سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان له‌نوسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم کۆدەبێتەوە

لە نووسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، وە بە ئامادەبوونی کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، مامۆستا علی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەگەڵ نوێنەرانی پێنج پارتە سەرەکیەکەی کوردستان لە بەریتانیا کۆبۆوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئامادەبوون، مامۆستا علی باپیر وێڕای خۆشحاڵی خۆی بەو کۆبوونەوەیە، ئاماژەی بەوەشدا کەوا دەبێت هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەی کوردستان بکەین، جونکە کەم و کوڕی و هەڵەی هەر لایەنێکمان، زەرەر بە کۆی پڕۆسەی سیاسی هەرێم دەگەیەنێت و هەڕەشە لەسەر قەوارەی هەرێم دروست دەکات.

سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان خۆشحاڵی خۆی نەشاردەوە بەوەی کەوا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم توانیویەتی ببێتە سەکۆ و چەترێك بۆ کۆکردنەوەی هەموو پارت و لایەنە سیاسیەکان بێ جیاوازی و توانیویەتی تەباییەكی باش لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان و ڕەوەندی کوردستانی دروست بکات. ووتیشی پێویستە سوود لەو بابەتە وەبگیردرێت بۆ ئەوەی بە یەکەوە خزمەت بە پرسە ڕەواکانی کوردستان بکرێت. مامۆستا علی باپیر هەروەها ووتی:

“بۆچوون و ڕا جیاوازەکانمان نابێت لە یەکترمان دوور بکاتەوە و بمانکاتە دوژمنی یەکتر. پێویستە بە دوای خاڵە هاوبەشەکاندا بگەڕێین. زوڵمێکی مێژوویی گەورە لە گەلی کورد کراوه‌. پاراستنی ئەو هەرێمە تەنها ئەرکی دەسەڵات نیە، بەڵکو ئەرکی هەموو پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانە پشتگیری کار هاوبه‌ش ده‌که‌ێن.”

سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسی عیراقیش سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری کوردستان ووتی:

“لە عیراق بە نەفەسی تایەفەگەری حوکەم دەکرێت و زوڵم لە کورد و سوننە دەکرێت. بەڵام پێویستە بەردەوام بین لە هەوڵەکانمان لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی پەیوەندیەکانمان باشتر بکەین و وا لە پێکهاتەی شیعە بکەین بێتە ژێر باڵی حیکمەت و مەنتیق و وانە لە دواڕۆژی ڕژێمەکانی پێشووتری عیراق وەربگرن و حوکمڕانی ڕاستەقینە بکەن. گرینگە هاریکار بین لەسەر بە دامەزراوەیی کردنی عیراق، چونکە ئەوە تەنها ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەگەڵیاندا.”

سەبارەت بە سروشتی کاری ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان مامۆستا علی باپیر ووتی:

“ئەرکی ئۆپۆزسیۆن دەستنیشانکردن و دەست خستنە سەر کەم و کوڕیەکانە و دیاریکردنی خاڵە چه‌وته‌کانه‌، وە دەبێت ئەو بابەتانە شارستانیانە بگەیەندرێنە دەسەڵات. نابێت بە زمانی زبر و هێرشکردن و دروستکردنی نائارامی داواکاریەکانمان بگەیەنین. دەبێت میلەتیش لەو ئاستەدا نەبێت.”

هەر لە درێژەی دیدارەکەدا، مامۆستا علی باپیر ئاماژەی بەوەدا کەوا پێویستە پەکەکە واقیعی کوردستان لەبەر چاوبگرێت، وە دەبێت حکومەتی هەرێـم بە یەکگرتوویی و بە یەك دەنگ قسە لەگەڵ تورکیا و ئێران و عیراق و پەکەکەش بکات بۆ ئەوەی سنورەکانی هەرێم بپارێزرێن و ئارامی ناوچە سنوریەکانمان پێشێڵ نەکرێن.

هاوکات داوای له‌ به‌رپرسانی هێزه‌ سیاسییه‌كان کرد که‌ ئه‌ندامان و ڕه‌وه‌ندی کوردستانی بۆکاری چاکه‌ و هاووڵاتیبوونی به‌وه‌فا هانبده‌ن و ته‌بابن له‌گه‌ڵ یه‌کتر.

لە لای خۆیەوە کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ئاماژەی بە پەیوەندی بەردەوامی نوێنەرایەتیدا لەگەڵ نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و کۆبوونەوەی بەردەوامیان بەمەبەستی گۆڕینەوەی بیر و ڕا لەسەر پرس و بابەتەکان و دروستکردنی کۆدەنگی بۆ خزمەتکردنی دۆزەکانی گەلی کوردستان.

هه‌ر له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا به‌رپرسی پارته‌ سیاسیه‌کان، فوئاد جه‌مال ‌لە بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ، ئیسماعیل حسن لە پارتی دیموکراتی کوردستان، قیس قاسم لە یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و ئەیوب ڕێکانی لە یه‌کگرتووی ئیسلامی، سه‌رنج و تێبینییه‌کانیان له‌سه‌ر ووته‌کانی مامۆستا عه‌لی باپیر خسته‌ڕوو وه‌ گفتووگۆیه‌کی دۆستانه‌و به‌سوود ئه‌نجامدرا که‌ چه‌ندین پێشنیاری کاریگه‌ر و به‌سوود خرانه‌ڕوو له‌وانه‌ش بۆ نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم و چۆنێتی زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ئاستی کاری پێکه‌وه‌یی و دروستکردنی کاریگه‌ری له‌ ناوه‌نده‌كانی بڕیار له‌ ووڵاتی به‌ریتانیا.

نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان

له‌نده‌ن

٣ حوزەیران ٢٠٢١