قوباد تاڵەبانی لە‌گە‌ڵ وە‌فدێكی سەربازی بەریتانیا ‌كۆبووە‌

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وە‌فدێكی باڵای سه‌ربازیی به‌ریتانیا مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعشیان تاوتوێ کرد.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – رۆژی چوارشەممە‌ ٢٠٢٠/١/١٥، قوباد تاڵە‌بانی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، لە‌ھە‌ولێر، لەگەڵ شاندێکی باڵای سه‌ربازیی بەریتانیا كە پێكهاتبوو لە ژه‌نه‌ڕال سێر جۆنز لۆریمه‌ر، نوێنه‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا و کۆنسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان، كۆبووە‌.

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگی بەردەوامی هاوكارییەكانی هاوپەیمانان بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە کرا لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەردوولاش هاوڕابوون کە مەترسییەكانی تیرۆر هێشتا بەردەوامە‌ و دەبێت هەموو تواناکان بۆ بەرەنگاربونەوەی یە‌ك بخرێن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەكانی بەریتانیا کرا كە ئێستا كار بۆ هێوركردنەوەی دۆخەکە دەكات لە ڕێگەی دیالۆگ و دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ بەردەوامبوونی هاوكارییەكانی هاوپەیمانان.

جێگری سەرۆك وەزیران داوایكرد بەریتانیا بەردەوام بێت لە پاڵپشتیكردنی چاكسازییەكانی هێزی پێشمەرگە كە لەسەر چەند ئاستێكدا دەستی پێكردووە.