سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا دەکات

لە درێژەی سەردانە فەرمیەکەیدا بۆ ووڵاتی بەریتانیا، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم و کارمەندانی نوێنەرایەتیەوە زۆر بە گەرمیەوە پێشوازی لێکرا

لە دانیشتنێکدا سەرۆکی هەرێم خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکە و دیدار لەگەڵ کارمەندانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا دەربڕی و دەستخۆشی لێکردن بۆ کار و چالاکیەکانیان بەمەبەستی بەهێزترکردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و خزمەتکردنی ڕەوەندی کوردستانی لەو ووڵاتە، هاوکات سوپاسی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کرد بۆ ڕۆڵی بەرچاویان لە ڕێکخستن و سەرخستنی سەردانە فەرمیەکەی بەڕێزیان بۆ ووڵاتی بەریتانیا. لە هەمانکاتدا پشتگیری سەرۆکایەتی هەرێمی بۆ نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا دووپات کردەوە

لەلای خۆیەوە کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم لەبەریتانیا تیشکی خسته‌ سه‌ر بایه‌خی سه‌ردانه‌که‌ و به‌ ساتێکی دڵخۆشکه‌ری دانا له‌ په‌یوه‌ندی دوولایه‌ن له‌گه‌ڵ شانشینی یه‌کگرتوو، وه‌ ڕایگه‌یاند که‌ ئه‌م سه‌ردانه‌‌ په‌یوه‌ندییه‌کان زیاتر به‌ره‌وپێشه‌وه‌ ده‌بات و ده‌چێته‌ قۆناغێکی تره‌وه‌. هاوکات سوپاسی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیە، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵە‌کان بۆ زیاتر گەشەپێدان بە پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و خزمەتکردنی ڕەوەندی کوردستانی لە ووڵاتی بەریتانیا.

له‌نده‌ن

١٧ ئه‌یلولی ٢٠٢١