نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا ئاهەنگی هاوینەی ساڵانەی خۆی لە تەلاری پەرلەمانی بەریتانیا سازکرد و ژمارەیەك ووتار پێشکەش کران

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا ئاهەنگی هاوینەی ساڵانەی خۆی لە تەلاری پەرلەمانی بەریتانیا سازکرد و ژمارەیەك ووتار پێشکەش کران له‌لایه‌ن نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئەوڕوپا و ئەمریکا و سه‌رۆکی گروپی دۆستایه‌تی کوردستان و باڵێۆزی کۆماری عێراقی فیدڵاڵ.

سەرەتا پەرلەمانتار جاك لۆپریستی سەرۆکی گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی بەریتانیا بۆ پشتگیریکردن لە هەرێمی کوردستان APPG  لە دەستپێکی ووتارەکاندا ئاماژەی بەوەدا کەوا گرووپەکەیان بەردەوام دەبێت لە گەڕان بەدوای بینینەوەی باشترین ڕێگاکان بۆ کەمکردنەوەی ڕێگریەکان لەبەردەم بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا. ووتیشی: ” ئێمە بە تایبەت کار لەسەر گۆڕینی ئامۆژگاری سەفەرکردن دەکەین لەسەر ماڵپەڕی وه‌زارەتی دەرەوەی بەریتانیا، هاوکات هانی کردنه‌وه‌ی گەشتی راستەوخۆی فڕۆکەوانی ده‌ده‌ین لە نێوان بەریتانیا و هەرێم وه‌ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، هه‌ر له‌ ووته‌که‌یدا به‌ڕێز لۆپرستی ڕایگه‌یاند که‌ کارده‌که‌ن لەسەر  ناردنی شاندێکی بازرگانی بۆ هەرێم.” هاوکات خۆشحاڵی خۆی دەربڕی که‌ له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیکدا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان به‌ بەفەرمی سەردانی بەریتانیا بکەن و دیدار لەگەڵ سەرکردایەتی و سەرۆك وەزیرانی نوێی بەریتانیا ئەنجام بدەن.

لە لای خۆیەوە کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ووتارێکیدا ئاماژەی بەوەدا کەوا گردبوونەوەی ئەمڕۆ ئاهەنگ گێڕانێکی ڕاستەقینەیە بۆ شەڕاکەتی ڕاستەقینەی نێوانمان و خواستەکانمان بۆ داهاتوویەکی گەشتر. ووتیشی: ” سوپاسگوزارین بۆ بەریتانیا بۆ پاراستنی مافەکانی گەلی کورد و پشتگیریکردن لە هەرێمێکی بەهێز.” هاوکات سوپاسی ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجومەنی لۆردەکانی کرد کەوا لە ماوەی ئەمسالدا نزیکەی ٩٠ پرسیاریان ئاڕاستەی کاربەدەستانی ئەو ووڵاتە کردووە دەربارەی هەرێمی کوردستان و پرسی ئاوارەکان لە ئایین و نەتەوە جیاوازەکاندا کە لەسەر دەستی داعش ئاوارە کراون، هاوکات ڕێکخستنی دوو دیبەیتی گەورە لە پەرلەمان دەربارەی ئەو دوو بابەتە. ووتیشی: ” هەرێمی کودرستان و بەریتانیا پەیوەندیەکی بەهێزیان هەیە، لە دەرئەنجامیشدا هەنگاوی گەورە لە نێوان هەردوولادا هاوێشتراون، وە چاوەڕێی ئەوەین بتوانین بەیەکەوە هەنگاوی زیاتر بنێێن بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوانمان بۆ ئەوەی خزمەت بە سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکە بکەین.”

دواتر سێر ئالان دەنکان وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئەوڕوپا و ئەمریکا لە ووتارێکیدا ئاماژەی بەوەدا کە کۆبوونەوەی ئەو ژمارە بەرچاوەی پەرلەمانتار و کاربەدەست و ڕەوەندی کوردستان بەیەکەوە لەو شوێنە هێمای ئەوەیە کەوا بەریتانیا پشتگیریەکی بەهێز لە هەرێمی کوردستان و هاوبەشیە مێژوویەکەی نێوانمان دەکات. ووتیشی: ” خۆشحاڵی خۆمان  دەردەبڕین بە هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی وەك سەرۆکی حکومەتی هەرێم. گرینگە هەموو پارتەکان لە هەرێم یەك هەڵوێست و یەک دەنگ بن بۆ خزمەتکردنی گەلی کوردستان.”  لە لایەکی ترەوە خۆشحاڵی حکومەتی ووڵاتەکەی بە باشتربوونی پەیوەندیەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دووپات کردەوە. ووتیشی دوو هەفتە بەر لە ئێستا سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بەخێرهاتنی دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆکی کۆماری عیراقیان کرد لە لەندەن کە هەلێکی باش بوو بۆ ئێمە بۆ جەختکردنەوە لەسەر  گرینگی هەبوونی پەیوەندیەکی تۆکمە لە نێوان هەولێر و بەغدا. هەروەها ووتی ئەوان کار دەکەین لەسەر گەشەپێدانی دام  و دەزگاکان، بوونی ئابوریەکی بەهێزتر و بەدەستهێنانی هەلەکانی کار و ژیانێکی باشتر بۆ کوردەکانی عیراق و ووڵاتەکە بە گشتی.

دواتر دکتۆر ساڵح ئەلتمێمی باڵیۆزی کۆماری عیراقی فیدڕاڵ لە بەریتانیا لە ووتارێکیدا ستایشی ڕۆڵی هاوپەیمانیەتی نێودەولەتی کرد لە شکست هێنان بە داعش، ووتیشی؛ ” بە هەماهەنگی لە نێوان پێکهاتەکانی عیراق توانیمان بەسەر دوژمنی مرۆڤایەتی (داعش) زاڵ ببین. ئیستا قۆناخێکی نوێی سیاسی لە عیراقدا هاتۆتە ئاراوە کە بریتیە لە دووبارە بنیادنانەوەی ووڵات و بینینەوەی ڕێگە چارە بۆ پرسە هەڵپەسێندراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. کار لەسەر بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان بەغدا و هەولێر دەکەین بەمەبەستی دابینکردنی ژیانێکی بەختەوەر و گەشەسەندوو بۆ هاوڵاتیانمان.”

له‌ بۆنه‌که‌دا ویڕای به‌شداربوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و لۆرده‌کان، خاتوو دەیم ڕۆزی وینتەرتن جێگری سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا و به‌ڕێز نازم زەهاوی وەزیری کاروباری خێزان و مناڵان، جەیمس سۆڕنتن کونسوڵی گشتی نوێی بەریتانیا لە هەرێم و کاربەدەستانی حکومی و حیزبی و باڵێۆزو دیپلۆماتکاران، نوێنه‌ری کۆمپانیا و پیاوانی کار، ڕێکخراوە ناحکومیەکان، هه‌روه‌ها نوێنه‌ری پارته‌ سیاسییه‌کانی کوردستان و عێراقی و ژماره‌یه‌ك له‌ ڕەوەندی کوردستانی و عیراقی ئاماده‌بوون.

شایانی باسه‌ که‌ له‌ بۆنه‌که‌دا ژەنیاری گیتار کاک ئارام محمد بە ژمارەیەك پارچە مۆسیقای کوردی و تایبه‌ت به‌ فه‌رهه‌نگی کوردستان بۆنەکەی ڕازاوەتر کرد.