سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ دووشەممە 2021/2/1 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ستیفن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا کە جەیمس سۆرنتن کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەبوو، بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێ کرا.

باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق،  ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتەکەی ئامادەی هەر هاوکارییەکە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بگەنە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و درێژخایەن لە سەر بنەمای دەستوور.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە،  کە هەرێمی کوردستان هەمیشە پابەندبوونەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستووردا جێبەجێ کردووە، بە ئاراستەی گەیشن بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکات.

میکانیزمەکانی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان لە ناوچەکە ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون .