روونکردنەوەیەک لە نوێنه‌رایه‌تی حکومەتی هه‌رێم سەبارەت بەگردبوونەوەى ژمارەیەک لە کوردستانیانى بەریتانیاو راپۆرتى چەواشەکارى کەناڵێکى راگەیاندن

بەریتانیا وەک وڵاتێکى زلهێزو پێشکەوتوو لەسەرانسەرى دونیا پەنابەر رووى تێدەکەن و داواى مافى پەنابەرى و مانەوە دەکەن. وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیا بۆ چۆنێتی مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ پرسی کۆچ و داواکاری مافی په‌نابه‌ری له‌ به‌ریتانیا له‌سه‌ر بنه‌مای رەوشى ژیان و مەترسیەکان و شەڕو مافی مرۆڤ و چاودێرى تەندروستى، راپۆرت ئاماده‌ ده‌کات به‌ ناوی (زانیاری و سیاسەتى ووڵات).

ئه‌م راپۆرتانە بۆ به‌رده‌ستی بڕیارده‌رانی وه‌زاره‌تی ناوخۆیه‌ بۆ چۆنییەتى مامه‌ڵه‌ کردن له‌گه‌ڵ که‌یسه‌کانی په‌نابه‌ریدا، به‌مه‌به‌ستی به‌رچاوڕوونیان له‌سه‌ر کێشەو گرفتى ووڵاتانی سه‌رچاوه‌، که‌ ئه‌مه‌ش هاوکار ده‌بێت بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر که‌یس و داواکارییه‌کانی په‌نابه‌ران.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیا ساڵانە له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ووڵاتانه‌ی که‌ هاووڵاتیه‌کانی کۆچ ده‌که‌ن بۆ به‌ریتانیا و داوای په‌نابه‌ری ده‌که‌ن راپۆرتى تایبه‌ت ئاماده‌ دەکات و به‌پێی ڕوداوه‌کان دۆکۆمێنته‌کان نوێده‌کاته‌وه‌و هەمیشە لەسەر ماڵپەرى فەرمى خۆیان دانراوە.

ئه‌م راپۆرتەی ئێستا له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان شتێکى‌ نوێ نییه‌ و زۆر ده‌مێکه‌ له‌به‌ر ده‌سته‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به‌تێڕوانین و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا نییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی کوردستان.

دۆکۆمێنته‌که‌ ٦٤ لاپه‌ڕه‌یه‌و پێکدێت له‌ زانیارییه‌کان له‌سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و هه‌ڵسه‌نگاندنیان که له‌لایه‌ن (گروپی ڕاوێژکاری سه‌ربه‌خۆ) ئاماده‌ ده‌کرێت به‌پێی پەیڕەوو  بنه‌ماکانی وڵاتى خۆیان.

هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ی که‌ له‌ راپۆرتەکەدا هه‌یه‌، ئه‌و زانیاریانه‌ن که‌‌ له‌ میدیاکان یان ڕاپۆرتی ناوه‌نده‌کانی هیزرى بڵاوکراوه‌ته‌وه، واته‌ زانیاری نهێنی له‌خۆناگرێت.

راپۆرتە‌که‌ زانیاری لەسەر عیراق و هەرێمى کوردستان له‌خۆده‌گرێت، سیستمی سیاسی، پارته‌ سیاسییه‌کان، ململانێکانیان، شه‌ڕی ناوخۆ، دۆخی ئابووری، کاریگه‌رییه‌کانی ووڵاتانی دراوسێ، میدیا و ئازادییه‌کان، گرفته‌کانی به‌غداد و  هه‌رێم و ناوچه‌ ناکۆکه‌کان، هاوکات ئاین و زمان و دیمۆگرافی ناوچه‌که‌ و ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی پارته‌ سیاسییه‌کان یه‌کێتی و پارتی و گۆڕان.

راپۆرتەکە له‌  مانگی حوزه‌یرانی ٢٠٢١ نوێکراوه‌ته‌وه‌ و باسى خۆپیشاندانه‌کانی ساڵی ٢٠٢٠ و سیاسەتى حکومەتى هەرێم لەمەڕ پرسەکان و شێوازى مامەڵە کردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن و گیراوانی بادینان دەکات.

گروپی ڕاوێژکاری سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ زانیارییه‌کان کردووه‌ و له‌سه‌ر هه‌موو پێشێلکارییه‌کان که‌ له‌ ڕاپۆرته‌کاندا هاتووه‌ تایبه‌ت به ڕۆژنامه‌نوسان و به‌کارهێنانی هێز له‌ دژی خۆپیشانده‌ران و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی کاری سیاسی ده‌ڵێن ( هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نییه‌ که‌ پیشانی بدات که‌ توندوتیژییه‌کان دژى خۆپیشاندەران بە پلان و بەرنامە بۆ داڕێژراوبن)

جێگەى سەرنجە چەند مانگێک دواى نوێکردنەوەى راپۆرتەکە، ژماره‌یەک‌ هاووڵاتی هه‌رێمی کوردستان دانیشتووی له‌نده‌ن لە یه‌که‌م ڕۆژی جه‌ژنی قوربان گردبوونەوەیەکیان بۆ به‌رده‌م نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا ئەنجامدا به‌ بیانووی پشگیریکردن له‌و ڕاپۆرته‌ی که‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیا ده‌ری کردووه‌، ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی که‌ خۆپیشاندانیان کرد‌، هیچ زانیاریان لەسەر ڕاپۆرته‌که‌ نەبوو،  ئامانجیشیان لەم گردبوونەوەیەو هێرشکردنە سەر حکومەتى هەرێمى کوردستان بەهێزکردنى کەیسەکانى خۆیان بوو بۆ مافى پەنابەرى.

بەداخەوە خۆپیشاندانه‌که‌ له‌لایه‌ن که‌ناڵی ئێن ئاڕ تی به‌شێوەیەکى ناپیشه‌ییانه‌ و چه‌واشه‌کارانه‌ و دوور له‌ ئیتکی کارى ڕۆژنامه‌وانی رووماڵکراوه‌ که‌ له‌ ئامانج و مه‌به‌ستی ڕاپۆرته‌که‌ نه‌گه‌یشتوون و ده‌یانه‌وێت ڕای گشتی واتێبگه‌یه‌نن که‌ ڕاپۆرته‌که ‌بریتییه‌ له‌ تێڕوانین و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا به‌رامبه‌ر هه‌رێمی کوردستان.

ئێمە هیچ کات ناخوازین هاوڵاتیانى خۆمان بەلاڕێدا ببەین و راستیەکانیان لێ بشارینەوە جا چ لە ناوەوە یان لە دەرەوەى هەرێمى کوردستانبن. هەموو کاتێکیش هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستانمان بە هاوڵاتى خۆمان زانیوەو هەر تاکێک لە کوردستانیانى دەرەوە کارى لە نوێنەرایەتییەکانى حکومەت هەبووبێت بەوپەڕى رێزەوە کارەکەى بۆ ئەنجامدراوە.

نوێنه‌رایه‌تی حکومەتی هه‌رێم له‌ به‌ریتانیا