شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە سیمینارێك دەکات لە پەرلەمانی بەریتانیا

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی بەریتانیا APPG ،  وه‌ هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ی ئەنجومەنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا و سەنتەری (دیراساتی ئۆپۆزسیۆن) لە زانکۆی بۆڵتن، سیمینارێکی لە تەلاری پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزیدیەکان و بەرپرسیاریەتی نێوده‌وڵه‌تی و وەدەستهێنانی دادپەروەری  و ناساندنی تاوانه‌کان وەك جینۆساید سازکرد.

لەو سیمینارەدا کەوا بەڕێزان محمود حاجی ساڵح وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان، کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، دکتۆر سامی جلال بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوەخۆ، شێری تاڵەبانی سەرۆکی ڕێکخراوی سید و دکتۆر ئەلیکساندەر کۆرب لە سەنتەری ستانلی بێرتن بۆ هۆڵۆکۆست و جینۆساید ووتاریان پێشکەش کرد و ڕۆشناییان خستە سەر تاوانەکان و گرینگی خێراکردنی پڕۆسەی دادگایی کردنی تاوانباران.

سەرەتا کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا داوای لە کۆمەڵگای نیودەوڵەتی کرد حوکمی یاسا بەکاربێنن بۆ وەدەستهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیانی جینۆساید، وە پاراستنی هاوڵاتیان لە کۆمەڵکوژی، تاوانەکانی جەنگ و پاکتاوی ڕەگەزی. هەروەها ووتی:

” کوردستان هاوپەیمانێکی سەرەکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بوو بۆ لەناوبردنی داعش و سه‌رکه‌وتوانه‌ ئه‌وکاره‌مان ئه‌نجامدا، ئێستاش بۆ ئەوەی تاوانباران بهێنرێنه‌ بەردەم دادگا و سزابدرێن، هاوپه‌یمانییه‌کی هه‌مانشیوه‌ پێویسته‌‌. هاوکات هەروەك چۆن بەریتانیا خاوەنی پێشنیاری دروستکردنی لیژنه‌ی تایبەت بە کۆکردنەوەی بەڵگەکانی تاوانەکانی داعش بوو له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، به‌ هه‌مانشێوه‌ داوا له‌ به‌ریتانیا دەکەین که‌ ڕۆڵی خۆیان ببینن و فشار بخاتە سەر نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی  بڕیارەکە خێراتر جێبەجێ بکرێت.”

لە لای خۆیەوە محمود حاجی ساڵح وەزیری شەهیدان و کاروباری ئەنفال سوپاسی هەموو هەوڵە جیددیەکانی بەریتانیا و نەتەوەیەکگرتووەکانی کرد بۆ دەرکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ژمارە ٢٣٧٩ بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکانی تاوانەکانی داعش و داوای خێراکردنی پڕۆسەی کارەکانی کۆمیتەی جێبەجێکاری ئەو بڕیارەی کرد هەروەها ووتی: ” دەبێت دادگایەکی تایبەتی نێودەوڵەتی دابمەزرێت بۆ ئەوەی تاوانبارانی کەیسی ئێزیدیەکان دادگایی بکرێن و ببێتە ڕێگر لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە لە داهاتوودا.”

خاتوو شێری تاڵەبانی سەرۆکی ڕێکخراوی سید لە ووتارەکەیدا ووتی: ” کۆمەڵگایەکی گەورەمان هەیە ئێستا کە دووچاری نەخۆشی دەروونی بوونەتەوە بەهۆی تاوانەکانی داعش و پێویستیان بە چاودێری ڕاستەوخۆ و بەردەوام هەیە. دامەزراوەکەمان لەو بوارەوە هاریکاری باشیان پێشکەش دەکات. پێویستە بەردەوامی بدرێت بە کۆمەك کردنی حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوە ناحکومیەکان بۆ ئەوەی بتوانن هاریکاری بەردەوام پێشکەش بەو ئاوارانە بکەن کە ڕووبەڕووی نەخۆشی دوورخایەن بوونەتەوە.”

لە بواری سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە، دکتۆر سامی جلال بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوەخۆ ووتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا کەوا سەرهەڵدانی داعش لە سوریا و عێراق هەڕەشەیکی ترسناکی خستۆتە سەر سەقامگیری ناوچەکە و دەربەدەربوون و ئاوارەبوونی زیاتر لە ١.٢ ملیۆن کەس بۆ هەرێمی کوردستان. ووتیشێ: ” هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاریکاری بەردەوامی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت پێداویستیەکانی ئاشتبوونەوە دابین بکات و سەقامگیری بگەڕێنێتەوە ناوچە ڕزگارکراوەکان.”

لە کۆتایی پانێڵەکەشدا دکتۆر ئەلێکساندەر کۆڕب لە سەنتەری ستانلی بێڕتن بۆ دیراساتی هۆڵۆکۆست و جینۆساید لە زانکۆی لێستەر ئاماژەی بەوەدا کە بۆ ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی جینۆسایدێکی وەك ئەوەی ئێزیدیەکان پێویستە فرە نەتەوەیی و ئایینی لەکوردستان و عیراق بپارێزرین. ووتیشی؛ ” کاتێك جینۆساید ڕوودەدات، پێویستیمان بە دەیەها ساڵ هەیە بۆ نەهێشتنی ئاسەوارەکانی. ئەوەی بەسەر ئێزیدیەکاندا هات بە بێ هیچ گومانێك جینۆسایدە و پێویستیشە لەو ڕووەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.” شایانی باسە خاتوو ڕۆزی وینتەرتن جێگری سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا و ژمارەیەك پەرلەمانتار، لۆرد، ڕۆژنامەنووس، شارەزا، ئەکادیمی و ڕێکخراوە ناحکومیەکان ئامادەی سیمینارەکە بوون