نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفال بەرز ڕادەگرێت

سێ شه‌ممه‌  ١٦ ئازاری ٢٠٢١

بە بۆنەی تێپەڕ بوونی ٣٣ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پانێڵێکی بۆ ڕێزگرتن و یادکردنەوەی هەڵەبجە و ئەنفال لە ڕێگای وێبینارەوە ڕێکخست کە پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ و باڵیۆزی کۆماری عیراقی فیدڕاڵ لە بەریتانیا و ژمارەیەك پەرلەمانتار، لۆرد، سیاسەتوان، ، یاساناس و فیلمساز و شارەزا لە بواری جینۆساید و شایەدحاڵێك تێیدا بەشداربوون.

وێبینارەکە بە خولەکێك بێ دەنگی وەك ڕێز بۆ گیانی پاکی قوربانیانی ئەو کارەساتانە دەستی پێکرد و پاشان کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەخێرهاتنی پانێڵستەکانی کرد و سوپاسی بەشداربونیانی کرد لەو یادەوەریە. ووتیشی: ” ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە بۆ یادکردنەوەی تاوانەکانی جینۆساید کە لەسەر دەستی سەدام حوسەین دژ بە گەلی کورد ئەنجامدراون کاتێك بە دڕەندەترین و وەحشیانەتر  شێواز مامەڵەی لەگەڵ گەلی کورد و گەلانی عیراق لە هەموو شوێنەکانی ئەو ووڵاتە کرد  لە میانەی ٣٥ ساڵ حوکمڕانیدا لە عیراق. چاره‌سه‌ر بێبه‌زیانه‌ی ڕژێمی دیکتاتۆری بۆ دۆزی کورد هه‌وڵدانی بوو بۆ پاکتاوی ڕەگەزی گه‌لی کوردستان و کپکردنی دەنگی ئازادی ئەو گەلە بۆ هه‌تایه‌.”

دواتر پارێزگاری هەڵەبجە له‌ ووته‌یه‌کیدا ووتی ” کیمیابارانى هەڵەبجە تاوانێکى گەورەیە لەمیژووى نوێى سەدساڵەى ڕابردوودا, وه‌غه‌درێکی مێژووی گه‌وره‌ به‌رامبه‌ر دانیشتوانه‌که‌ی کراوه‌”، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند که‌ هەڵەبجە ئێستا پارێزگایەو یەکێکە لەو پارێزگایانە کە پێویستە دواى ئەو کاره‌ساته‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌سه‌ری هاتووه‌, هەم حکومەتى هەرێمى کوردستان هەم دەوڵەتى عێراقى فیدراڵ هەم کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هاوکاری بن بۆ بوژاندنه‌وه‌ی زیاترو ئاوه‌دانی، وه‌ وتی هەڵەبجە لەڕووى جوگرافیەوە خاوەنى پێگەیەکى مێژووییە لەبەر ئەوەى جۆگرافیایەکه‌ی بۆ کشتوکاڵ وە سروشتى جوانه‌که‌ێ بۆ گەشتیارى له‌ باشترین شوێنه‌کانه‌.

هاوکات تیشکی خسته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندی مێژووی هه‌ڵه‌بجه‌و به‌ریتانیا و به‌تایبه‌تی که‌  مێجرسۆن پێش ئەوەى  وەکو حاکمى سیاسى لەسلێمانى دەستبەکاربێت لە هەڵەبجە بووه‌ و له‌لایه‌ن که‌سایه‌تییه‌کانی شار میوانداری کراون و په‌یوه‌ندییه‌کی دۆستانه‌یان دامه‌زراندووه‌. هه‌روه‌ها له‌ کۆتایی وته‌که‌یدا په‌یامی بۆ بەریتانیا وە خۆرئاوا ئه‌وه‌ بوو که‌ ڕۆڵیان لە ئاوەدانکردنەوەى شاری هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌بێت لە ڕووى په‌روه‌رده‌ لە ڕووى کشتوکاڵەوە لە ڕووى پیشەسازییەوە تەنانەت لەڕووى کلتورەوە .

چونکە کلتورى هەڵەبجە لەمێژووى خۆیدا کلتورێکى ئینسان دۆست بووە, بۆ ؟ چونکە لە چلەکان کاکەیى هەبووە جولەکە هەبووە کە بەیەکەوە ژیاون و لوتکەى تۆلێرانسە, ئەوە ئەوپەڕى فۆڕمى مۆدێرنى هەڵەبجەییەکانە بەرامبەر ژیان دۆستى بەرامبەر یەکترى قبوڵکردن بەرامبەر دیالۆک ئێستاش داوامان لەبەریتانیاى گەورە ئەوەیە هاوکارى ئاوەدانکردنەوەى هەڵەبجە بکات

دواتر لۆرد ئیەن ئۆستن لە پانێڵەکەدا ئاماژەی بەوەدا کەوا ئازار مانگی یادەوەریەکانە بۆ زۆربەی کوردەکان، وە هەندێك لەو یادەوەریانە خۆشن و هەندێکیشیان زۆر تاڵن و ووتی: “مێژوو لە ڕابردوودا نامێنێتەوە گۆڕە بە کۆمەڵەکان تا ئێستاش دەدۆزرێنەوە توندوتیژی شۆڤینی دەرهەق بە کورد تا ئێستاش لە عیراق بەردەوامە، ڕابردوو  تەواو نەبووە جارێك، وە داهاتووش لەژێر سێبەری ڕابردوودا هاتۆتە ئاراوە، ئەرکی سەر شانی ئێمەش دۆستانی گەلی کورد نیشاندانی پشتگیری بەردەواممانە بۆ ئەو شوێنەی کە سەرچاوەی هیوا و ئاواتە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی.”

دواتر دکتۆر محمد جعفر  ئەلسەدر باڵیۆزی کۆماری عێراقی فیدڕاڵ لە بەریتانیا لە ووتەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کەوا ئەمڕۆ ئەوان بەشداری لە یادکردنەوەی تاوانێك دەکەن کە یەکێكە لە دڕندەترین تاوانەکانی جیهان، کە ئەویش بەکارهێنانی کازی کیمیاویە دژ بە خەڵکی سیڤیلی هەڵەبجە و ئەنفال و گۆرە بەکۆمەڵەکان کە لەسەر دەستی ڕژێمی سەدامی دیکتاتۆردا ئەنجامدران. ووتیشی: ” لە ساڵی ١٩٨٨ ڕژێمی سەدام تەنها بە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ڕانەوەستا، بەڵکو لە هەشت قۆناخی جیادا ئەنفالی دژی گەلی کورد ئەنجامدا. بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە، پێویستە گرینگی بە دامەزراوە دیموکراسیە یەکگرتووەکانمان بدەین بۆ ئەوەی بە هیچ جۆرێك ڕێگە بە گەڕانەوەی دیکتاتۆریەت بۆ ووڵات نەدەین. ئێمە شانازی بە هەڵوێستی پڕ سەروەری هەڵەبجەییەکان دەکەین لە پابەندبوونیان بە عیراقێکی فیدڕاڵ و یەکگرتوو”

پەرلەمانتار  ڕۆبەرت هاڵفن سەرۆکی گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتە سیاسیەکانی بەریتانیا APPG  لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەدا شانازی بەوە دەکات کە دۆستی کوردە، وە گەلی کوردستان ئەوە ڕەتدەکاتەوە کە ببێتە ئەسیری مێژوو لە کاتێکدا کە کاریش لەسەر ئەوە دەکات کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مێژووی پڕ لە زوڵم و جینۆساید دەرهەق بە میللەتەکەیان بناسێنێت.  ووتیشی: “هەڵەبجە دەکرێت جارێکی تر ڕووبداتەوە. زۆربەی جیهان ئاگایان لەو تاوانە نەبوو، بەڵام کوردەکان توانیان بە باشترین شێوە کار  لەسەر ئەوە بکەن کە هەرگیز لەبیر نەکرێت. وه‌ ووتی “داوا لە حکومەتی بەریتانیا دەکەین کە هاوشێوەی پەرلەمانی ووڵات تاوانەکانی دژ بە گەلی کوردستان بە جینۆساید بناسێنێت.”

هەر لە درێژەی وێبینارەکە جاك لۆپریستی هاوسه‌رۆکی گرووپی دۆستایه‌تی گه‌لی کوردستان له‌ ووتەیەکیدا ئاماژەی بەوەدا کەوا کۆمەڵگای نێودەولەتی هاریکاری کوردستان بوو بۆ ئەوەی سەقامگیر بێت و ببێتە ووڵاتی پێکەوەژیانی هەموو ئایین و نەتەوەکان، هاوکات کوردستانیش هاریکاری ئێمەیان کرد کاتێك داعش سەری هەڵدا کە دوژمنێكی هاوبەشی هەموومانە و ئامانجی نەك تەنها کوشتنی هاووڵاتیانی ناوچەکەن، بەڵکو هاووڵاتیانی ئێمەش لە بەریتانیا. ووتیشی بەردەوام دەبین لە یەکڕیزیمان و پشتگیریمان لە هەرێمی کوردستان، ووتیشی “شانازی بەوە دەکەم کە دۆستێکی بەهێزی کوردستانم”.

دواتر کارین پۆڵاک سه‌رۆکی جێبه‌جێکاری دامەزراوەی پەروەردەیی هۆڵۆکۆست ئاماژەی بەوەدا کەوا کاری سەرەکی دامەزراوەکەیان بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵکە دەربارەی تاوانەکانی هۆڵۆکۆست کە دژ بە جولەکەکان لە کاتی جەنگی دووەمی جیهاندا ئەنجامدراوە.  ووتیشی: “بۆ ئەوەی جینۆساید بە جیهانی بکرێت، پێویستە بایەخ بە پەروەردەکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵك بدەن بۆ ئەوەی هەست بەو کارەسات و مەینەتیانەتان بکەن. لە دوای هۆڵۆکۆست، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەڵێنیدا کە چیتر ڕێگە بە دووبارەبوونەوەی جینۆساید لە جیهاندا نەدات، بەڵام ئەوەتا جارێکی تر لە دوای تەنها ٤٠ ساڵ جینۆسایدمان لە دژی گەلەکەی ئێوە بینی. شانازی بەوە دەکەم ئەمڕۆ لەگەڵتانم وەك هاوپەیمانێك. ئێمە ئامادەی هەموو جۆرە هاریکاریەك و هەماهەنگیەکین کە پێویستتان بێت.”

دکتۆر عوسمان ئەحمەد وەك شایەدحاڵێك بەشداری کرد لە وێبینارەکە. ناوبراو لە ڕێگای هونەر و  وێنەکێشاندا کاری لەسەر بەدۆکیومەنتکردنی تاوانەکانی هەڵەبجە و ئەنفال کردووە و یەکێكە لە قوربانیانی چه‌کی کیمیایی، وە بەرهەمە هونەریەکانی لە ژمارەیەك پێشانگای جیهانی نمایشکراوە، لە نێویشیاندا (Imperial War Museum) و (Tate Britain).

ووتیشی: ” کاتێك کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفالم بە چاوی خۆم بینی تووشی شؤك بووم. بەدوای ڕادیۆ  جیهانیەکان گەڕام و گوێم لە هەواڵەکانیان دەگرت بۆ ئەوەی بزانم ئەو تاوانانە باس دەکەن یان نا. بە داخەوە هیچ هەڵوێستێکمان لە کۆمەڵگای نێودەولەتی نەبینی.” هیواشی خواست لە ڕێگای کارە هونەریەکانیەوە بتوانێت تاوانەکانی دژ بە گەلی کوردستان بە جیهانی دەرەوە بناسێنێت.

دواتر ئەلیستەر بێرت وەزیری پێشووی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا ئاماژەی بەوەدا کەوا لە جیهانی تاوانە دڕندەکان، کارەساتەکانی هەڵەبجە و ئەنفال لە پێشەوە و لە قێزەونترین ئەو تاوانانە دێن کاتێك هەزارەها ژن و مناڵ بە بێ هیچ تاوانێك بەکۆمەڵ کوژران، تەنها لەبەر ئەوەی کورد بوون. ووتیشی: “بە بۆچوونی زۆرمان، نەناساندنی تاوانەکانی هەڵەبجە و ئەنفال بە جینۆساید لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە بە کەمتەرخەمی وەسفدەکرێت. دەبێت هەتا هەتا یادەوەری ئەو کارەساتانە بکرێتەوە.”

پەرلەمانتار ئەلیسیا کارنس بەشداری وێبینارەکەی کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا ساڕێژکردنی برینەکان تەنها بە وەدەستهێنانی دادپەروەری دەبێت و بە داخەوە ئەو دادپەروەریەش تا ئێستا بۆ زۆرێك بەدەست نەهاتووە بەرامبەر ئەو نەهامەتیانەی کەوا قوربانیان ڕۆژانە پێیدا تێپەڕبوون. ووتیشی: “ئێمە هەموومان، بە تایبەتیش پەرلەمانتاران دەبێت جەخت لەسەر حکومەتەکان بکەینەوە بۆ ئەوەی پشتگیری لە هەوڵەکانی گەڕان و بینینەوەی کەسە وونبوەکان بکەن، دادپەروەری بۆ قوربانیان و ڕزگاربوان بەرجەستە بکەن، وە دەبێت بێ دەنگ نەبین و بەردەوام بین لە قسەکردن دەربارەی تاوانە دڕندەکان. پێویستە بە خەڵکی خۆما بڵێین ئێمە چەند قەرزداری کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانین بۆ ڕۆڵیان لە پاراستنی ئەو ئازادی و سەربەخۆییەی کە لێرە هەمانە.”

دواتر گوین ڕۆبەڕتس سەرۆکی پڕۆگرامی یادەوەری کودستان KMP لە ووتەیەکدا ئاماژەی بەوەدا کەوا ئەوەی لە کوردستان ڕوویدا هەرگیز لەبیر ناکرێت و کاریگەری نەرێنی بەبەردەوامی لەسەر هەرێمی کوردستان و قوربانیانی ئەو تاوانانە دەمێنێتەوە. ووتیشی: “بە داخەوە کۆمەڵگای نێودەولەتی هیچ هەڵوێستێکی نەبوو لە دژی ڕژێمی سەدام لەسەر ئەو تاوانانەی کە لە هەڵەبجە و شوێنەکانی تر ئەنجامیدا. من یەکێکم لەوانەی کە بڕیارمدا هەموو هەوڵەکانی خۆم بۆ ناساندنی ئەو تاوانانە بە جیهان تەرخان بکەم، بۆیەش پڕۆگرامی یادەوەری کوردستانم لەگەڵ هاوسەرەکەم دامەزراند بۆ ئەوەی مێژووی پڕ لە نەهامەتی گەلی کورد بە شێوازێکی پێشکەوتوو بە دۆکیومەنت بکەین.”

هەر لە درێژەی وێبینارەکەدا پارێزەری مافی گشتی جیهانی گاڤڕێڵ مایڕۆن  لە ووتەیەکیدا باسی لە پڕۆسەی ناساندنی جینۆساید لە جیهاندا کرد.. ووتیشی: ” دادپەروەری بۆ قوربانیان و پڕۆسەی یاسایی بۆ ناساندنی تاوانەکانی جینۆساید دواکەوتووە. پێویستە پەرلەمانی کوردستان یاسای تایبەت بە پێدانی دەسەڵات بە دادگاکانی کوردستان تێبپەڕێنێت بۆ ئەوەی گوێ لە شایدحاڵەکان بگیردرێت و بەڵگەکان بخرێنە بەردەم دادگاکان، وە تاوانباران و  ئەو کۆمپانیانەی کە چەکی کیمیاویان داوەتە ڕژێمی سەددام دادگایی بکرێن.”

لە کۆتاییشدا گاری کێنت سکرتێری گرووپی APPG لە ووتەیەکیدا ئاماژەی بەوەدا کەوا تاوانباران ئەوانەی تاوانە دڕندەکانیان دژی گەلی کوردستان ئەنجامدا بە هەڵەچوو بوون کاتێك دەیانووت کورد بێ کەسن و کۆمەڵگای نێودەولەتی لەسەریان نایەتە وەڵام،ووتیشی: ” ئەوەتا لە نزیکترین دەرفەتدا کۆمەڵگای نێودەولەتی هاتە سەر خەت و بە پێشنیاری سێر جۆن مەیجەر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا ناوچەی ئارام و دژە فڕین بۆ پاراستنی گەلی کورد دامەزرێندرا. کورد زۆر گرینگن بۆ عیراق، زۆر گرینگن بۆ بەریتانیا، وە زۆر گرینگتریشن بۆ کۆمەڵگای نێودەولەتی. چیتر تەنها چیاکان دۆستی کورد نین.”