کار و وەبەرهێنان، ووتیشی کەوا زۆربەی کۆمپانیا جیهانیەکان جارێکی تر ڕوویان لە بازاڕەکانی کوردستان کردۆتەوە و پێویستیشە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی مێواندار و دام و دەزگاکانی ترەوە کار بەیەکەوە بکەین بۆ ڕێگە خۆشکردن بۆ کۆمپانیا بەریتانیاکان بۆ ئەوانیش دەست بە کارەکانیان بکەنەوە لە هەرێم.  باسیشی لە کێشەی پێدانی ڤیزە کرد بۆ کۆمپانیا کوردستانیەکان کە دەیانەوێت سەردانی بەریتانیا بکەن بەمەبەستی وەبەرهێنان و بینینەوەی هاوبەش بۆ پڕۆژەکان لە کوردستان. داواشی کرد ئاسانکاری لە بەخشینی ڤیزە بۆ پیاوانی کار و کۆمپانیاکانی کوردستان بکرێت.

دواتر سیروان محمد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی تیشکی خستە سەر هەلەکانی کار و وەبەرهێنان لە شاری سلێمانی و ئاماژەی بەوەدا کەوا کوردستان یاسایەکی تایبەتی هەیە بە وەبەرهێنان کەوا باشترین یاسایە لە ناوچەکە و خزمەت و ئاسانکاری زۆر پێشکەش بە وەبەرهێنەرە بیانیەکان دەکات. ووتیشی هەلی وەبەرهێنان گەلێك زۆرن لە کوردستان کە کۆمپانیا بەریتانیاکان دەتوانن سوودی لێوەربگرن. وه‌ ڕایگه‌یاند که‌ بەریتانیا مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لەگەڵ عێراق و هەرێم، وە پێویستە لەو سۆنگۆیەشەوە کارئاسانی بۆ کۆمپانیاکانیان بکرێت. ووتیشی ساڵی داهاتوو ساڵی زێڕین دەبێت لە عیراق و کوردستان سه‌باره‌ت به‌ گه‌شه‌ی ئابووری.

دواتر ئەیاد عبدالحلیم سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆك ئاماژەی بەوەدا کەوا هەرێمی کوردستان یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین هەرێم لە ناوچەکە و کەوتۆتە شوێنێکی ستراتیژی و ژمارەیەك ووڵات بەیەکەوە دەبەستێتەوە، هاوکات دەرگای سەرەکی بیزنیسە بۆ هەموو عیراق و کۆمپانیا بیانیەکان دەتوانن لە هەرێمەوە کارەکانی به‌شه‌کانی تری عیراقیش بەڕێوە ببەن. وه‌ ڕایگه‌یاند که‌ ژینگەی کار و وەبەرهێنان لە کوردستان کراوەیە و هەلەکانی وەبەرهێنان لە تەواوی سێکتەرەکاندا هەیە لەبەردەم بیانیەکان بۆ ئەوەی کاری وەبەرهێنان ئەنجام بدەن و سوود بە خۆیان و بە هەرێمیش بگەیەنن.

سەرۆکەکانی هەرسێ ژوورەکە ئامادەباشی خۆیان بۆ هەر جۆرە ئاسانکاریەك دەربڕی بۆ کۆمپانیا بەریتانیاکان، وە داوایان لە دامەزراوەی شارەزایانی بەریتانیای جیهانی کرد شاندێکی بازرگانی بێننە کوردستان بۆ ئەوەی لە نزیکەوە دیدار لەگەڵ هاوتاکانیان لە کوردستان ئەنجام بدەن و کار و پڕۆژەی هاوبەش ئەنجام بدەن.  لە کۆتاییشدا لە لایەن کۆمپانیا و پیاوانی کاری بەریتانیا کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون ژمارەیەك تێبینی و پرسیار پێشکەش کران و لە لایەن شاندەکەی هەرێم وەڵامیان درایەوە