زانیاری نوێ سەبارەت بە گه‌شت و ڤیزه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان

ئاگاداری هاونیشتیمانیانی بەڕێزی ڕەوەندی کوردستانی لە بەریتانیا دەکەینەوە کەوا بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆڕۆنا و ڕێکارە نوێکانی حکومەت، بە پێویستی دەزانین ئەو ڕوونکردنەوانە سەبارەت بە گەشتکردنی بۆ هەرێمی کوردستان و داواکردنی ڤیزە بخەینە ڕوو:

  • گەشتکردن بۆ هەرێمی کوردستان
  • بە پێی ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەنها هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عیراق کە دانیشتووی بەریتانیان ڕێگەیان پێدەدرێت لە خاڵە سنورییەکانەوە بێنە ناو هەرێمی کوردستان، بە مەرجێك پشکنینی کۆڕۆنایان پێبێت کە کاتەکەی لە ٧٢ سەعات زیاتر نەبیت. (بۆ هه‌موو ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی ١٠ ساڵە).
  • لە دوای گەیشتن بۆ هەرێمی کوردستان ماوەی دوو هەفتە کەڕەنتینە دەکرێن لە شوێنی تایبەتی دیاریکراودا له‌سه‌ر ئه‌رکی هاووڵاتی خۆی.
  • حکومەتی بەریتانیا ڕێکاری توندی خستۆتە سەر گەشتکردن بۆ دەرەوەی ووڵات، بۆیە پێویستە هەماهەنگی بکەن لەگەڵ هێڵە ئاسمانییەکان بەر لە کڕینی بلیت بۆ زانیاری وەرگرتن سەبارەت بە ڕێکارەکان و داواکاریەکانیان بۆ گەشتکردن بۆ هەرێمی کوردستان.
  • پێویستە بەڵگەنامەیەکی عیراقیتان پێبێت لە‌کاتی گه‌شت کردن له‌ فڕۆکەخانەکانی بەریتانیا بۆ ئەوەی ڕێگەتان پێبدرێت گه‌شت بکه‌ن.
  • سەبارەت بەو بەریتانیانەی کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، یان ژیان بەسەر دەبەن، پێویستە بەڵگەنامەی تایبەت بە نشینگە یان کارکردنیان لە کوردستان پێبێت بۆ ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت گەشتەکەیان ئەنجام بدەن و بێنە ناو هەرێمی کوردستان.
  • ڤیزەی ئەلەکترۆنی:
  • داواکردنی ڤیزەی ئەلەکترۆنی لە ڕێگای پۆستەوە دەبێت لە دوای ئەوەی فۆڕمی تایبەت بە داواکارییەکە لەو گرتەیە دادەبەزێنن و پڕی دەکەنەوە، وە لەگەڵ وێنەیەکی ڕەنگاورەنگی (تڕاڤل دۆکیومەنت) و وێنەیەکی کەسی قەبارەی پاسەپۆڕت بە پۆست بۆمان ڕەوانە دەکەن. ڤیزە ئەلەکترۆنیەکانتان بە ئیمێڵ بۆ ڕەوانە دەکرێتەوە.
  • بە پێی ڕێنماییە نوێکانەوە، تێچوی داواکردنی ڤیزەی ئەلەکرۆنی ٦٠ پاوەندی ئیستەرلینیە. ئەو برە پارەیە دەتوانن لەگەڵ بەڵگەنامە داواکراوەکانی (أ ، ب) بە پۆستی تۆمارکراو بۆمان ڕەوانە بکەن. 
  • بە پێی ڕێنماییەکانی ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، گه‌شته‌کانی سنووردارکردووه‌ بۆ هه‌رێمی کوردستان و به‌تایبه‌تیش له‌ ووڵاتی به‌ریتانیاوه‌ که‌ گه‌شتکردن زۆر سنوورداره‌.
  • هه‌رچه‌نده‌ داواکاری ڤیزه‌ی ئه‌له‌کترۆنی ڕانه‌گیراوه‌، به‌ڵام سەبارەت بە هاووڵاتیانی کوردی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە بەریتانیا دەژین و (تراڤڵ دۆکیومەنتیان) هەیە به‌نیازن گه‌شتی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن، به‌پێویستی ده‌زانین که‌ ئامۆژگاریتان بکه‌ین که‌ گه‌شتی ئاسایی بۆ هه‌رێمی کوردستان ڕاگیراوه‌ ، بۆیه‌ تکایه‌ به‌رنامه‌ی گه‌شت دامه‌نێن و داواکاری ڤیزه‌ پیشکه‌ش مه‌که‌ن، چونکه‌ له‌کاتی ئێستادا به‌داخه‌وه‌ ناتوانن گەشت بکەن بۆ هەرێمی کوردستان تا ڕێنمایی تازە لەسەر ئەو بابەتە دەردەچێت.
  1. بۆ زانیاری زیاتر تکایە لە ڕێگای ژمارە تەلەفۆنی 02039279870 یان به‌ ئیمێڵ uk@gov.krd پەیوەندیمان لەگەڵدا بکەن. هاوکات ئەپدەیت لە ماڵپەڕی نوێنەرایەتی و هەژماری فەیسبوکی نوێنەرایەتی کە لە خوارەوەن دەست دەکەوێت.

ماڵپەڕی نوێنەرایەتی:  www.uk.gov.krd

هەژماری فەیسبوك:  https://www.facebook.com/KRGInLondon

داواکارین لە هەموو لایەك پابەندی ڕێنماییەکان و ڕێکارەکان بن و هیوای لەش ساخی و سەلامەتی بۆ هەموو لایەك دەخوازین.

لەگەڵ ڕێزماندا

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا

١٢/١/٢٠٢١