شاندێکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بەشداری لە کۆنفڕانسی پارتی کار دەکات

لە میانەی کۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی کاری بەریتانیا کە لە شاری برایتن لە بەرواری ٢١-٢٤ی مانگی ئەیلول بەڕێوەچوو، شاندێکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا ژمارەیەك دیداریان لەگەڵ کاربەدەستانی پارتەکە، پەرلەمانتاران، لۆردەکان و خاوەن بڕیارەکانی پارتەکە سازدا، هاوکات بەشداریان کرد  لە ژمارەیەك کۆڕ و سیمینار و بۆنەی پێشوازی.

لە پەرواێزی کۆنفڕانسەکەدا شاندی نوێنەرایەتی چاویان کەوت بە ئیه‌ن لاڤری سه‌رۆک پارت و جێره‌می کۆربن  سه‌رکرده‌ی پارتی کرێکاران و ئیمێلی سۆڕنبری وەزیری کاروباری دەرەوەی حکومەتی سێبەر، فابیان هاملتن وەزیری ئاشتی و چەك داماڵین لە حکومەتی سێبەر، ڕێبیکا لۆنگ بەیلی وەزیری کاروباری ئەفریقیای حکومەتی سێبەر و جۆن هیله‌ری به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌کان وهه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ک دیبلۆماتکار و شاندە نێودەوڵەتیەکان.

لە کۆی دیدارەکاندا کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا دۆستانی گه‌لی کوردستان و حکومه‌تی هه‌رێمی لە دوایین پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە ئاگادارکرده‌وه‌. هاوکات تیشکی خسته‌ سه‌ر پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ووتوێژەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێندراوەکانی نێوان هەردوولا. لە هەمان کاتدا جەختی لەسەر گرینگی پەرەپێدانی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارتی کار کردەوە.

کاربەدەستانی پارتەکە ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەیان کرد لە بەرگریکردن لە بەها مرۆییەکان و تێکشکاندنی داعش، هەروەها لەئامێزگرتنی ئاوارە و پەنابەران لە کاتێکدا کەوا هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕبوو. هەر لە درێژەی دیدارەکاندا خواستی به‌رده‌وامبوون و چۆنیێتی گه‌شه‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌کانی پارتی کار له‌گه‌ڵ گه‌لی کوردستان و هه‌رێمی کوردستان باسکران و ڕایانگه‌یاند پارته‌که‌یان کە بە پارتێکی بەرگریکار لە مافەکانی گەلانی جیهان دەناسرێت هه‌میشه‌ پشتیوانی ده‌کات له‌ به‌دیهاتنی ته‌واوی مافه‌کانی گه‌لی کوردستانه‌ که‌ له‌ ده‌ستووری هەمیشەیی عێراقی فیدڕاڵدا فه‌راهه‌م کراوه‌ و خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا له‌ بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی باش و دۆستانه‌ی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر.

لە دواڕۆژی کۆنفڕانسەکەشدا شاندی نوێنەرایەتی ئامادە بوو لە ووتاری کۆتایی کۆنفڕانس کە لەلایەن جێریمی کۆڕبین سه‌رکرده‌ی پارتەکە پێشکەش کرا و تێیدا سیاسه‌تی پارتی کرێکارانی ڕاگه‌یاند له‌سه‌ر هەردوو ئاستی ناوخۆ و جیهانیدا.

جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ پارتە سیاسیەکانی بەریتانیا وەك نەریتێکی ساڵانە کۆنفڕانسی خۆیان ئەنجام دەدەن و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەك نێردەیەکی دیبلۆماسی شان بە شانی نێرده‌و دیبلۆماتکارانی جیهان بەشداری لەو کۆنفرانسانە دەکات.

شایانی باسە خەسرۆ ئاژگەیی بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی و میدیا یاوەری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لە کۆنفڕانسەکە.

لەندەن – ٢٤/٩/٢٠١٩