سەرۆكی هەرێمی كوردستان دۆخی عیراق لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا تاوتوێ دەكات

دەربارەی ئەو ناكۆكییانەی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا هاتووەتە ئاراوە، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك نابێتە بەشێك لە كێشەكان، بەڵكوو دەبێتە هاوبەشی چارەسەر و لە پشتگیری بۆ سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی لە وڵات، بەردەوام دەبێت.

ئەم وتانەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە میانی دیداریدا لەگەڵ بەڕێز مایك برایسۆن ڕیچاردسۆن باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق هاتن كە ئەمڕۆ 2012/11/28 لە هەولێر بەڕێوە چوو.

لە دیدارەكەدا هەروەها برەودان بە پەیوەندییەكانی بەریتانیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا، هەڕەشەكانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەی داعش، گرنگیی پتەوكردنی میكانیزمی هاریكاریی هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق و پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، تاوتوێ كران.

هەردوولا جەختیان لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان و بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش كردەوە و هاوڕا بوون كە پێویستە لایەنە عیراقییەكان بگەنە ڕێككەوتن و حكوومەتێكی عیراقی دابمەزرێت كە بتوانێت سەقامگیریی سیاسی بپارێزێت و داواكاریی هاووڵاتیان لە ئارامی و سەقامگیری و ژیانێكی باشتر و خزمەتگوزاری، ڕەچاو بكات.

هەوڵ و هەنگاوەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەگە و ڕێكخستنەوەی پێشمەرگە، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو. تیایدا جەخت لە بەردەوامیی بەردواداچوون و پشتگیریی بەریتانیا بۆ پرۆسەكە و سەركەوتنی كرایەوە.

تاوتوێكردنی دۆخ و پێشهاتەكانی ناوچەكە بەگشتی و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.