دیدارێکی ڕۆژنامەوانی کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لەگەڵ ماڵپەڕی BRAND KURDISTAN Region of Iraq (brandkri.com)

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لە چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەوانیەکەدا تیشکی خستۆته‌ سه‌ر کاره‌ له‌پێشینه‌کانی نوێنه‌رایه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم بۆ زیاتر بره‌ودان به‌ پەیوەندیە دووقۆڵی و مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیای.

پرسیار: ئایا کاره‌ له‌پێشینه‌ و سەرەکیەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا چین بۆ زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندیە دووقۆڵیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا بۆ ساڵی ٢٠٢٠؟

وەڵامی نوێنەری حکومەتی هەرێم:

پەیوەندی تایبەت و مێژوویی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا مێژووین و ڕه‌گی داچه‌قیوه‌ . پێویستە بە بەردەوامی گه‌شه‌یپێبدرێت و جەخت لەسەر بەهاو و بەرژەوەندیە هاوبەشەکان بکرێتەوە لە هەموو بوارەکاندا، لە نێوانیشیاندا مافەکانی مرۆڤ، دیموکراسی، ئاسایش و هەماهەنگی کرداره‌کی بەردەوام. ئێمە زۆر شتی هاوبەشمان هه‌یه‌ لەگەڵ یەکدا.

کورد و کوردستان به‌شدارییه‌کی یەکجار گەورە‌ی هه‌یه‌ لە ئاسایش وه‌ سەقامگیری سیاسی و ئابوری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا به‌شێوه‌یه‌کی گشتی. زۆر گرینگە که‌ دڵنیابینه‌وه‌ له‌وه‌ی که‌ نیگه‌رانییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان ببیسترێن لە لایەن دامه‌زراوه‌ بەریتانیاییه‌کان، کاربەدەستانی ووڵات، هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی پەرلەمان و لۆردەکان وه‌هه‌روه‌ها هاووڵاتیانی بەریتانیایی  کە لە زۆربەی کاتەکاندا هاوسۆزبوون له‌گه‌ڵ ئاواته‌کانی گەلی کورد.

گرووپی پەرلەمانتارانی هەموو پارتەکانی بەریتانیا بۆ پشتگیریکردن لە هەرێمی کوردستان APPG له‌ ده‌یه‌ی ڕابردوودا زۆر چالاکبوون وه‌ ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتار و لۆردیان بردۆتە کوردستان بۆ ئەوەی به‌چاووی خۆیان پێشکەوتنەکانی هەرێم ببینن و هاوکات بۆ ئەوەی بتوانن له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ گفتووگۆ و کار له‌سه‌ر پەیوەندیەکی دولایه‌نه‌ی باشتر ئه‌نجامبده‌ن لەسەر بنەمای زۆرێک له‌ بەرژەوەندییه‌ هاوبەشه‌کان.

نوێنه‌رایه‌تییه‌که‌مان بێوچان کارده‌کات بۆ دروستکردنی په‌یوه‌ندی زیاتر له‌ نێوان گه‌لی کوردستان و به‌ریتانیا له‌ ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندی حکومه‌ت-و-حکومه‌ت، په‌یوه‌ندی په‌روه‌رده‌‌یی و زانستی هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌کانی که‌لتووری. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستان و خاوه‌ندکاران کارده‌که‌ێن بۆ فراوانکردی  پانتایییه‌کانی  به‌رژه‌وه‌ندی  له‌نیوان هه‌رێمی کوردستان و به‌ریتانیا.

یەکێك لە کاره‌ له‌پێشینه‌کانمان بۆ ساڵی ٢٠٢٠، ژیاندنەوەی پەیوەندیە ئابوریەکانه‌ که‌ لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا دووچاری چەندین تەحەدیات ببوینه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، هەروەها زیاتر بەهێزکردنی بازرگانی و وەبەرهێنان لەگەڵ بەریتانیا. ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانیانه‌ له‌ چه‌قی هه‌وڵه‌کانمان ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوولامان سوود له‌و ده‌رفه‌ت و کارانه‌ ببینین که‌ بازرگانی و وه‌به‌رهێنان درووستی ده‌که‌ن. له‌ به‌رامبه‌ریشدا، گه‌شه‌ی په‌یوه‌ندی ئابووری بشتبه‌ستووه‌ به‌ ئاسایش و ئارامی که‌ ژینگه‌یه‌کی له‌بار درووستده‌کات بۆ بوژانه‌وه‌، حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌به‌رهێنانی زۆری کردووه‌ له‌ دابینکردن و به‌هێزکردنی ئاسایش له‌ کوردستان.

خواستێکی به‌هێزی ترمان، هاندانی به‌ستنه‌وه‌ی ئاسمانی ڕاستەوخۆی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیایە وه‌ له‌لایه‌ن هێڵی ئاسمانی به‌ریتانیایی ئه‌نجامبدرێت یان هه‌ر هێڵێکی تری به‌ریتانیایی بێت، ئێمه‌ ئه‌مانه‌وێت گه‌شتیاری زیاتری به‌ریتانیایی ببینین سه‌ردانی شاره‌ جوانه‌کانمان و گونده‌کانمان بکه‌ن له‌ هه‌رێمی کوردستان، وه‌ دڵنیام که‌ سه‌رسامده‌بن به‌وه‌ی ده‌یبینن، ئه‌مه‌ش بونیاتنانی پشتیوانییه‌کی تر ده‌بێت بۆمان.

پرسیار: کام لە سێکتەرە ئابوریەکانی هەرێمی کوردستان باشترینیانن لەبەردەم پیاوانی کاری بەریتانیا؟ پەیامی سەرەکیت چیە بۆ کۆمەڵگای ئابوری لە بەریتانیا؟

وەڵامی نوێنەری حکومەت:

هەرێمی کوردستان به‌ بازاڕێکی پێگەیشتووە ده‌مێنێته‌وه‌، هەلی بازرگانی و وەبەرهێنان پیشکه‌ش به‌ سێکتەرە جیاجیاکان ده‌کات. لەبەر ئەوەشە حکومەتی هەرێمی کوردستان هه‌وڵ و ڕه‌نجێکی زۆری داوه‌ بۆ سەرنجڕاکێشانی وەبەرهێنەرە بەریتانیاکان، وە ئێمە دلخۆشین بە بوونی زیاتر لە ١٤٠ کۆمپانیای بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان.

گەشەپێدانی کەرتی نەوت و گاز گرینگ بوو لە دەیەی ڕابردوودا، بەڵام سیاسەتی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان دوورکەوتنەوەیە لە پشت بەستنی تەواو بە داهاتەکانی کەرتی ووزە. فره‌سه‌رچاوه‌کردنی داهاتی ئابوری زەڕورەتێکی گرینگە بۆ گەشەسەندنی درێژخایه‌ن و به‌رده‌وامی ئابوری هەرێم و لایەنێکی سه‌ره‌کی ستراتیجی ئابوری و کۆمەڵایەتی حکومەتەکەمانە. لەبەر ئەوەشە حکومەتی هەرێم بوارەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری وه‌ک ئەولەویاتەکانی وەبەرهێنان ڕاگه‌یاندووه‌، کە کۆمپانیا بەریتانیاکان دەتوانن هەلی باشی تیادا ببیننەوە.

ناتوانرێت ئابوری و سیاسەت لە ئاسایش و سەقامگیری جیا بکرێتەوە کە هۆکاری گرینگن بۆ سه‌قامگیری ئابوری. پەیامی سەرەکیم ئەوەیە کەوا ئێمە ئاسایش و سەقامگیری دابین دەکەین لەگەڵ چاکسازی جه‌وهه‌ری له‌ هه‌رێمی کوردستان بۆ هاندان و دڵنەوایی کردنی وەبەرهێنەرە بیانیەکان، کە لە دەرئەنجامدا هەرێمی کوردستان ده‌کاته ناوچه‌یه‌کی گرینگ و سه‌ره‌کی وەبەرهێنان. لێرە‌وه‌ داوا لە خاوه‌نکارو کۆمپانیا و هاووڵاتیان ده‌که‌م کە بە بایەخەوە بڕواننه‌ ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی پێشکه‌شی ده‌که‌ین و هه‌له‌کانی ئابووری و بازرگانی ببینن.

٢٣ کانوونی یه‌که‌می ٢٠١٩