قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ مارک برایسن ریچاردسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە و پێکەوە گفتوگۆیان لەبارەی چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا کرد.

لەکۆبوونەوەکەدا، کە ئەمڕۆ ٢٨\١١ لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دەیڤد هەنت، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم ئامادەی بوون، سەبارەت بە قۆناغی دوایی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە لەسەر بنەمای دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان لایەنە سیاسییەکان هەرچی زووە دەست بکەن بە گفتوگۆی بنیاتنەر لەپێناوی پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و خزمەتگوزار کە نوێنەرایەتی خواست و داواکاری هەموو پێکهاتەکانی عێراق بکات.

لە تەوەرێکیتری کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا کرا و لەو بارەیەوە قوباد تاڵەبانی هاوکارییەکانی بەریتانیای بۆ هەرێمی کوردستانی بەرز نرخاند، بەتایبەتی لەبواری چاکسازی لە سێکتەرە جیاجیاکاندا کە لەئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئەنجامدانیانە.

سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە لەسەر گرنگی رێکخستنەوەی ناوماڵی کورد، بەتایبەتیش ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە لە قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق و پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقدا، لایەنە کوردستانییەکان بە بەرنامە و پلانی هاوبەشەوە دانووستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بکەن بۆ زامنکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان.