سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەنجومەنی بازرگانی عێراقی بەریتانی دەکات

دووشەممە ٢٠١٩/١١/٤ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانی عێراقی – بەریتانی کرد، بە سەرۆکایەتی بارۆنس ئێما نیکلسن، نوێنەری سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی لەگەڵ عێراق.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان و عێراق کرا.

بارۆنس نیکلسن ئاماژەی بەوەدا، حکوومەتی بەریتانیا ئامادەیە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بكات لە جێبەجێکردنی کارنامەکەی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و پشت نەبەستن بە یەك سەرچاوەی داهات.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ئامانجێکی لە پێشینەی کابینەی نۆیەم ئەوەیە، لە رێگەی پێشخستنی تواناکان و دۆزینەی بازاڕ بۆ بەرهەمەکانی ناوخۆ، هەرێمی کوردستان لە کۆمەڵگەیەکی بەکاربەرەوە بکاتە بەرهەمهێنەر.