سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ كونسول و نوێنه‌رانى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه

 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونى به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك و به‌رپرسى فه‌رمانگه‌ى په‌يوه‌ندييه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان‌، له‌گه‌ڵ كونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى يه‌كێتیى ئه‌ورووپا له‌ هه‌رێمى كوردستان كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى باسێكى ده‌رباره‌ى دۆخى گشتيى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، ته‌حه‌دييه‌كانى به‌رده‌م هه‌رێمى كوردستان و عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته‌كانى، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش، تێپه‌ڕاندنى دۆخى سه‌ختى ئابوورى و دارايى و پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌ش كرد.

به‌ڕێزيان سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی دژی داعشدا به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئه‌مه‌ریکا پشتگيرييان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ و ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها يارمه‌تيى مرۆيييان پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كردو‌وه‌، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆناش، هاوكاريى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى هه‌روه‌ها سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ پرۆسه‌ى چاكسازيدا هاوكارى ده‌كه‌ن و جه‌ختى له‌ به‌رده‌واميى پرۆسه‌كه‌ كرده‌وه‌‌ و هاوكارى و يارمه‌تيى وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌ورووپاى له‌مباره‌يه‌وه‌ به‌ پێويست و گرنگ زانى.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى وێڕاى دووپاتكردنه‌وه‌ى پشتگيريى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكوومه‌تى به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زيران مسته‌فا كازمى، جه‌ختى له‌ خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌يه‌ك ماف و شايسته‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستبه‌ر بكرێن و سيسته‌مى فيدراڵى وه‌ك له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌ جێبه‌جێ بكرێت، چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و هاوبه‌شى و به‌شداريى پێكهاته‌كانى عێراقيشى له‌ پرۆسه‌ى سياسى و به‌ڕێوه‌بردنى وڵاتدا، به‌ فاكته‌رى سه‌قامگيريى وڵات له‌ قه‌ڵه‌م دا.

به‌ڕێزيان جه‌ختى له‌وه‌ كردوه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ به‌ فاكته‌رێكى سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ ده‌مێنێتـه‌وه‌ و خوازيارى بره‌ودانه‌‌ به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزگرتن و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، ڕوونيشى كرده‌وه‌ كه‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ كۆمارى ئيسلاميى ئێران و كۆمارى توركيا باشن و قه‌باره‌يه‌كى گه‌وره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى و چالاكيى ئابوورى له‌گه‌ڵياندا هه‌يه‌.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش كرد و جه‌ختى له‌ پێويستيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و گرنگيى هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق به‌تايبه‌تى له‌ سنوورى ناوچه‌كانى مادده‌ى (140) كرده‌وه‌.

به‌ڕێزان كونسول و نوێنه‌رانى وڵاتانى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا چه‌ندين پرسياريان ده‌رباره‌ى ته‌وه‌ركانى كۆبوونه‌وه‌كه‌‌، گفتوگۆى ستراتيژيى ئه‌مه‌ريكا ـ عێراق و سه‌ردان و ديداره‌كانى ئه‌م دواييه‌ى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌ به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ و چه‌ند پرسێكى په‌يوه‌ست به‌ دۆخى ناوچه‌كه‌وه‌‌ ئاراسته‌ى به‌ڕێزيان كرد و خۆشحاڵييان به‌ كاركردن و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كانيان به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانيان له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانن.

له‌ وه‌ڵامدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ سياسه‌ت و تێڕوانينى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى پاراستنى سه‌قامگيرى و گفتوگۆ و هاوبه‌شى و پێكه‌وه‌ كاركردن بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌يرانه‌كان و يارمه‌تيدانى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاسووده‌يان بۆ شوێنه‌كانيان كرده‌وه‌.