بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەت پێشوازی ڕێکخراوی (هاوبەشانى حوکمڕانى جیهانى) بەریتانى کرد

شاندێکی (هاوبەشانى حوکمڕانى جیهانى) بەریتانى تایبەت بە پرسی بەڕێوەبردن و بەرەوپێشبردنی سیاسەتی دەرەکی حکومەت لەسەر ئاستی جیهانی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی مێگ مون، یاریدەدەر لە ڕێکخراوی ناوبراو لەگەڵ هەریەکە لە بەڕێزان د. سو گریفیث، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و زافران ئیقبال، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پڕۆژەکان سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەیان کرد و لەگەڵ بەڕێز سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکە، هەردوولا گفتوگۆیان کرد دەربارەی گرینگی بەرەوپێشبردنی کوالیتی سیاسەتی دەرەکی حکومەت لەسەر ئاستی جیهانی و بەهێزکردنی دام و دەزگاکاکانی حکومەت و گێڕانی ڕۆڵی دیموکراسیانە لە پێشهات و پرسە سیاسیەکاندا.

شاندی (هاوبەشانى حوکمڕانى جیهانى) بەریتانى باسیان لە پڕۆژەی داهاتوویان کرد لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دام و دەزگاکانی حکومەت لە پێناو پێشخستنی پرسی ئاشتیانە لە بواری سیاسەتی بەڕێوەبردنی حکومەت و چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی قەیران و پێشهاتەکان.

سەفین دزەیی و خاتوو مێگ مون هاوڕابوون لەسەر پتەوکردنی هەماهەنگیەکانی نێوانیان لە ڕێگای پڕۆژەى جیاجیا لە ناوچەکە وە سوود وەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی رێکخراوى ناوبراو.