لیژنەی پەیوەندیەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان و گرووپی په‌رله‌مانتارانی گشت پارته‌کانی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا بۆ دۆستایه‌تی گه‌لی کوردستان و نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ڕیتانیا کۆبۆوە له‌ وێبینارێکدا.

بەمەبەستی پیشاندانی سوپاسگوزاری و ئاڵوگۆڕی بیروڕا له‌سه‌ر دوایین ڕاپۆرتی گروپی دۆستایه‌تی گه‌لی کوردستان تایبه‌ت به‌ دۆخی سیاسی و په‌یوه‌ندی هه‌رێمی کوردستان و به‌ریتانیا و ئه‌و پێشنیارانه‌ی که‌ له‌ڕاپۆرته‌که‌دا کرابوون بۆ حکومه‌تی به‌ریتانیا، کۆبونه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجامدرا له‌ نێوان لیژنەی پەیوەندیەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ گرووپی دۆستایه‌تی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا بۆ گه‌لی کوردستان..  

له‌ دیداره‌که‌دا سه‌ره‌تا  ڕۆبەڕت هاڵفن سەرۆکی گرووپی APPG خۆشحاڵی خۆی بۆ دیدارەکە دەربڕی و جه‌ختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گرووپەکەیان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان و بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا . ڕۆبەڕت هاڵفن تیشکی خستە سەر دوایین ڕاپۆڕتی گرووپەکەیان سەبارەت بە سەردانە ئەلیکترۆنیەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان و یاداشته‌کانی‌ پێشوەختەی گرووپەکە‌یان بۆ پەرلەمانی به‌ریتانیا سەبارەت بە پێداویستیەکانی هەرێمی کوردستان و پشتیوانی حکومەتی بەریتانیا لە قەوارەی هەرێم و کارکردن بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیە دوو قۆڵیەکانی نێوان هەردوو پەرلەمان.

هه‌ر له‌دیداره‌که‌دا کاروان جه‌مال تاهیر نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا سوپاسی پشتیوانی به‌رده‌وامی گرووپی ناوبراوی لە هەرێمی کوردستان کرد، جەختیشی لەسەر په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندی په‌رله‌مانی کرده‌وه‌.

پاشان پەرلەمانتار ڕێبوار عبدالرحیم عبداللە سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەرمانی کوردستان سوپاسی گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا کرد بۆ پشتگیری بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان. هاوکات داوای لە گرووپەکە کرد هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری زیاتری حکومەتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، بە تایبەتیش لەو کات و ساتەی ئێستادا، لەو سۆنگۆیەشەوە داوای لە گرووپەکە کرد کار بکەن لەسەر دابینکردنی هاریکاریە پزیشکیەکان بۆ ڕێگەگرتن لە نەخۆشی کۆڕۆنا، هاریکاریکردنی هەرێم بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەی داراییی و ڕۆڵ بینینی زیاتر بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا. جەختیشی لەسەر گرینگی هاندانی کۆمپانیا بەریتانیاکان کردەوە بۆ وەبەرهێنان لە هەرێم. هەر لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەرمانی کوردستان داوای لە گرووپەکەی پەرلەمانی بەریتانیا کرد کار بکەن لەسەر بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوو پەرلەمانی کوردستان و بەریتانیا و لیژنەی پەیوەندیەکان و ڕەوەندی کوردستانی و لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا.

دواتر ژمارەیەك تێبینی و پرسیار دەربارەی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و پرسه‌ هه‌رێمییه‌كان و دۆخی ئه‌منی و ئابووری لە لایەن ئەندامانی لیژنەی پەیوەندیەکان و ڕەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان و گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا پێشکەشکران و گفتوگۆیان لەسەر کرا، وە جەختیشیان لەسەر گرینگی بەهێزترکردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا کردەوە.

له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا په‌رله‌مانتار چیا حه‌‌مید و په‌رله‌مانتار به‌ڵێن ئیسماعیل و په‌رله‌مانتار ژیان تاهیر ، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتارانی به‌ریتانیا خاتوو ئه‌لیسا کارینس و کریس ستیڤن و لۆرد ئیان ئیستن و خەسرۆ ئاژگەیی بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی و میدیا لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا و گاری کینت سکرتێری گروپی دۆستایه‌تی بەشداری وێبیناره‌که‌ بوو.ن

٥ ی تشرینی دووه‌م ٢٠٢٠