به‌رپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی لیژنه‌ی به‌رگری په‌رله‌مانی به‌ریتانیا کۆبووەوە

بەڕێز سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز تۆبایس ئێلوود، په‌رله‌مانتاری پارتی پارێزگاران و سه‌رۆکی لیژنه‌ی به‌رگری له‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسەوە کۆبووەوە.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی بەڕێز کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بەڕێوەچوو بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ و گرینگترین پێشهات و ڕووداوەکانی ئەم دوواییە لە هه‌رێمی کوردستان و عێراق و ناوچه‌که‌ بە گشتی.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت پوختەیەکی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بە ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید١٩)، هەنگاو و پلانەکانی حکومەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کۆنتڕۆڵکردن و پێداویستییەکانی هەرێم لەم ڕووەوە پێشکەشکرد. دواتر تیشکی خستەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ڕۆڵی هەرێم له‌ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان و ئارامی ناوچه‌که‌.

هاوکات باس له‌ ڕۆڵی هاوپه‌یمانان و ستراتیژی گونجاو و هاوسه‌نگ بۆ هاوکاریکردنی هه‌رێمی کوردستان و عێراق و پاراستنی دۆخی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە کرا.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت ستایشی ڕۆڵی به‌ریتانیا و به‌ڕێز تۆبایس ئێڵوودی کرد بۆ هاوکاری و پشتیوانی به‌رده‌وامیان وه‌ک دۆستێکی کورد چ له‌ پێگه‌ی ئێستا‌ی چ له‌ پێگه‌ی پێشووتر وه‌ک وه‌زیری ده‌وڵه‌ت له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری.

له‌به‌رامبه‌ردا تۆبایس ئێڵوود په‌یوه‌ندییه‌کانی به‌ریتانیا و هه‌رێمی کوردستانی به‌ گرینگ وه‌سف کرد و ڕایگه‌یاند که‌ هه‌میشه‌ چاودێری دۆخی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن و خواستی خۆی پیشاندا که‌ پاش کۆتایی هاتنی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی به‌رگری سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن.

له‌کۆتایی دیداره‌که‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ به‌رده‌وامی هاوکاری و پشتیوانییه‌کانی هاوپه‌یمانان له‌ نێویشیاندا به‌ریتانیا بۆ هه‌رێمی کوردستان و عێراق کرده‌وه.‌