سه‌رۆکی کۆمه‌ڵی دادگه‌ری کوردستان له‌گه‌ڵ دێسکی عێراق و هه‌رێمی کوردستان له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی به‌ریتانیا کۆبۆوه‌

مامۆستا عه‌لی باپیر و شاندی یاوه‌ری به‌هاوڕێیه‌تی کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی به‌ریتانیای کرد و له‌لایه‌ن خاتوو لۆرا دکس سه‌رۆکی دیسکی عێراق و خاتوو ئۆلیڤیا مێرفی به‌رپرسی به‌شی هه‌رێمی کوردستان به‌گه‌رمی پێشوازییان لێکرا.

له‌ دیدارێکی دۆستانه‌دا سه‌رۆکی کۆمه‌ڵی دادگه‌ری کوردستان باسێکی له‌سه‌ر پارته‌که‌یان و ئه‌نجامدانی کۆنگه‌ره‌ و ئه‌وگۆڕانکارییانه‌ی ئه‌نجامیانداوه‌ له‌ پێکهاته‌ی پارته‌که‌یان پێشکه‌ش کرد و هاوکات ئاماژه‌ی به‌ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی و ئامانجی کۆمه‌ڵی دادگه‌ری کوردستان وه‌ک پارتێکی ئۆپۆزیسۆن دا، پاشان تیشکی خسته‌ سه‌ر دیمه‌نی سیاسی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و قه‌یراناکان و په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان به‌غداد/هه‌ولێر و ڕۆڵی به‌ریتانیاییه‌کان له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و ئارامی ناوچه‌که‌.

هاوکات باس له‌ ڕۆڵی هاوپه‌یمانان و ستراتیجی گونجا و هاوسه‌نگ له‌ هاوکاری عێراق و هه‌رێمی کوردستان و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر دۆخی ئاسایش و سه‌قامگیری  کران و له‌وڕووه‌وه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر داوای له‌ لایه‌نی به‌ریتانی کرد که‌ هاوکاری پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و هه‌رێمی کوردستان بن بۆ چاره‌سه‌ڕکردنی هه‌ندێک باریی لار.

هه‌ر له‌دیداره‌که‌دا سه‌رۆکی کۆمه‌ڵی دادگه‌ری کوردستان تیشکی خسته‌ سه‌ر هه‌ڵبژارنی پێشوه‌خته‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق که‌ بڕیاره‌ مانگی تشرینی یه‌که‌م ئه‌نجامبرێت و ڕایگه‌یاند که‌ هه‌ڵبژارن هه‌میشه‌ پاک نییه‌ بۆیه‌ له‌عێراق و نسبه‌ی به‌شداری له‌دابه‌زین بووه‌ و مسداقییه‌تی که‌مبۆته‌وه‌، بۆیه‌ گرینگه‌ به‌ریتانیا و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌كان چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن له‌ ته‌واوی عێراق بۆ پێدانی دڵنه‌وایی به‌ده‌نگده‌ر که‌ ماف و ده‌نگی نافه‌وتێت

ته‌وه‌رێکی تری دیداره‌که‌ باسکردنی پرسی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی کوردستان بوو، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵی دادگه‌ری کوردستان جه‌ختی له‌جێبه‌جێکردنی ماده‌ی ١٤٠ ده‌ستووری عێراق کردوه‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هانی به‌ریتانییه‌کانی دا وه‌ک دۆستێکی له‌مێژینه‌ی کورد که‌ هاوکاربن بۆ جێبه‌جێکردنی ماده‌که‌ و چاره‌سه‌رکردنی ناکۆکییه‌کان.

له‌به‌رامبه‌ردا خاتوو لۆرا خۆشحاڵی ده‌ربڕی به‌سه‌ردانه‌که‌ و په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌ریتانیا و هه‌رێمی کوردستانی به‌ گرینگ وه‌سف کرد و ڕایگه‌یاند که‌ هه‌میشه‌ چاودێری دۆخی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن و ڕایگه‌یاند که‌ پشتیوانی بڕیاری نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانن بۆ ئه‌رکی چاودێریکردنی هه‌ڵبژاردنه‌کانی مانگی تشرینی یه‌که‌می ئه‌مساڵ و هیواخوازن که‌له‌کاتتی خۆیدا بکرێت.

له‌کۆتایی دیداره‌که‌دا جه‌ختکرایه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامی هاوکاری و پشتیوانییه‌کانی به‌ریتانیا بۆ عێراق و هه‌رێمی کوردستان.‌

٣ حوزه‌یران ٢٠٢١