لە تەلاری پەرلەمانی بەریتانیا پانێڵێك بۆ نوێنەری حکومەتی هەرێم و وەزیری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی حکومەتی بەریتانیا و جێگری باڵیۆزی عیراقی فیدڕاڵ و بەڕێوەچوو

لەو پانێڵەدا کە لە لایەن پەرلەمانتار جاك لۆپریستی سەرۆکی گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی بەریتانیا ڕێکخرابوو، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا و ئەلیستەر بێرت وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەزار مەرجان جێگری باڵیۆزی عیراقی فیدڕاڵ لە بەریتانیا باسیان لە ژمارەیەك پرسی جیا کرد سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لە هەرێمی کوردستان و عیراق. 

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ڕایگه‌یاند که‌ قۆناغێکی نوێی پەیوەندیەکان لە نێوان هەرێمی کوردستان  و حکومەتی فیدڕال هاتۆتە پێشەوە و هه‌رێمی کوردستان ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فیدڕاڵ پێکه‌وه‌ کاربکه‌ن بۆ پێداچوونەوە بە تەواوی کێشە و گرفتەکانی نێوانمان و چاره‌سه‌رکردنیان له‌ چوارچێوه‌ی دەستوری عیراقی فیدراڵ، هاوکات ووتی که‌ سه‌رۆکایه‌تییه‌کانی ئێستای عێراق ڕۆڵی باش ده‌گێڕن به‌تایبه‌تی سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێی عێراق که‌ هه‌ست ده‌که‌ین تێگه‌یشتنی زۆری هه‌یه‌ بۆ ته‌عقیداتی پێکهاته‌ی عێراق و مێژووی ناکۆکی و ململانێکان، بۆیه‌ ده‌بینین که‌ هه‌نگاوه‌کان ئه‌رێنین  بۆ دروستکردنی تێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و خستنه‌ڕووی چاره‌سه‌ر.

هه‌ر له‌ دیداره‌که‌دا تایبه‌ت به‌ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند که‌ پێویستە بارودۆخی شاری کەرکوك ئاسایی بکرێتەوە، وە ئەو هێزە عیراقیانەی کە هێنرابوون بۆ ڕزگارکردنەوەی ناوچەکانی ئەو شارە لە داعش، بگەڕێندرێنەوە شوێنەکانی خۆیان به‌تایبه‌تی هێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی، چونکە هیچی تر پێویست نیە لەوێ بن. ده‌بێت هه‌ماهه‌نگییه‌کی هاوسه‌نگ له‌ نێوان هێزی عێراق و هێزی پێشمه‌رگه‌ دابمه‌زرێت به‌ ئامانجی پاراستنی ناوچه‌که‌ و چاره‌سه‌رکردنی ناوچه‌کانی کێشه‌ له‌سه‌ر.
هاوکات کاروان جه‌مال تیشکی خستە سەر پەیوەندیە دووقۆڵیە بەهێزەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و سەبارەت بە پرسی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی دژ بە گەلی کوردنوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم ووتی: ” داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین پشتگیری لە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە ٢٣٧٩ و هەوڵەکانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیان و دادگاییکردنی تاوانباران “.

سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی تیرۆر، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێم ڕایگه‌یاند دەبێت ئەوە لە یاد نەکەین کەوا هەرچەندە گرووپی تیرۆریستی داعش شکستی پێهێنراوە لە سەر ئەرزدا، بەڵام هەڕەشەی ئەو گرووپە لەسەر ئەمن و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە هەر ماوە. هەماهەنگی سیاسی و سەربازی نێوانمان گرینگە بۆ ڕێگەنەدان بەو گرووپە بۆ ئەوەی جارێکی تر خۆی ڕێکبخاتەوە و ببێتە مایەی هەڕەشە لەسەرمان. پێویستە کار لەسەر بنبڕکردنی ئایدیۆلۆژیای ئەو گرووپە بکەین، وە کێشە بنەڕەتیەکان چارەسەر بکەین کە بوونە مایەی سەرهەڵدانی ئەو گرووپە.

لە لایە خۆیەوە نەزار مەرجان جێگری باڵیۆزی عیراقی فیدڕاڵ لە بەریتانیا باسی لە گۆڕانکاری لە پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و ووتی کە ئەو پەیوەندیانە لە پێشبڕکێ کردن لەگەڵ یەکدا گۆڕا بۆ پەیوەندیەکی دۆستانه‌ و کارکردن بە یەکەوە. ووتیشی: “عیراق بەهێزتر دەبێت ئەگەر هاتوو هەموو پێکهاتەکانی بەشدار بوون لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی ووڵات، بە تایبەتیش خەڵکی کورد کە مافی خۆیانە تەواوی مافە دەستوریەکانیان وەدەست بهێنن.” ناوبراو هەمان نیگەرانیەکانی نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستانی هەبوو سەبارەت بە مەترسیەکانی داعش بۆ سەر عیراق و داوای لە کۆمەڵگای نێودەولەتی کرد بەردەوام بن لە هاریکاریکردنی ئەو ووڵاتە بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش.

لە لای خۆیەوە ئەلیستەر بێرت وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوەدا کە ئەوانەی یادەوەریان هەیە و لە مێژووی ناوچەکە تێدەگەن درك بەوە دەکەن کە چەند گرینگە ئەمڕۆ ئێوە لەو ژوورە بەیەکەوە دانیشتوون. ووتیشی: ” بە نیسبەت ئێمە لە بەریتانیا هەموو کاتێك پێشوازی لە باشبوونی پەیوەندیەکانتان دەکەین کە بەخۆشحاڵیەوە دەتوانم بڵێم بە ڕوونی هەستم پێی کرد لە دوایین سەردانمدا بۆ ناوچەکە.” ناوبراو هەروەها ووتی دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە شەڕمان لە دژی ئایدیۆلۆژیای داعش بەردەوام دەبێت و لە هاریکاریمان بۆ عیراق و بەهەرێمی کوردستانیشەوە بەردەوام دەبین.
شایانی باسە ڕۆزی وینتەرتن جێگری سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا و فابیان هاملتن وەزیری ئاشتی و داماڵینی چەك لە کابینه‌ی  سێبەر و ژمارەیەك پەرلەمانتار و لۆرد ئامادەی پانێڵەکە بوون.

.