سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لەگەڵ شاندێکى بەریتانى کۆبووەوە

 بەڕێز فەوزى هەریرى سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە شاندێکى سەربازیى بەریتانى بە سەرۆکایەتیى بەڕێز مارشاڵ سامی سه‌مپسن گەورە ڕاوێژکاری سەربازیی حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریکا کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە ژمارەیەک لە بەرپرسانى هەردوولا ئامادەى بوون، مارشاڵ سه‌مپسن پایەندیى وڵاتەکەى بە برەودان بە پەیوەندییەکان و بەردەوامیى کارکردن لەگەڵ هەرێمى کوردستان و عیراق دووپات کردەوە و خۆشحاڵى و پشتگیری بۆ هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عیراق لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆردا دەربڕى و جەختى لە گرنگیى بەردەوامیى هاوکاریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى بۆ عیراق و هەریمى کوردستان تا نەهیشتنى یەکجارەکیى داعش کردەوە.

چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەى، گرنگیى بەردەوامیى پێکەوەکارکردنى هەولێر و بەغدا، دۆخى عیراق و هەڵبژاردن و ئەنجامەکانى، دوایین پێشهاتەکانى ئەفغانستان و ناوچەکە بەگشتى، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەکە بوون.