سەرۆك و جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ (گروپی په‌رله‌مانتارانی گشت پارته‌کانی به‌ریتانیا بۆ دۆستایه‌تی هه‌رێمی کوردستان) کۆبوونەوه‌

بەمەبەستی بەدواداچوونی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عیراق کاری پەرلەمان و کێشە و پرسەکان، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا سه‌ردانێکی ئه‌لیکترۆنی بۆ گرووپی دۆستایەتی هه‌رێمی کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا لەگەڵ دکتۆرە ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەرێم  ڕێکخست.

له‌ دیداره‌که‌دا سه‌ره‌تا  ڕۆبەڕت هاڵفن سەرۆکی گرووپی دۆستایه‌تی سوپاسی نوێنه‌رایەتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی کرد بۆ ڕێک خستنی دیداره‌که‌ و به‌ناوی خۆیی و ئه‌ندامانی گرووپی دۆستایه‌تی خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی دیداره‌که‌ نیشاندا و جه‌ختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە گرووپەکەیان بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و بەریتانیا و وە‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی زیاتری بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا.

هه‌ر له‌دیداره‌که‌دا کاروان جه‌مال تاهیر نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ریتانیا سوپاسی ئاماده‌بوانی کرد و پشتگیرییەکانی گرووپی ناوبراوی لە هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند، جەختیشی لەسەر بەردەوامیدان به‌ هەوڵەکاندا کردەوە بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەرێمی و کوردستان و بەریتانیا.

پاشان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دکتۆرە ڕێواز فایەق تیشکی خسته‌ سه‌ر پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دا و ووتی کەوا پەرلەمانی کوردستان پشتگیری لە دایاڵۆگ ده‌کات لەگەڵ بەغدا بەمەبەستی گەیشتن بە ڕێکەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا. ووتیشی: “کێشەی ئێمە لەگەڵ بەغدا جێبەجێنەکردنی دەستوری عیراقە. ئەگەر هاتوو دەستور وەك خۆی جێبەجێ بکرێت، ئەوا تەواوی کێشەکان بە ئاسانی چارەسەر دەکرێن. هاوکات ڕایگه‌یاند که‌ هەرێمی کوردستان لەم ماوەی دواییدا دووچاری ژمارەیەك قه‌یران بۆته‌وه‌ له‌ یەك کاتدا ، لەوانەش سەرهەڵدانەوەی داعش، نەخۆشی کۆڕۆنا و کاریگەرییەکانی و گرژییەکانی سەر سنور. که‌ کاریگەری ڕاستەوخۆیان کردۆتە سەر بارودۆخی هەرێم و بژێوی ڕۆژانەی هاووڵاتیان.” ووتیشی پێویستە هەموو لایەك ڕێز لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگرن و هەلەکان بەکارنەیەنن بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێم. سەبارەت بە پەتای کۆڕۆنا و ئەگەری دەستپێکردنی شەپۆڵێكی نوێی ئەو پەتایە، سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا کەوا پەرلەمانی کوردستان لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکات و بانگهێشتی له‌یه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی حکومەتی هەرێم ده‌کات بۆ پەرلەمان بەمەبەستی به‌دواداچونی پەرلەمانتاران بە هەنگاوەکانی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە. هه‌ر له‌ درێژه‌ی بابه‌ته‌که‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مان تیشکی خسته‌ سه‌ر پێکهاته‌ی په‌ر له‌مان و ده‌سه‌ڵاته‌کان و لیژنه‌کانی په‌رله‌مان و چۆنێتی به‌دواداچونیان بۆ کاره‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم.

پاشان هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی و پەرلەمانی کوردستانی پێشکەش بە سەرۆك و ئەندامانی گرووپەکە کرد بۆ هەموو هەوڵەکانیان له‌ پشتیوانی به‌رده‌وامیان له‌ هەرێمی کوردستان. ووتیشی به‌دڵنیاییه‌وه‌ پشتیوانی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا و په‌یوه‌ندییه‌ په‌رله‌مانییه‌کان گرنگن بۆ هه‌رێم و سود له‌ ئه‌زموونی پەرلەمانی بەریتانیا وەرده‌گرین. دواتر ئاماژەی بە کارەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد و تیشکی خستە سەر یاسا گرینگەکان کە لە پەرلەمان دەرچوون، لەوانەش یاسای چاکسازی، هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند “یاسای چاکسازی دەسکەوتێکی هەرە گه‌وره‌یه‌ کە کاریگەری ئه‌رێنی لەسەر باشترکردنی بواری دارایی و ئابوری لە هەرێمدا دەبێت و دادپه‌روه‌ری فه‌راهه‌م ده‌کات و ئێمە لە پەرلەمان چاودێری هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم دەکەین لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە.”

هەر لە درێژەی قسەکانیدا هێمن هەورامی پوختەیەکی لەسەر پەتای کۆڕۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر تەواوی بارودۆخی هەرێم کرد، وە تیشکی خستە سەر پێداویستیەکانی هەرێم لە ڕووی کەل و پەل و هاریکاریە پزیشکیەکان بەمەبەستی ڕێگریکردنی لە تەشەنەکردنی ئەو نەخۆشیە و زاڵبوون بەسەریدا.

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی ده‌وڵه‌تی عێراقی فیدڕاڵ و هه‌رێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی جدی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا دەکات بەمەبەستی چاره‌سه‌رکردنی گرفته‌کان بە پشت بەستن بە دەستووری هەمیشەیی ووڵات. ووتیشی حکومەتی هەرێم ئامادەیە بە گەیشتن بە ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی کێشە و گرفتەکان.

هه‌ر له‌ درێژه‌ی باسه‌که‌یدا، هێمن هەورامی تیشکی خسته‌ سه‌ر مێژووی گرژیی و ئاڵۆزییه‌کانی سه‌رسنوور و ڕایگه‌یاند کەوا گرتنەبەری ڕێگەی سەربازی کێشەکان چارەسەر ناکات و پێویستە بە گفتوگۆ ئاشتی سەقامگیری دابین بکرێت.

گرووپی APPG جەختیان لەسەر بەردەوامیبوونیان لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەیان بەوەدا کەوا بەدواداچوون بە کێشە و پرس و پێداویستیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی بەریتانیا دەکەن بەمەبەستی کۆکردنەوەی پشتگیری زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان.

 هەر لە درێژەی دیدارەکەدا ژمارەیەك پرسیار و بەدواداچوون لە لایەن سەرۆك و ئەندامانی په‌رله‌مانی گرووپی دۆستایه‌تی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ئاراسته‌ی سەرۆك و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرا و جگه‌ له‌ وەڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌کان پیروڕا ئاڵوگۆڕکران سه‌باره‌ت به‌ دوایین سنوور به‌زاندن له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ووڵاتی تورکیا و بونه‌ قوربانی ژماره‌یه‌ک هاووڵاتیانی سڤیل .

شایانی باسە گرووپی دۆستایەتی کوردستان لە پەرلەمانی  بەریتانیا ساڵانە شاندێکیان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات  و دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ساز دەکات بەمەبەستی بەدواداچوون بە دوایین پێشهات و ڕووداوەکان لە هەرێم و عیراق و ناوچەکە. بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا ئەمساڵ ڕێگربوو له‌ ئه‌نجامدانی سه‌ردانی گروپی دۆستایه‌تی، بەڵام هاوکات دۆخی ئێستای جیهان بە هۆی نەخۆشی کۆڕۆناوە ڕێگر نەبوو لەبەردەم هەوڵەکانی ئەو په‌رله‌مانتارانەی دۆست لە به‌رده‌وامبوونی پشتگیری و پاڵپشتیان بۆ هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانیان بۆ بەدواداچوونی بارودۆخی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش گرووپەکە لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە دیدار لەگەڵ حکومەت و پەرلەمان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ساز دەکەن.

شایانی باسە خەسرۆ ئاژگەیی بەڕێوەبەری کاروباری سیاسی و میدیا و هەوار حەسەن بەڕێوەبەری بەشی کەلتور و پەروەردە لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا بەشداری دیدارەکە بوون.

٢١  ته‌موزی ٢٠٢٠