نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا له‌گه‌ڵ وەزیری ده‌ره‌وه‌ و په‌ره‌پێدان بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆبۆوه‌

له‌نده‌ن، نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان (UK.GOV.KRD). کاروان جەمال تاهیر نوێنەری حکومه‌تی هەرێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیای کردو له‌لایه‌ن جه‌یمس کلێڤه‌رلی وەزیری ده‌ره‌وه‌ و په‌ره‌پێدان بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشوازی لێکرا.

لە دیدارێکدا نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی حکومەتی هه‌رێم و گەلی کوردستانی گه‌یانده‌ حکومەتی بەریتانیا بۆ بەردەوامی پشتیوانییه‌کانیان لە هەرێمی کوردستان.

هه‌ر له‌دیداره‌که‌دا کاروان جه‌مال تاهیر پوخته‌یه‌کی لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌یوه‌ندی دولایه‌نه‌ی نێوان به‌ریتانیا و هه‌رێمی کوردستان خسته‌ڕوو، وه‌ ڕایگه‌یاند که‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌خوازێت ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ زیاتر به‌ره‌وپێش به‌رێت به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر‌ ئاستی ئابووری و که‌لتووری و زانستی، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ که‌ ده‌رفه‌تێکی زۆری وه‌به‌رهێنانی بیانی هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، هاوکات خواستێکی زۆری په‌ره‌پێدان بۆ‌ خوێندن هه‌یه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان که‌ درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن له‌ به‌ریتانیا و له‌و ڕووه‌وه‌ نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم داوایکرد که‌ کارئاسانی زیاتر بکرێت.

ته‌وه‌رێکی تری دیداره‌که‌ تایبه‌ت بوو به‌‌ دواین ڕوداوه‌کانی گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان هه‌ردولا ، به‌ تایبه‌تی گرژییه ئه‌منیه‌کانی ئه‌م دواییانه‌ و نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند که‌ هه‌رێمی کوردستان به‌توندی ئیدانه‌ی هه‌رجۆره‌ هێرشێکی سه‌ر نێرده‌ دیبلۆماسییه‌کان و باڵێۆزخانه‌کان ده‌كات و پشتیوانی حکومه‌تی فیدڕاڵ ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌رکردن و دابینکردنی ئارامی.

له‌به‌رامبه‌ردا جه‌یمس کلێڤه‌رلی وەزیری ده‌ره‌وه‌ و په‌ره‌پێدان بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ستایشی ڕۆڵی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و خه‌ڵکی کوردستانی کرد و په‌یوه‌ندیه‌کانی به‌ریتانیای له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان به‌رزنرخاند و ڕایگه‌یاند که‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ ده‌پارێزین، وه‌ به‌هێزی و پێشکه‌وتنی هه‌رێمی کوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵدا خواستمانه‌ و له‌ په‌رژه‌وه‌ندی به‌ریتانیادایه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا

له‌نده‌ن

٦ تشرینی یه‌که‌م ٢٠٢٠